جیهانی ئیسلامی

فەیسبووک و یوتیوب سانسۆر دەخەنە سەر موسڵمانانی فەلەستین

سەدا سۆشیاڵ کە گروپێکە لەلایەن سێ ڕۆژنامەنوسی فەلەستینییەوە پێکهێنراوە، مەبەست لە پێکهێنانی دۆکیۆمێنتکردنی “ئەو توندوتیژی و پێشێلکاریانەیە کە دژ بە فەلەستینیەکان” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەکو فەیسبووک و یوتیوبەوە دەکرێت، و مەبەستیانە کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئەو تۆڕانەوە بکەن بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی هەندێک لەو پەیج و ئەکاونتانەی کە داخراون.

لەکاتێکدا بەپێی سیاسەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خستنەڕووی بیروڕای سیاسی ناسڕێتەوە و بە پێشێلکاری و توندوتیژی هەژمارناکرێت، بەڵام پۆستی هەندێک کەس بە بیانوی “قسەی ڕق و کیناوی” دەخرێتە بواری توندوتیژی و پێشێلکاری و دەسڕێتەوە.

چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی فەلەستینی و ئەو کەسانەی کە گروپی سەدایان پێکهێناوە دەڵێن، لە سیاسەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دووڕوویی هەیە.

ئەیاد ئەلڕێفایی یەکێک لە دامەزرێنەرانی گروپی سەدا سۆشیاڵ دەڵێت “بۆشاییەکی گەورە لەنێوان فەلەستینی و ئیسرائیلیەکاندا هەیە”، ئەوەشی خستووەتەڕوو کە بیرۆکەی پێکهێنانی گروپەکەشیان بۆ ئەو ناهاوسەنگییە دەگەڕێتەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەدیدەکرێت بەوەی کە لە ڕێگەی سانسۆرخستنەسەر بابەتەکانی پەیوەست بە ئیسرائیل و فەلەستن پەیڕەودەکرێت.

ئەیاد ئەلڕێفایی وتووشیەتی “هیچ بەسەر ئەکاونتی ئەو ئیسرائیلیانەدا نەهاتووە کە داوای کوشتنی فەلەستینیەکان دەکەن، بەڵام ئەگەر فەلەستینیەکان هەر هەواڵێک لەبارەی شتێکەوە بڵاوبکەنەوە کە لەلایەن سەربازێکی ئیسرائیلییەوە ئەنجامدرابێت، ئەوە فەیسبووک لەوانەیە ئەکاونت یان پەیجەکەی دابخات یاخود پۆستەکە بسڕێتەوە”.

بەگوێرەی سەنتەری (حەملە) کە سەنتەرێکی عەرەبییە لە بواری سۆشیاڵ میدیا، ئیسرائیل زیاتر لە ٢٠٠ سکاڵای دژی چالاکانی عەرەب و فەلەستینی تۆمارکردووە، و تۆمەتباریکردوون بە ووروژاندنی خەڵک لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، ئەوەش لەکاتێکدایە کە تاکە سکاڵایەکیش دژی هیچ ئیسرائیلییەک تۆمارنەکراوە.

ئەیاد ئەلڕێفایی پلاتفۆڕمێک بەناوی (قودس نیوز نێتوۆرک) بەڕێوەدەبات کە پشتی بە ٤٠٠ سەرچاوەی ناوخۆی کەرتی ڕۆژئاوا و غەززە و ڕۆژهەڵاتی قودسی داگیرکراو و گەنجانی فەلەستینی بەستووە.

هاوینی ڕابردوو (قودس نێتوۆرک) یەکێک بوو لەو ٣٠ میدیایەی کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی فەلەستینەوە داخرا، بە تۆمەتی ئەوەی کە پلاتفۆڕمەکە پەیوەندی هەیە لەگەڵ بەرە سیاسییەکاندا. جگە لەمە، سێ لە بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری ئەو نێتوۆرکە ئەکاونتەکانیان لەلایەن فەیسبووکەوە بلۆک کرا، پایزی ڕابردووش چەناڵی یوتیوبی نێتوۆرکەکە بە بیانووی پێشێلکردنی سیاسەتی یوتیوب هەڵپەسێردرا، ئەویش لەسەر ڤیدیۆیەک بوو کە تیایدا چەکدارانی حەماس لە ساڵی ٢٠١٤ لە جەنگی غەززەدا نیشاندەدرێن، هێشتاش ئەو چەناڵە دووبارە نەدراوەتەوە بە خاوەنەکانی.

مانگی ٣ی ساڵی ڕابردوو پەیجێک بەناوی فەتح لەسەر ئەوەی وێنەیەکی کۆنی یاسر عەرەفاتی داگرتبوو کە چەکێکی بەدەستەوەبوو، داخرا.

پەیجێکی تر، کە پەیجێکی سیاسیی گاڵتەئامێز بوو، وە ڕەخنەی لە هەردوو دەسەڵاتی ئیسرائیل و فەلەستین دەگرت بە ناوی (Mish Eek) چەندجارێک داخرا و کرایەوە.

ئەیاد ئەلڕێفایی باسی لەوەش کردووە کە لە هەفتەیەکی دوای ڕاگەیاندنی قودس وەکو پایتەختی ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ٦ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، زیاتر لە ٣٠ پێشێلکاریی تۆمارکردووە، کە ڕێژەکە لە مانگی ١٠ی هەمان ساڵدا ١٨ حاڵەت بووە.

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان، بە سەدان فەلەستینی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لەسەر پۆستەکانیان لە فەیسبووک دەستگیرکراون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن بنیامین ناتانیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلەوە بڵاوکرایەوە، مانگی ئەیلولی ٢٠١٦ ئەیلیەت شەیکد وەزیری دادی ئیسرائیل و گیلاد ئێردان وەزیری ئەمنی گشتی ئیسرائییل لەگەڵ شاندێکی فەیسبووکدا کۆبوونەتەوە بە مەبەستی “هەماهەنگیکردن دژی وروژاندنی تیرۆر و کوشتن”.

فەلەستینیەکانیش دەڵێن کە فەیسبووک لەژێر فشاری حکومەتی ئیسرائیلدایە بۆ کپکردنی هەواڵی فەلەستینیەکان. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی وەزارەتی دادی ئیسرائیلیش کە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٧ بڵاویکردووەتەوە هاتووە، کە توانیویانە سەرکەوتووانە ٧٠٪ی ئەو پۆستانە بسڕنەوە کە لە ئینتەرنێتەوە بەرامبەریان بڵاوکراونەتەوە.

فەیسبووکیش ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەو پۆستانە دەسڕێتەوە کە بەگوێرەی یاسای ئەو ناوچانە نایاسایین، یان یاساکانی خۆی (فەیسبووک) دەشکێنن لەناویشیاندا قسەی ڕق و کیناوی بەرامبەر دەستە و گروپێکی دیاریکراو.

ڕەخنەگر و چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیای ئیسرائیلدا ڕوودەدات زۆر جێگای سەرنج نییە لەلایەن حکومەتی ئیسرائیل و فەیسبووکەوە، بەڵام بەگوێرەی سەنتەری (حەملە)، هەموو ٤٦ چرکەیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پۆستێکی نەژادپەرستانە لەلایەن ئیسرائیلیەکانەوە بڵاودەکرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close