جیهانی ئیسلامی

نزیکەی ٢٠٠ جولەکە ڕژانە ناو مزگەوتی ئەقسا

ئاژانسەکانی هەواڵ بڵاویانکردووەتەوە، نزیکەی ٢٠٠ جوولەکە، لە نێویاندا وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل، ئەمڕۆ ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ ڕژاونەتە ناو مزگەوتی ئەقسا لە شاری قودس.

هەندێک لە میدیاکان بە “هەڵکوتانەسەر مزگەوتی ئەقسا” ناویانبردووە و باسیان لەوە کردووە، ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکەکانەوە، ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی لەمیانی ئەم ھەفتەیدا ڕێورەسمەکانی تایبەت بە ھاتنی “جەژنی ھەستانەوەی جوولەکە” بەڕێوەدەچێت.

فیراس دبس بەرپرسی ڕاگەیاندنی فەرمانگەی ئەوقافی فەڵەستین لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی بۆ میدیاکان نێردراوە ڕایگەیاندووە، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (٢٢ی نیسانی ٢٠١٩)، ١٧٠ جوولەکەی توندڕەو، لە نێویاندا ئەوری ئەرئێل وەزیری کشتوکاڵی ئیسرائیل، ڕژاونەتە ناو مزگەوتی ئەقسا.

فیراس دبس ئاماژەی بەوەش كردووە کە ئەوری ئەرئێل بینراوه‌ بە یاوەریی ژمارەیەک پۆلیسی ئیسرائیل بەنێو حەوشەکانی مزگەوتی ئەقسادا گه‌ڕاون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، پێشتر فەرمانگەی ئەوقافی فەڵەستین بۆ چەندین جار داوای لە کاربەدەستانی ئیسرائیل کردبوو کە ڕێگە لە ھەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن جوولەکەکانەوە بگرن، بەڵام کاربەدەستانی ئیسرائیل داواکەیان ڕەتکردووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close