كــوردستان

بۆچی تەنها ئیسلامیەکان مۆدێلی سەرکەوتووی حوکمڕانین؟

لە هەموو دونیای ئیسلامیدا تەنها سێ وڵاتی دیموکراتی هەیە کە ئەوانیش مالیزیا و ئەندەنوسیا و تورکیان، هەر سێ وڵاتەکەیش لەلایەن سێ حیزبی ئیسلامیەوە بەرێوەدەبرێن.

بەهەمان شێوە، تەنها ئەم سێ وڵاتەش گەشەی ئابوورییان هەیە و بەبێ بوونی سامانی سروشتی و نەوت، توانیویانە ئاستێکی پێشکەوتووی ژیان بۆ هاوڵاتیانیان دابین بکەن.

پێش گەشتنی ئیسلامیەکان بە دەسەڵات لە وڵاتی مالیزیا ، بەشێکی زۆری وڵاتەکە لەخوار هێڵی هەژارییەوە بوون. لە تورکیاش، تا پێش هاتنی پارتی داد و گەشەپێدانی ئیسلامی، ئابووری تورکیا تەنها پشتی بە گەشت و گوزار دەبەست بەڵام ئێستا تورکیا یەکێکە لە ٢٠ ئابوورییەکەی دونیا و ١٠٠ ملیار دۆلار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیەتی.

هۆکاری سەرکەوتنی مۆدێلی ئیسلامیەکان لە حوکمڕانیدا چیە؟

١- ئیسلامیەکان لە هەر وڵاتێک بن دڵسۆزی وڵاتی خۆیانن. خزمەتکردنی وڵات بە ئەرکی خۆیان دەزانن. ئەگەرچی نەتەوەپەرست نین و ناسیۆنالیست نین بەڵام خزمەتی خەڵک و نیشتیمان بە ئەرکێکی ئایینی دەزانن.
٢-ئیسلامیەکان توانایەکی یەکجار گەورەی مرۆییان هەیە و توانای پڕکردنەوەی تەواوی پێداویستیەکانی بەرێوەبردنیان هەیە.
٣-ئیسلامیەکان مەحسوبیەت و مەنسوبیەتیان نیە و زیاتر ئەو کەسانە دەرۆنە پێشەوە کە توانای ئیدارە و بەرێوەبردنیان هەیە. حزبی بنەماڵە و شارێکی دیاریکراو نین.
٤-ئیسلامیەکان دیدگایەکی ئەخلاقیان هەیە بۆئابووری و پێیان وا نیە کە ئابووری بۆ دوڵەمەندکردنی کەمینەیەک بێت. بەڵکو بروایان بە خۆشگوزەرانی زۆرینە هەیە.
٥- ئیسلامیەکان بە شێوەی دیموکراتی دەرۆنە دەسەڵات و هەمیشە حیساب بۆ دەنگی میللەت دەکەن هەر بۆیە ناچارن کە بەردەوام بە پێشکەشکردنی خزمەت متمانە و دەنگی خەڵك بەدەست بهێنن

ئایا ئیسلامیەکانی کوردستان دەتوانن حوکمرانێکی باش بن؟

ئیسلامیەکانی کوردستان تا ئیستا رێگەیان پێ نەدراوە بەتەنها حکومەتی کوردستان دروستکەن و بەشداریان لە حکومەتەکانی هەرێمدا رەمزی بووە. بەڵام بەهۆی بوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆر پسپۆری خاوەن بروانامە و شارەزایی و دڵسۆزی دەتوانن بەتەنها حکومەتی هەرێمی کوردستان دروستکەن و زۆرترن خزمەتیش بکەن.

گرنگترین هۆکاری ئەمەش ئەوەیە کە رێژەی گەندەڵی لەناو ئیسلامیەکاندا زۆر زۆر کەمترە بەبەراورد بەوانی دیکە. ئەگەرچی حاڵەتی تاک و تەرای گەندەڵیش هەبێت ، بەڵام حیزبە ئیسلامیەکان بەشیوەیەکی سیستماتیک دژی گەندەڵین.

ئیسلامیەکانی کوردستان ئەگەر متمانەیان پێ بکرێت توانای چارەسەرکردنی تەواوی کێشە ئابووری و سیاسیەکانی کوردستانیان هەیە و لەناو هێزە گەورەکانشدا تەنها ئەوان لە پێگەی دەسەڵاتدا تاقی نەکراونەتەوە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە ئیسلامیەکان بەبێ ئەوەش لە دەسەلاتدا بن زۆرترین خزمەتیان کردووە.

ئیسلامیەکان بە سەدان ملیۆن دۆلاریان بۆ مووچەی بێ باوکان و دروستکردنی مزگەوت و نەخٶشخانە هێناوەتە کوردستان لەکاتێکدا پارت  ولایەنە سیاسیەکانی دیکە نەک هەر پرۆژەی لەم جۆرەیان نیە بەڵکو لەسەر موڵک و قوتی گشتی دەوڵەمەند بوون.

پرۆژەی ئیسلامی لە کوردستان پرۆژەی جددی حوکمرانیە و کاتی ئەوەیە دەنگدەرانی کوردستان بەژمارەی گەورە دەنگی خۆیان بە ئیسلامیەکان ببەخشن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close