دونیا

وەزیری بەرگری ئەمریکا: لە سوریا ناکشێینەوە و مانەوەمان گرنگە

جەیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریکا بە سیناتۆرەکانی وڵاتەکەیی وتووە، سوپای ئەمریکا ئامادەکاری بۆ کشانەوە لە سوریا ناکات و بوونی هێزەکانی ئەمریکا بۆ ئۆپراسیۆنەکانی دژ بە داعش گرنگە.

ماتیس پێشنیازەکانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکای بۆ کشانەوە لە سوریا ڕەتکردووەتەوە و وتووشیەتی، هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا بەمزوانە ناکشێنەوە و هۆشداریشی دا کە ئەمریکا لە کشانەوەی بەپەلەی لە سوریا پەشیمان دەبێتەوە.

وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەوەشی وتووە، تەنانەت دوای تێکشکاندنی داعشیش بە تەواوی ئەمریکا پێویستە ووریابێت لە کشانەوەی تەواوەتی لە سوریا.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی سێ شەممەی ڕابردوو سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن هاوتا فەڕەنسییەکەی بۆ جاری سێیەم باسی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا کرد لە سوریا “بە زوویی”، هاوکات ماکرۆنیش بۆ یەکەمجار باسی لە کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی کرد لە سوریا بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە دوای تێکشکاندنی داعش لە سوریا ئەو کارە دەکەن.

بەگوێرەی ئامارەکانیش نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکا لە سوریا بە شێوەی ڕاوێژکاری بوونیان هەیە. بەگوێرەی ماڵپەڕی نیوز ویکیش نزیکەی هەزار چەکداری داعش ماون.

بە نزیکەیی هەموو ئەو وڵاتانەی کە بە هەر بیانوویەک بێت دەستوەردانیان لە سوریا کردووە هەمیشە لە لێدوانەکانیاندا دەڵێن کە بژاردەی سەربازی چارەسەری قەیرانی سوریا ناکات، بەڵام هەمووان لەسەر پەرەدان بە هێزە سەربازییەکانیان لەو وڵاتە سورن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close