جیهانی ئیسلامی

شازادەی سعودیە بۆ فەڵەستینیەکان: دەمتان داخەن و بۆڵەبۆڵ ڕاگرن

بەگوێرەی سەرچاوەکانی هەواڵ محمد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا مانگی ڕابردوو وتوویەتی، فەڵەستینیەکان یان دەبێت بە “پێشنیازەکانی ئەمریکا و گفتوگۆی ئاشتی” ڕازیبن یان دەبێت “دەمیان داخەن و بۆڵەبۆڵ ڕاگرن”.

شازادەکە وەک ئاماژەیەک بۆ ناگرنگی و ناهەنوکەیی پرسی فەڵەستین وتووشیەتی، سعودیەی عەرەبی پرسی “گرنگتر و هەنوکەتر”ی هەیە کە کاری لەسەر بکات.

بزنس ئینسایدەر نوسیویەتی، سعودیە ڕۆڵێکی مێژوویی لە گفتوگۆی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەبووە بەڵام ئەم لێدوانانەی ئەم دواییەی شازادە وا لێکدەدرێتەوە کە چیتر سعودیە “ماندوبووە لە نێوەندگیری نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل”. ئەوەش لەکاتێکدایە کە نە شازادە و نە حکومەتی سعودیە تا ئێستا لەبارەی کوژرانی زیاتر لە ٤٥ خۆپیشاندەری فەڵەستینی و بریندارکردنی هەزارانیان لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە هیچ لێدوانێکیان نەداوە.

شازادەکە وتووشیەتی “لە چەند دەیەی ڕابردوودا سەرکردایەتی فەڵەستین هەل لەدوای هەلیان لەدەستداوە و هەموو پێشنیارەکانیان بۆ ئاشتی ڕەتکردووەتەوە”، ئەمەش لەکاتێکدایە کە هاووڵاتییانی غەززە لە ئێستادا لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆدراون و ڕێگە بە هاتوچۆی هاوڵاتییانی مەدەنیش نادرێت.

شازادەی سعودیە لەماوەی ڕابردوودا چەندین ڕێککەوتنی گەورە و لێدوانی بە قازانجی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل داوە بەڵام هیچ لێدوانێکی بە قازانجی فەڵەستین و فەڵەستینیەکان نەداوە.

ڕۆژی ١٩ی ئازاری ٢٠١٨ گەشتێکی بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستپێکرد و لە یەکەم وێستگەی گەشتەکەیدا چووە ئەمریکا و لەوێ چەندین ڕێککەوتنی بازرگانی بە بەهای سەدان ملیار دۆلار ئەنجامدا و بڕیارە بۆ ساڵی داهاتووش بە بەهای زیاتر لە ٧١١ ملیار دۆلار ڕێککەوتن لەسەر کەلوپەلی سەربازی کراوە، وەک سەرچاوەکانیش بڵاویانکردەوە لە سێ شەوی مانەوەیدا لە یەک ئوتێلی ئەمریکا زیاتر لە ٦٠٠ ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە. دوای سەردانە ٢٠ ڕۆژیەکەی بۆ ئەمریکا و لە ٨ی نیساندا شازادە چووە فەڕەنسا و لەوێش بە بەهای زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ڕێککەوتنی لەبارەی کەلوپەلی سەربازییەوە کرد، دوای دوو ڕۆژ مانەوەش لە فەڕەنسا چووە ئیسپانیا و لەوێش ڕێککەوتنی لەسەر کەلوپەلی سەربازی بە بەهای نزیکی ٢ ملیار کرد، ئەمانەش تەنیا ئەو ڕێککەوتنانە بوون کە دیار و ئاشکرا بوون و پێدەچێت ڕێککەوتنی ژێربەژێریش هەبن.

لەبارەی ئیسرائیلیشەوە هەرچەندە ساڵی ڕابردوو ڕەتیکردەوە قسەی لەسەر بکات بەوەی کە نایەوێت قسە لەسەر پرسی گەل و وڵاتێکی تر بکات بەڵام ئەمساڵ ووتی کە ئیسرائیل مافی خۆیەتی خاوەنی دەوڵەتی خۆی بێت، بەڵام لەبارەی فەڵەستین و فەڵەستینیەکانەوە لێدوانێکی ئەوتۆی نییە کە بە قازانجی فەڵەستین و فەڵەستینیەکان لێکبدرێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close