كــوردستان

چەردەیەکی مێژویی گەشتن بە لیستی ئیسلامی

ئیسلامیەکان لە کوردستان هەموویان لە هەمان رێچکەی فیکرییەوە سەریانهەڵداوە کە ئەویش قوتابخانەی برایانی موسوڵمانە. یەکەمین کەس کە ئایدیای ئیسلام وەک ئایدیۆلۆجیا و بەرنامەی سیاسەت و حوکمڕانی هێناوەتە کوردستان، موحەمەد مەحمود سەواف و ئەمجەد زەهاوی بوون کە دوو زانای گەورەی کورد و عێراق بوون و لە میسر راستەوخۆ بە دیداری حەسەن بەننا، دامەزرێنەری کۆمەڵەی برایانی موسوڵمان شادبوبون.ژمارەیەک  مامۆستای ئایینی ئیسلامی لە هەولێر و هەڵەبجە وەڵامگۆی ئایدیاکانی ئەمجەد زەهاوی و محەمەد مەحمود سەواف بوون. مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز و مامۆستا عومەر رێشاوی و ژمارەیەکی دیکە لە مامۆستایانی ناسراوی ناوچەی هەڵەبجە و شارەزوور باوەشیان بۆ ئەم رێبازە کردەوە.

پاشان مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین  بەردەوامیدا بە رێکخستنەکانی کۆمەڵەی برایان و بەشێوەی شانەی نهێنی کاریان دەکرد.

لە ساڵانی هەشتاکان زۆربەی سەرکردە ئیسلامیەکان بەناچاری رویان لە ئێران کرد بەهۆی ئەوەی کە رێکخستنە ئیسلامیەکان لە کوردستان ئاشکرابوون.

لە ئێران ، ئیسلامیەکان بەهۆی بوونی جیاوازی لەسەر دەستپێکردنی خەباتی چەکداری بوون بە دو بەشەوە. مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز یەکەم بزووتنەوەی سیاسی و چەکداری ئیسلامی راگەیاند.

لەدوای راپەرینیش، هێڵەکەی دیکەی ئیسلامیەکانی کوردستان لە چوارچێوەی یەکگرتووی ئیسلامیدا خۆی راگەیاند.

لەو کاتەوە، یەکگرتووی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی وەک دوو هێڵێ هاوتەریب و لقی هەمان درەخت کاردەکەن. ئەگەرچی لەسەردەمانێکیشدا بەهۆی جیاوازی فیکری دەربارەی بەکارهێنانی چەک لەناوخۆدا ململانێی فیکری هەبووبێ، بەڵام پەیوندیەکانی یەکگرتوو و بزووتنەوە هەمیشە برایانە و دۆستانە بووە.

ئەگەر چی ھێشتا یەکگرتوو ئیسلامی بەفەرمی ڕانەگەیەنرابوو بەڵام ڕێکخستنەکانی بەڕێککەوتن لەگەڵ بزوتنەوەی ئیسلامی لەیەکەم ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا پێکەوە بەیەک لیست بەشدایانکرد بەناوی لیستی ئیسلامی کە ھێمای لیستەکە لە ڕەنگی سپی و سەوز پێک ھاتبوو وەک ئاماژەیەک بۆ ڕێکخستنەکانی برایان و بزوتنەوە.

یەکگرتوو و بزووتنەوە  لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکاندا لەناوچەی هەڵەبجە و هەورامان  و شارەزوور بە یەک لیست دابەزین لە ساڵی ٢٠٠٠ و توانیان تەواوی سەرۆک شارەوانیەکانی ئەو ناوچەیە ببەنەوە.


لەدوای جیابوونەوەی کۆمەڵی ئیسلامی لە بزووتنەوەی ئیسلامی ، لیژنەی هاریکاری ئیسلامی لەنێوان یەکگرتوو و کۆمەڵ و یەکگرتوو و بزوتنەوە بەردەوام بووە.لەدوای ٢٠٠٣ و چەکدانانی بزووتنەوە و کۆمەڵی ئیسلامی و تێکەڵبوونی تەواوەتیان بە پرۆسەی سیاسی، جیاوازیە فیکری و پراکتیکیەکانی نێوان سێ لایەنە ئیسلامیەکە تا ئاستی  نەبوون کەم بوویەوە.
لەدوای گەڕانەوەی مامۆستا سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، هەر لە وتاری سەرکەوتنیدا لەناو کۆنگرەی یەکگرتوو، بەڵێنیدا کە یەکخستنی کاری ئیسلامی بکاتە یەکێک لە گرنگترین ئەولەویاتەکانی کاری داهاتووی.

ئەم هەوڵانەی مامۆستا سەڵاحەدین بۆ پێکهێنان و کۆکردنەوەی پارتە ئیسلامیەکان و سۆفی و سەلەفی و دیندارانی کورد هەر پێش گەڕانەوەی بۆ ناو یەکگرتوو دەستی پێکردبوو.بەر لە چەند مانگێک لە گەڕانەوەی بۆ پۆستی ئەمینداری یەکگرتوو، مامۆستا سەڵاحەدین و مامۆستا عەلی باپیر و سەرکردایەتی بزووتنەوە و یەکگرتوو گەشتێکی برایانەی ئیمانیان ئەنجامدا.

لەدوای گەڕانەوەیشی، هەنگاوەکانی یەکخستنی ماڵی ئیسلامیەکان زیاتر پەرەی سەند.ئەوە بوو بۆ یەکەم جار کۆنفرانسێک ئەنجامدرا بە ئامادەبونی کەسی یەکەمی یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزوتنەوە و گرنگترین کەسایەتیە ئیسلامیەکانی کوردستان. دواتر لیژنەی باڵای هاریکاری ئیسلامی دروست بوو کە لە دەیان حیزب و رێکخراو و کەسایەتی ئیسلامی پێکهاتوە.

دواتر چەند کۆبوونەوەیەکی یەک لە دوای یەک لە ئاستی کەسی یەکەمدا ئەنجامدرا بۆ فۆرمەڵەکردنی پرۆژەکە.

جیاوازی سیاسی نێوان یەکگرتوو و کۆمەڵ لە بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم و ریفراندۆم بوویە هۆی ئەوەی ساردیەک لەنێوان دو حیزبەکەدا دروست بێ و ئەم ساردیەش کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر رەوتی هاریکاری ئیسلامی دانا.

کۆمەڵی ئیسلامی لەم قۆناغەدا یەک لیستیەکەی پێ باش نیە بەڵام مامۆستا عەلی باپیر چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەوەی خستە روو کە دوای هەلبژاردنەکان کار بۆ یەکخستنی ئیسلامیەکان دەکەن.

لە ئێستادا یەکگرتوو و بزوتنەوە و بەشێک لە کەسایەتیە ئیسلامیەکان یەکەم هەنگاویان بۆ دروستکردنی لیستی ئیسلامی ناوە و هەموو چاوەروانیەکانیش بەو ئاراستەیەن کە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق، لیژنەی هاریکاری ئیسلامی کارەکانی دەست پێ بکاتەوە و ئەمجارە لاپەرەیەکی نوێ هەڵبدرێتەوە و هەوڵەکانی یەکخستنی ئیسلامیەکان لە یەک بەرەدا خێراتر بکرێن.

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close