جیهانی ئیسلامی

ڤیدیۆ.. سەرەڕای دژایەتی کەنیسە لە دورگەیەکی مەسیحی بەریتانیا یەکەمین مزگەوت دروستکرا

سەرەڕای ئەوەی لە سەرەتاوە پێشوازی لە دروستکردنی مزگەوتەکە نەکرا بەڵام موسڵمانانی بەریتانیا بە هاوکاری خێرخوازانی ئەو وڵاتە و خێرخوازانی تر توانییان مزگەوتێک لە ناوجەرگەی دورگەی ئایڵ ئۆڤ لویس یەکەم مزگەوتیان بونیادنا.

دورگەی ئایڵ ئۆڤ لویس سەر بە شارۆچکەی ستۆرنۆوەی-ی سەر بە سکۆلتلاندە و دورگەیەکی مەسیحی نشینە و ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ١٨ هەزار کەس دەبێت کە تەنیا ٨٠ کەسیان موسڵمانن، ئەو مزگەوتەش یەکەمین مزگەوتە کە لە دورگەکەدا لەلایەن موسڵمانانەوە دروستدەکرێت.

ئەیشام ڕەشید بونیادنەری مزگەوتەکە بە کەناڵی ئای تیڤی نیوزی ڕاگەیاند “کاتێک تەوقەم لەگەڵ خەڵکی دەکرد، دڵخۆش نەبوون و ڕوویان وەردەگێڕا لێم”، ڕەشید لە درێژەی قسەکانیدا ووتی “بەڵام ئێستا لەڕاستیادا ئەوان خۆیان دێنە بەر دەرگای مزگەوتەکە و پارە دەبەخشن بۆ تەواوکردنی مزگەوتەکە! کەسانێک کە مەسیحی و سەرسەخت بوون بەرامبەر مزگەوتەکە ئێستا بەو شێوەیەن”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە کەنیسەی دورگەکە بە تەواوی دژایەتی خۆی بۆ مزگەوتەکە ڕاگەیاندووە، و کەسایەتییەکی مەسیحی دورگەکە بەناوی ڕێڤێرەند گرامی کرایگ وتوویەتی “من کەسایەتییەکی مەسیحیم و باوەڕم وایە کە ئیسلام دینێکی دینێکی ساختەیە، و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ مەسیحیەتدا نایەتەوە، ئیتر من چۆن دەتوانم هانی خەڵک بدەم کە بچن و سەردانی شوێنێکی وا بکەن؟”

دوای ئەو قسانەی کەسایەتییە مەسیحیەکە ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بۆ کەناڵی ئای تیڤی نیوز لەو کەسایەتییە مەسیحیە دەپرسێت “ئێوە چۆن گەیشتن بەو دەرەنجامە لەکاتێکدا ووتتان کە لێکۆڵینەوەتان لە ئیسلام یان لە قورئان نەکردووە؟”

لە وەڵامدا ئەو کەسایەتییە دوای ماوەیەک وەستان ووتی “من بە قوڵی لێکۆڵینەوەم نەکردووە، بەڵام شتانێکی جددیم لەبارەیەوە خوێندووەتەوە، من حەزم لە گفتوگۆ نییە و نامەوێت کارێکی وابکەم کە بڵێم دینەکانمان یەک شتن، چونکە دینەکانمان هەمان دین نین و وتنی ئەوەی کە ئیسلام و مەسیحیەت هەمان شتن خۆخەڵەتاندنە”.

سەرەڕای دژایەتی کەنیسە و کەسایەتیە مەسیحیەکان بەڵام خەڵکێکی زۆر پشتگیری بیرۆکەی دروستکردنی مزگەوتەکە دەکەن، پیاوێکی دانیشتووی دورگەکە ووتی “ئەوان پێویستیان بە هاوکاری ماددی بوو بۆ کڕینی ڕایەخ بۆناو مزگەوتەکە، و ئێمەش چووین و هاوکاری مادییمان کردن”، ئامادەکاری ڕاپۆرت بۆ دڵنیابوونەوە لەو پیاوە مەسیحیەی پرسییەوە “تۆ پارەی خۆتت بەخشی بۆ هاوکاریکردنی مزگەوتەکە؟”، پیاوەکەش لە وەڵامدا دەڵێت “بەڵێ”.

ئافرەتێکی مەسیحیش هەر لەوبارەوە ووتی “چاوەڕێی تەواوبوونی مزگەوتەکەم بۆئەوەی بچم و ببینم کە چی دەکەن و پێم وایە سەردانەکەشم لەسەر کات وەستاوە.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close