جیهانی ئیسلامی

بەنگلادیش.. ئاوارە ڕۆهینگییەکان بە گریانەوە داوای هاوکاری لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن

ئاوارە ڕۆهینگییەکانی بۆرما لە بەنگلادیش بە گریانەوە داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش دەکەن کە یارمەتییان بدەن بە سەلامەتی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو ئاوارانە داوای دادپەروەریشیان کردووە لە بەرامبەر حاڵەتەکانی کوشتن و دەستدرێژی سێسکی و سوتاندنی ماڵەکانیان و کردەوە دڕندانەکانی تر کە لەلایەن سوپای بۆرما و بوزیەکانەوە بەرامبەریان ئەنجامدراوە.

ئاوارە ڕۆهینگیەکان ئەوەی کە بەسەریان هاتووە گێڕاویانەتەوە بۆ کارین پیێرس نێردەی بەریتانیا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێریسیش وتوویەتی “هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک دەدەین بۆ گەڕانەوەی ئەو خەڵکە هەژار و لێقەوماوە بۆسەر ماڵ و حاڵی خۆیان. بەڵام بەداخەوە لە ئێستادا ناتوانین هیچ کارێک بکەین بۆ کەمکردنەوەی خەم و پەرێشانیەکانیان”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەفدی ئەنجومەنی ئاسایش کە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو ٢٣ی نیسان لە بۆرما بوون چاویان بە ئاونگ سان سو کی ڕاوێژکاری بۆرما کەوتووە، دواتریش سەردانی ئاوارەکانی بۆرمایان لە بەنگلادیش کردووە کە نزیکەی ٧٠٠ هەزار ئاوارە دەبن.

کێڵی کوری جێگری باڵیۆزی ئەمریکا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی دۆخی ئاوارە ڕۆهینگییەکان لە بەنگلادیش وتوویەتی “شتی وام تا ئێستا نەبینیوە. کارەسات دەقەومێت لەکاتی بارانباریندا”.

ئاوارەیەکی ڕۆهینگی بەناوی ساجیدە بێگوم بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە “ئێمە داوای دادپەروەری دەکەین لەکاتێکدا سوپای بۆرما لە بۆرما لێمان دەکوژێت و زۆر ئەشکەنجەمان دەدات”.

وو هایتاو جێگری باڵیۆزی چین بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەوبارەیەوە بە ڕۆیتەرزی وتووە “ئەمە پرسێکی زۆر ئاڵۆزە، و پەیوەندی بە مێژوو، کەمینەکان و دینەوە هەیە. وەڵامێکی ئاسان بۆ ئەوە نییە بەڵام ئەگەر هەموومان پێکەوە کار بکەین پێم وایە دەتوانین ڕێگایەکی چارەسەر بدۆزینەوە”.

دیمیتری پۆلیانسکی جێگری نێردەی ڕووسیا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە ڕۆژنامەنوسانی ڕاگەیاندووە “چارەسەرێکی سیحراویمان پێ نییە لە ئەنجومەنی ئاسایش”.

ئەوەش لەکاتێکدایە چەندین ساڵە هاوڵاتییانی گەلی ڕۆهینگیا لە بۆرما بە چەندین شێوە لێیان دەکوژرێت و زوڵمیان لێدەکرێت، دواین ئۆپراسیۆن و دەستدرێژی سوپا و بوزیەکانی بۆرما لە ٢٥ی ئابی ٢٠١٧ دەستیپێکرد و هێشتاش بەردەوامی هەیە. بەهۆی توندوتیژی و دەستدرێژییەکانیشەوە لە ٢٥ی ئابەوە بە هەزاران ڕۆهینگی کوژراون و سەدان هەزاریان لێ ئاوارەبوون، و هەزارانیشیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی سێکسی بوونەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close