دونیا

ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی داوادەکات گەمارۆی چەک بخرێتە سەر ئیسرائیل

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) سوپای ئیسرائیلی بە “پەلاماری کوژەر” بۆسەر خۆپیشاندەرانی فەلەستینی تۆمەتبارکرد و داوای گەمارۆی چەک بۆسەر ئیسرائیلیش دەکات.

ڕێکخراوەکە داوادەکات کە گەمارۆکە نێودەوڵەتی بێت و “هەڵوێستی کۆنکریتییان هەبێت و ڕێگری لە پێدانی چەک و پێداویستی سەربازی بە ئیسرائیل بکرێت”.

ماگدالینا موگرابی جێگری بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا وتوویەتی “ئەگەر شکستبهێنرێت لە گەمارۆخستنە سەر ئیسرائیل ئەوە دەستدرێژی بۆسەر مافەکانی هەزاران پیاو و ژن و منداڵ جددیتر و توندتر دەبێت لە غەززە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆدراوە”.

موگرابی داواشی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کردووە کە لێکۆڵینەوەیەک دەستپێبکات لەبارەی “تاوانەکانی جەنگ”.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانی فەلەستینیەکان لە غەززە بەردەوامی هەیە لەژێر ناوی “گردبوونەویە گەورەی گەڕانەوە”، و تا ئێستاش ٤٥ خۆپیشاندەری فەلەستینی کوژراون و بە سەدان خۆپیشاندەریش برینداربوون.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close