جیهانی ئیسلامی

چین زیاتر لە یەک ملیۆن موسڵمانی بە شێوازی جۆراوجۆر زیندانیکردووە

بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان لە ئێستادا لەلایەن حکومەتی چینەوە زیاتر لە ٨٠٠ هەزار موسڵمانی ئویغور هاوشێوەی جولەکەکانی سەردەمی دەسەڵاتی نازی لە کەمپگەلێکدان کە هاوشێوەی ئەو کەمپانەی نازییەکانن کە جولەکەکانیان تیا ئەشکەندە دەدا و دەکوشت، بەگوێرەی سەرچاوە نافەرمییەکانیش ژمارەکە لە ملیۆنێک موسڵمانی ئویغور زیاترە.

ڕێکخراوی چەینج بڵاویکردووەتەوە، بەگوێرەی سەرچاوە فەرمییەکان لە خۆرهەڵاتی تورکستان (کە دەکەوێتە هەرێمی خینجیانگ) لە وڵاتی چین، لە ئێستادا لە کەمپگەلێکی هاوشێوەی کەمپە سیاسییەکانی نازییەکان بۆ جولەکەکان و لەناو زیندانەکاندا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار موسڵمانی ئویغور بوونیان هەیە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە ژمارەکە لە ملیۆنێک موسڵمانی ئویغور زیاترە.

بەگوێرەی دواین ئاماری فەرمی وڵاتی چینیش کە لە ٢٠١٠دا بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی موسڵمانانی ئویغور لەو وڵاتە و لە خۆرهەڵاتی تورکستان (سەر بە هەرێمی خینجیانگ) ١٠ ملیۆن و ٣٧٠ موسڵمان بووە. بەم پێیەش بێت لە ئێستادا نزیکەی ١٠%ی موسڵمانانی ئویغور لە وڵاتی چین زیندان و دەستبەسەرن.

دۆخی ناو ئەو کامپانەی کە موسڵمانانی ئویغوری تیادایە زۆر ترسناکە، بەهۆی بچووکی کامپەکان و زۆری ژمارەی موسڵمانانی ئویغور تیایدا.

ڕێکخراوی چەینج ئاماژەی بەوەش کردووە، لەلایەن هەندێک کەسەوە کە لە وڵاتی چین هەڵاتوون ئاگادارکراونەتەوە کە ئەو کەسانەی ناو کامپەکان تەنانەت لە شەودا ناتوانن پاڵبدەنەوە بەمەبەستی پشوودان، بەڵکو دەبێت بە تەنیشت یەکەوە (بە دانیشتنانەوە یان بە هەر شێوەیەکی تر جگە لە پاڵکەوتن) بخەون. هاوکات هەندێک کەس کە خزم و کەسوکاریان لەدەستداوە بە ڕێکخراوی چەینج-یان وتووە کە ژمارەیەکی بێشومار لە موسڵمانانی ئویغور ڕۆژانە لە کامپەکاندا گیان لەدەستدەدەن، و کەسوکاریان لاشەکانیان وەردەگرنەوە. بەگوێرەی ڕێکخراوەکە ئەو کەسانەی کە گەنجن و لە کامپەکاندا گیانیان لەدەستدەدەن تەرمەکانیان ڕادەست ناکرێتەوە و لەجیاتی ئەوە لە نزیک کامپەکاندا دەنێژرێن.

گەلی ئویغور یەکێکە لە گەلە ێرینەکان کە لە ناوجەرگەی کێشوەری ئاسیادا دەژی، مێژوویەکی پڕ لە شانازیی و کلتورێکی دەوڵەمەندیان هەیە، لە مێژوودا بەشداری گەورەیان هەبووە لە ئاشتی جیهانیدا. بەهۆی گرنگی ئەو شوێنە جوگرافیەی کە ئەم گەلەی تێکەوتووە و بە “ڕێگای ئاوریشمی” بەناوبانگە، بوون بە هێزێکی سەرەکی لە کلتوری ئاڵوگۆڕی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا.

بەگوێرەی ڕێکخراوی چەینج، ماوەی دەیان ساڵە حکومەتی چین زمانی ئویغوری قەدەغەکردووە لە بەکارهێنانی لە هەموو قۆناغەکانی خوێندن لە ڕۆژهەڵاتی تورکستان (کە دەکەوێتە هەرێمی خینجیانگ)، بەوەی کە هەستاون بە قەدەغەکردن و سوتاندنی کتێبە نوسراوە ئەدەبی و مێژووییەکانیان کە بە زمانی ئویغوری نوسرابوون.

بەپێی ڕێکخراوەکە، لە ئێستادا حکومەتی چین زۆر بە شێوەیەکی ئاشکرا لەو کامپانەی کە هاوشێوەی کامپەکانی دەسەڵاتدارانی نازین، موسڵمانانی ئویغوری دەکوژێت، بە شێوەیەکی سیستماتیکی و بە سپۆنسەری سیاسەتی پاکتاوکردن.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەر هاوکاری بەپەلە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بۆ وەستاندنی حکومەتی چین لەوەی کە بەرامبەر گەلی ئویغور دەیکات، ئەوە گەلی ئویغور لەو کامپانەدا بە کۆمەڵی گەورە گەورە لێیان دەکوژرێت و دیارنامێنن.

ڕێکخراوەکە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی تری بواری مافی مرۆڤ کردووە کە داوا لە حکومەتی چین بکەن ئەو زیاتر لە یەک ملیۆن ئویغوریە ئازاد بکەن و تیمەکانی لێکۆڵینەوەیان بنێرن بۆ خۆرهەڵاتی تورکستان بۆئەوەی بزانن:
– ئەو ئویغوریە زیندانیکراوانەی ناو کامپەکان لە کوێن و ئەو منداڵانەش کە هی ئەوانن و براونەتە ناوەندەکانی تایبەت بە بەخێوکردنی بێباوکان (بێنازان) لە کوێن؟
– بۆچی و لە کوێ ئەو زیاد لە یەک ملیۆن موسڵمانە ئویغوریە دەستگیرکراون؟
– ئەو ئویغوریانە چی دەخۆن و لە کوێ و چۆن دەخەون؟
– ڕۆژانە چی کارێک دەکەن؟
– دۆخی تەندروستییان لە ئێستادا لە چی ئاستێکدایە؟
– ڕێژەی مردنیان لە ئێستادا چەندە؟
– چی بەسەر منداڵ و خوشک و برا و دایک و باوکی ئەو کەسانە هاتووە کە دەستگیرکراون لە زیندانەکاندا یان لە کامپەکاندا؟

گەلی ئویغور:
خۆرهەڵاتی تورکستان نیشتمانی گەلی ئویغورە، لەلایەن دەسەڵاتی کۆمیۆنیستی چینەوە لە ساڵی ١٩٤٩وە داگیرکراوە، خۆرئاوای تورکستان ناوەندی کێشوەری ئاسیاوە و لە خۆرهەڵاتیەوە هاوسنوەرە لەگەڵ چین و مۆنگۆلیاوە، لە باکوورەوە لەگەڵ ڕووسیا، لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ کازاخستان و کڕگستان و تایکستان و ئەفغانستان و پاکستان، و لە باشووریشەوە لەگەڵ تیبت هاوسنورە. سنوری ڕۆژهەڵاتی تورکستان لە تەواوی ڕۆژئاوای ئەوروپا گەورەترە، ناوەکەی دوای داگیرکردنی بۆ جینجیانگ گۆڕاوە، کە بەمانای “هەرێمە نوێیەکە” یان “سنورە نوێیەکە” دێت لە چین.

هەرچەندە چین لە ساڵی ١٩٥٥دا بە شێوەیەکی فەرمی خۆرهەڵاتی تورکستانی وەکو هەرێمێکی ئوتۆنۆمی بۆ ئویغوریەکان ناساند، بەڵام لە ڕاستیدا هەرگیز نەبووەتە هەرێمێکی ئوتۆنۆمی ڕاستەقینە. حکومەتی چینیش لە ساڵی ٢٠١٠دا ژمارەی گەلی ئویغوری بە ١٠ ملیۆن و ٣٧٠ کەس ئاماژە پێکرد بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکانی سەر بە گەلی ئویغور ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی ڕاستەقینەی گەلی ئویغور نزیکەی ٢٠ ملیۆن کەسە.

ئەم ڕاپۆرتەی ڕێکخراوی چەینج بە زمانەکانی ئینگلیزی، چینی، تورکی، ژاپۆنی، ئەڵمانی، فەڕەنسی، پاشتۆ و ڕووسی لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویکردووەتەوە.

ڕێکخراوی چەینج لەلایەن زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە ١٩٦ وڵاتی جیهانەوە بەکاردەهێنرێت و زیاتر لە ١٠٠ هەزار ڕێکخراویش پەیوەندییان لەگەڵێ هەیە، میدیا جیهانییەکان وەکو سەرچاوەیەک پشتی پێدەبەستن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close