جیهانی ئیسلامی

ڕێکخراوێکی ڕاستڕەوی توندڕەوی یۆنان هەڕەشەی کوشتن و سوتاندن لە موسڵمانان دەکەن

وەک سەرچاوە میدیاییەکان ناوی دەبەن “گروپێکی نازی” هەڕەشە لە موسڵمانان و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کۆچبەران دەکەن ئەویش لە پایتەختی یۆناندا.

ئەو ڕێکخراوە کە خۆی بە “کریپتیا” ناساندووە و ڕێکخراوێک یان گروپێکی ڕاستڕەوی توندڕەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەڕەشەی لە کۆچبەرێک کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە بەردەوامن لە هەڕەشەکانیان و لە یەکێک لە هەڕەشەکانیاندا کە لە ئانا ستامۆو لە دەستەی موسڵمانانی یۆنانە وتوویەتی، “ئێمە ئەو گروپەین کە کۆچبەران دەکوژین و دەسوتێنین و ئەشکەنجە دەدەین، بەزۆریش کۆچبەرانی موسڵمان”.

سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو کەسە بە ژمارەیەکی نەناسراو پەیوەندیەکەی کردووە و خۆیی وەکو “کریپتیا” ناساندووە.

هاوکات ئەو کەسە بە شانازییەوە باسی لە هێرشێکیانبۆسەر منداڵێکی ئاوارەی ئەفغانی ١١ ساڵ کردووە، کە پێشتر تەنیا وەکو “ئەمیر” لەلایەن میدیاکانی یۆنانەوە ناسێنرابوو لە مانگی ١١ی ساڵی ڕابردوودا.

ستامۆو بە کەناڵی جەزیرەی وتووە “ئێمە ئەو تەلەفۆنە هەڕەشەئامێزەمان بە بەرپرسان ڕاگەیاندووە، و دواتر بۆمان دەرکەوتووە کە ڕێکخراوگەلێکی زۆری تریش هەمان هەڕەشەیان پێگەیشتووە”.

هاوکات دەستە و گروپەکانی تری کۆمەڵگای مەدەنی لە یۆنان کە نەیانویستووە ناویان بە ئاشکرا بهێنرێت، ئەوەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە هەمان ئەو هەڕەشانەیان لێکراوە.

ستامۆو باسی لەوەش کردووە “ئێمە وەکو دەستە و گروپەکانی کۆمەڵگای مەدەنی، وەکو موسڵمانان و دژە فاشیستەکان ناتۆقێین و ناترسین، تەواوی کۆمەڵگاش بەم جۆرە کردەوانە بە ئامانج کراون. ئێمە هەڕەشە قبوڵ ناکەین”.

ووشەی “کریپتیا” کە ئەو کەسەی تەلەفۆنەکەی کردووە و خۆیی پێ ناساندووە، ئاماژەیە بۆ گروپێکی کۆن بەناوی “سپارتانس” کە ناوبانگێکی خراپیان هەبوو بەوەی کە هێرشیان دەکردە سەر کۆیلەکان.

لە ئەسینای پایتەختی یۆنان نزیکەی ٢٠٠ هەزار موسڵمان هەن، کە بریتین لەوانەی کە هەر لە بنەڕەتەوە موسڵمان بوون و ئەوانەی کە هاتوونەتە سەر دینی ئیسلام، و کۆچبەر و ئاوارەکانیش لەناویاندان.

لە ساڵی ٢٠١٠دا سەنتەری لێکۆڵینەوەی پیوی ئەمریکی ئەوەی خستبووەڕوو کە لە تەواوی وڵاتی یۆناندا ٥٠٠ هەزار موسڵمان هەن، بەڵام لە ئێستادا و دوای لێشاوی کۆچبەر و ئاوارەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقیا ژمارەکە زۆر زیادیکردووە.

تینا ستاڤریناکی کەسێکی یاساییە لە تۆڕی تۆمارکردنی توندوتیژی نەژادپەرستی و وتوویەتی، شتێکی ڕوونە کە “موسڵمانان کراونەتە ئامانج. ئەو گروپە هەمان شت بە هەموو گروپەکانی تر دەڵێن و هەمان هەڕەشەکان دەکەنەوە. ئەوان دەڵێن کە بەرپرسیارن لەو هێرشانەی دەکرێتە سەر کۆچبەران بە نزیکەیی لە هەموو شوێنێکی یۆنان”.

لە نێوان ٢٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بۆ ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ (واتە لە ماوەی ١١ ڕۆژدا)، ئەو هێرشانەی کە لەلایەن دەستەی (کێرفا)ەوە تۆمارکراون، کە دەستەیەکی دژ بە نەژادپەرستییە، بریتیبوون لە زیاتر لە ٣٠ هێرش بۆسەر کرێکارانی کۆچبەر، کە زۆرینەیان پاکستانی بوون و هێرشەکانیش لە ڕێنتی و نیکایا بوون، کە دوو گەڕەکی سەر بە شاری پیراوسی یۆنانن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close