بیروڕا

بۆچی دەنگدان بە کەسانی دیندار و باشی ناو لیستە عەلمانی و خراپەکان هەڵەیە؟

زۆرجار دەبیستین کەسێک دەڵێت “من دەنگ بە فڵان کەس دەدەەم . فڵان کەس کاندیدێکی دەست پاکە و مێژووی خراپەی نیە و تەنانەت دینداریشە. من ئیشم نیە بە لیستەکەی خۆی شایستەیە”

بەڵام بۆچی ئەم بیرۆکەیە بیرۆکەیەکی هەڵەیە؟

هەڤاڵ محەمەد، چالاکوان و شارەزای یاسا، وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە.

ئەم هەڵبژاردنە بە پێی سیستەمی نمیچە کراوە بەرێوەدەچێت نەک سیستەمی داخراو یان سیستەمی کراوە.

لە سیستەمی داخراودا تۆ تەنها دەنگ بە لیستەکە دەدەیت. دواتر ئەگەر لیستەکە ٥ کورسی هێنا، ئەوە بەپێی ریزبەندی ناوەکان لە یەکەم تا پێنجەم کاندید دەرۆنە پەرلەمان.

لە سیستەمی کراوەیشدا، تۆ تەنها دەنگ بە کاندید دەدەیت. بەو شێوازە لەنێوان دوو کاندیدا کامیان دەنگی زیاتر بهێنێ،  ئەوەیان دەیباتەوە و دەرواتە پەرلەمان.

بەڵام لە سیستەمی نیمچە کراوەدا تۆ هەم دەنگ بە لیستەکە دەدەیت و هەم دەنگیش بە کاندیدەکە دەدەیت. هەر بۆیە لەراستیدا هەر دەنگێک بە کاندیدێک دەدرێت، دەنگێکیشە بۆ لیستەکە.

بۆ نمونە، تۆ دەکرێت بڵێیت مەلا کامەران  لە لیستی گۆڕان پیاوێکی دیندارە و مەلایە و ئەگەر دەنگی بدەمێ دڵنیام دەنگەکەم بۆ دژایەتی ئیسلام بەکارناهێنێ

بەڵام هەڵەی ئەم بۆچوونە لەوەدایە کە نازانێت ئەو دەنگەی بە مەلا کامەرانی دەدات دەنگێکیشە بۆ عەدنان عوسمان کە ئەویش کاندیدی هەمان لیستە لە هەمان پارێزگا. راستە مەلا کامەران دیندارە، بەڵام عەدنان عوسمان کە ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بوو لە لیژنەی نوسینەوەی دەستوور بە ئاشکرا دژی ئەوە بوو کە ئیسلام ببێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی دەستور و ئایینی رەسمی هەرێمی کوردستان.

ئەگەر مەلا کامەران ٥٠ هەزار دەنگ بهێنێ ، ئەوە تەنها ٣٠ هەزار دەنگی پێویستە بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان و ئەو ٢٠ هەزارەی دیکە دەروات بۆ کەسێکی دیکە کە ئەگەری زۆرە یەکێک بێت لەوانەی رێک پێچەوانەی مەلا کامەرانن.

لە هەڵبژاردنی کوردستان ، ١٧٥ هەزار کەس دەنگی بە عەلی حەمەساڵح داوە کە پەرلەمانتارێکی دەستپاک و دیندارە. وە لە رۆژی پەسەندکردنی یاسای قەرزی دەرەکی تاکە پەرلەمانتاری گۆڕان بوو کە لەگەڵ ئیسلامیەکاندا هاتە دەرەوە. بەڵام ئەزانی عەلی حەمەساڵح بەم دەنگانەی ٩ئەندام پەرلەمانی دیکەیشی بردۆتە پەرلەمان؟ ئەو تەنها ٢٠ هەزار دەنگی پێویست بوو بۆ رۆشتنە ناو پەرلەمان و هەمو دەنگانەی دیکەی کەسانێکی دژە دین و دژە ئیسلامی پێ چوویە پەرلەمان. بەڵام لە پەرلەمان گرنگ نیە بەچەند دەنگ رۆشتوویت، لەوێ هەمو ئەندام پەرلەمانێک خاوەنی یەک دەنگە ! هەر بۆیە کە عەلی حەمەساڵح لەگەڵ ئیسلامیەکان بایکۆتی دانیشتنی یاسای سووخواردنی کرد ، ٢٣ ئەندام پەرلەمانەکەی تری گۆڕان لە دانیشتنەکە مانەوە و دەنگیان بە دژایەتی یاسا و شەریعەتی خودادا.

لە ناو گۆڕان و بەرهەم ساڵح و یەکێتی و پارتیش کەسانی دەست پاک و دیندار هەیە بەڵام بەهۆی سیستەمی هەڵبژاردنەوە دەنگدان بەوان تەنها دەنگدان نیە بە کاندیدەکە بەڵکو دەنگدانە بە لیستەکە.

هەر بۆیە بۆ کەسێک کە خەمی شوناسی ئیسلامی و دینی خۆی هەبێت و نەیەوێت بە دەنگەکەی دژایەتی ئیسلام بکرێت و بەنەزانی و هەڵە دەنگەکەی بۆ دژایەتی بیروباوەرەکەی نەقۆزرێتەوە، وا باشترە کە تەنها دەنگ بە لیستێک بدەیت کە هەم کاندیدەکە و هەم لیستەکەش باش بن.

بۆ نمونە،ئەگەر دکتۆر موسەنا ئەمین ٢٠٠ هەزار دەنگ بهێنێ، ئەوە خۆی تەنها ٣٠ هەزار دەنگی پێویستە بەڵام بە دەنگەکانی تر خەڵکانی وەک دکتۆر شێرکۆ جەودەت و دکتۆر فاتیح سەنگاوی و ناسکە تۆفیق و دکتۆر شیروان شەمێرانی دەرۆنە پەرلەمان کە هەر هەموویان هیچیان لە دکتۆر موسەنا کەمتر نیە لە ئازایەتی و دینداری و پسپۆری و توانا و ئەزمونی سیاسەتدا. وە ویژدانت مورتاح ئەبێت کە ئەو دەنگەی داوتە دژ بە دینەکەت و بیروباوەرەکەت بەکارنایەت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close