جیهانی ئیسلامی

بەهۆی ١١ی سێپتەمبەرەوە ماتیلدا موسڵمان بوو و دواتر دایک و باوکیشی بەهۆیەوە موسڵمان بوون

ماتیلدا لوژاینی بە ڕەچەڵەک فەڕەنسییە و خەڵکی مارسیلییە، ئەو لە مەسقەتی پایتەختی عەمان گەورەبووە ئەوەش بەهۆی ئەوەی دایک و باوکی بۆ کارکردن ڕوویان لە مەسقەتی پایتەختی عەمان کردووە.

کاتێک هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ بۆسەر تاوەرەکانی ئەمریکا ڕوویاندا ماتیلدا لە قۆناغی ئامادەیی لە مەسقەت دەیخوێند، هەر دوای چەند کاتژمێرێکیش لەدوای هێرشەکان ڕووداوەکە لۆمەی ئیسلامی لەسەر کرا و بابەتی نێگەتیڤی زۆر لەبارەی دینی ئیسلامەوە بڵاوکرایەوە.

ماتیلداش بەهۆی ئەوەی هاوڕێکانی لە سەڵتەنەتی عەمان کەسانێکی موسڵمانی ئاشتیخواز بوون باوەڕی بەو پاگەندانە نەکردووە کە لەبارەی دینی هاوڕێکانیەوە بڵاوکراوەتەوە، هەربۆیە دەستی بە گەڕان کرد بەدوای ڕاستیەکاندا و سەرەنجامی گەڕانەکەشی بە موسڵمانبوون و قبوڵکردنی دینی ئیسلام وەکو دینی خۆی کۆتاییهات کە ئەو خۆی بە “ڕێگای ژیان” ناویبردووە.

ماتیلدا لەوبارەیەوە وتوویەتی “لەوێبووم، لە عەمان بووم، کاتێک هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر ڕوویاندا. هەمووان موسڵمانانیان کردە ئامانج و وێنەی نەرێنی و نێگەتیڤیان لەبارەیانەوە وێنا دەکرد. موسڵمانانی عەمانکەسانێکی زۆر بەڕێز بوون، بۆیە هەستمکرد پێویست دەکات لەبارەی ئیسلامەوە زانیاری وەرگرم، هەربۆیە دەستم بە خوێندنەوەی قورئان کرد و هەموو وەڵامەکانم لەوێ وەرگرتەوە، هەموو ئەو وەڵامانەی پێویست بوون”.

دواتر ماتیلدا کتێبێکی بەناوی “Big Little Steps” نوسی و لەبارەیەوە وتوویەتی “کتێبەکەم باسی چۆنیەتی موسڵمانبوونم دەکات، کاتێک تەمەنم ١٨ ساڵ بوو، هەروەها باسی ئەزموونی ١٦ ساڵی دواتریشم دەکات. کتێبەکە باسی هەموو شتێک دەکات لە تێڕوانینی ئافرەتەوە، و باسی چۆنیەتی ژیانێکی ئیسلامیانە و کردنی ئیسلام بە ڕێگای ژیان دەکات”، باسی لەوەش کردووە کە ئەو کتێبە بۆ ئافرەتانی تازە موسڵمانبوو گرنگە کە بیخوێننەوە.

ماتیلدا باسی لەوەش کردووە، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا نەرێنی بیرکردنەوەی زۆر لەبارەی موسڵمانانەوە هەیە و منیش دەمەوێت هەڵە تێگەیشتنەکان لەبارەی ئیسلامەوە ڕاستکەمەوە، بەتایبەتی ئەو هەڵە تێگەیشتنانەی کە هەن لەبارەی ئافرەتانەوە.

ماتیلدا وتووشیەتی کە لەبەر خاتری نوسینی ئەو کتێبەی وازی لە کارەکەی هێناوە و دەشڵێت “لۆجیک بۆ هەموو شتێک لە دینی ئیسلامدا هەیە، ئەگەر لە لۆجیکەکە تێبگەیت ئەوە دەزانیت کە ئەوە بە خاتری تۆیە و بە قازانجی تۆیە”.

دەشڵێت، لەکاتی بڕیاردانم بۆ موسڵمانبوون تەنانەت دایکیشم پرسیاری زۆری هەبوو لەبارەی بڕیارەکەمەوە، بەڵام سوپاس بۆ خودا ئێستا دایک و باوکیشم موسڵمان بوون.

ماتیلدا لەبارەی کتێبەکەشیەوە “Big Little Steps” کە بەمانای “هەنگاوە بچوکە گەورەکان” دێت باسی لەوە کردووە کە پێغەمبەر محمد (صلی اللە علیە وسلم) فەرموویەتی، ئەگەر یەک هەنگاو بەرەو خودا بڕۆیت ئەوە خودا ١٠ هەنگاو بەرەو ڕووی تۆ دێت، ئەگەریش بەرەو ڕووی خودا بڕۆیت ئەوە خودا بەرەوڕووی تۆ ڕادەکات، ئەگەر یەک هەنگاوی بچووک بەرەو خودا بنێیت ئەوە خودا یەک هەنگاوی گەورە بەرەو تۆ دێت، ماتیلدا دەشڵێت “هەر لەبەر ئەوە ناوی کتێبەکەم بەو ناوە ناوناوە”.

لەبارەی کاتی بڵاوکردنەوەی کتێبەکەشیەوە باسیشی لەوە کردووە کە کتێبەکەی لە مانگی ڕەمەزاندا بڵاودەکاتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close