جیهانی ئیسلامی

چیرۆکی زیندانییەکی فەلەستینی لە زیندانێکی ئیسرائیلدا

“کاتێک لە ئاوێنە دەڕوانم هەست بە ترس دەکەم، کەواتە بیربکەرەوە کە خەڵکی هەستیان چۆنە کاتێک لێت دەڕوانن”، ئەمانە ووتەکانی ئیسرا جابیسی ٣٣ ساڵی فەلەستینی بوون کە لە ئێستادا لە زیندانی هاشارۆنە لەژێردەستی ئیسرائیلدا، کە تاکە زیندانی ئیسرائیلە زیندانییەکانی هەمووی کچ و ژنی فەلەستینین.

ئیسرا جابیسی لەلایەن ئیسرائیلەوە بەوە تۆمەتبارکراوە کە هەوڵیداوە ئوتومبێلەکەی لە خاڵێکی پشکنیندا بتەقێنێتەوە، تۆمەتێک کە ئیسرا ڕەتیدەکاتەوە. سوتاوی جەستەی ئیسرایش، وەک خۆی دەڵێت، دەرەنجامی تەقینەوەیەک بووە لە ئوتومبێلێکدا کە بەهۆی هەڵەی تەکنیکییەوە بووە.

هەرچەندە ئیسرا بەهۆی ئەو ڕووداوەوە جەستەی سوتاوە و ئێسکەکانی شکاون و ئازارێکی بەسوێی هەیە، بەڵام لە نامەیەکیدا بۆ پارێزەرەکەی ئاماژەی بەوە کردووە کە لە زینداندا چارەسەری پێ نادرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ئیسرا ٦٠%ی جەستەی سوتاوە و بەگوێرەی ووتەی هاوڕێیەکی ناو زیندانی “گاڵتەی پێکراوە”.

ئیسرا هەشت پەنجەی دەستەکانی بەهۆی سوتاوییەوە لەدەستداوە و ناتوانێت دەستەکانی بڵند بکات بەهۆی ئەوەی کە پێستی ژێرباڵی نوساوە بە جەستەیەوە.

بەگوێرەی کەناڵی جەزیرەی قەتەری، گوێی ڕاستی ئیسرا بە نزیکەیی نەماوە و ڕەوشی تەندروستیشی خراپە و بەردەوام توشی هەوکردن دەبێت. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە لوتی ئیسرا بەهۆی سوتاوییەکەیەوە بە شێوەیەک توشی کێشە بووە کە بە زۆری لە ڕێگەی دەمیەوە هەناسە دەدات.

بەر لە دوو ساڵ ئیسرا لە خانەیەکی پەرستاری کاریکردووە، و وەکو خۆبەخش لە سەنتەرە خێرخوازی و قوتابخانەکاندا کاری کردووە و وەکو ئەو کەسانە پۆشاکی کردووە کە بە گشتی منداڵان دەخەنە پێکەنین.

ئەمە لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ ئیسرا لەکاتێکدا بە ئوتومبێلەکەی خەریکی گواستنەوەی کەلوپەل بوو بۆ ماڵەکەی لە گەڕەکی جەبەل ئەلموکەبیر لە قودس، بە ٥٠٠ مەتر پێش ئەوەی بگاتە خاڵی پشکنینی زەیم لە قودس کۆنترۆڵی ئوتومبێلەکەی لەدەستدا.

هەرچەندە سەربازانی ئیسرائیلی هاواریانکردبوو کە ئیسرا ئوتومبێلەکەی ڕاگرێت بەڵام ئیسرا نەیتوانیوە کۆنترۆڵی ئوتومبێلەکەی بکات و دواتریش لەناکاو لەناو ئوتومبێلەکەیدا تەقینەوەیەک ڕوویداوە.

مونای خوشکی ئیسرا وتوویەتی “سەربازانی ئیسرائیلی پێیان وایە کە ئیسرا هەوڵی داوە خۆی بتەقێنێتەوە لە خاڵە پشکنینەکەدا، بەڵام چۆن دەبێت ئیسرا هەوڵێکی وای دابێت و جامەکانی ئوتومبێلەکەش هیچ زیانیان پێنەگەیشتووە؟!”

بەگوێرەی گوتەی خوشکەکەی ئیسرا “ڕووکاری دەرەوەی ئوتومبێلەکە تەنانەت ڕەنگەکەشی نەگۆڕاوە، بەو شێوەیەش ئەگەر ئیسراش هەوڵی خۆ تەقاندنەوەی بدایە ئەوە جەستەی دەبوو پارچەپارچە ببوایە”.

مونا جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەوەی بەسەر ئوتومبێلەکە هاتووە کێشەیەکی تەکنیکی بووە بەوەی کێشەیەکی کارەبایی بووە و کاریگەری کێشە کارەباییەکەش لەسەر ئێرباگی ئوتومبێلەکە بووە و ماددە کیمیاییەکانی ناو ئێرباگەکەش بوونەتەهۆی دروستبوونی ئاگرێک و کەوتنەوەی ڕووداوەکە.

لە ساڵی ٢٠١٧ دا ئیسرا لەلایەن دادگای ناوەندی قودسەوە بە تۆمەتی هەوڵی خۆکوژی سزای ١١ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

دەستەی (الضمیر)ی فەلەستینی تایبەت بە مافی زیندانیان وتوویەتی “ئیسرا ناتوانێت چالاکییەکانی ڕۆژانەی وەکو خواردن و خۆشۆردن یان پۆشاک گۆڕین ئەنجامبدات”.

ئەو گروپە ئاماژەی بەوەش کردووە “دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە تەواوی باری تەندروستی ئیسرا و پێویستییەکانیان پشتگوێخستووە”.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی جەزیرە، ئیسرا پێویستی بە لانیکەم هەشت نەشتەرگەری و لەناویاندا نەشتەرگەری پێستی دەوروبەری چاوی هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close