مێژوو

چەند زانیارییەک لەسەر کۆیلایەتی لە ئەمریکا و ڕۆژئاوا

لە ساڵی ١٦٤١ دا ویلایەتی مەسەچوسێت بوو بە یەکەم کۆڵۆنی خاکی بەریتانی ئەمریکی کە کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتنی کۆیلەی بە یاسایی کرد. دوای ئەویش ویلایەتی کۆنیکتیکەت لە ساڵی ١٩٥٠ دا کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتنی کۆیلەی بە یاسایی کرد.

ویلایەتی ماریلاند دوای ئەوان لە ١٦٦٣دا و ویلایەتەکانی نیویۆرک و نیوجێرسی لە ١٦٦٤دا کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتنی کۆیلەیان بە یاسایی کرد.

ویلایەتی ڤێرجینیا لە ١٦٦١ کۆیلایەتی و کڕین و فرۆشتن پێیەوەی بە یاسایی کرد، ساڵێک دواتریش (واتە لە ١٦٦٢) دادگایەکی ڤیرجینیا بڕیاریدا کە هەموو ئەو منداڵانەی لەدایکدەبن بە لەبەرچاوگرتنی حاڵەتی دایکیان یان ئازاد دەبن یان کۆیلە، و لە ڤیرجینیا کۆیلایەتی لەسەر بنەمای نەژاد پێناسە دەکرا.

لە ساڵی ١٦٧٢ دا پاشای بەریتانیا کۆمپانیای شاهانەی ئەفریقی دامەزراند بۆ هاندانی فراوانکردنی بازرگانی کۆیلە، کۆمپانیاکە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن ١٥ ئینگلیز و ٢٥ ئەفسەری سەربازیی و پارێزگاری ڤیرجینیا و جۆن لۆکی فەیلەسوفی ئازادییەوە بەڕێوەدەبرا. لە ١٦ ساڵی یەکەمی دامەزراندنی کۆمپانیاکەشدا نزیکەی ٩٠ هەزار ئەفریقی لەلایەن کۆمپانیاکەوە وەکو کۆیلە گواسترانەوە بۆ ئەمریکا.

بەپێی یاسا دەبوو هەموو ئەوانەی کە دەبرانە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی ئەگەر مەسیحی نەبوونایە ئەوە دەبوو کۆیلە بن، (واتە دوای هاتنیان بوون بە مەسیحی سوودی نەبووە بۆ ئازادبوونیان و دەبوو هەر لەو شوێنەی کە دەبران بە شێوەیەکی بنچینەیی مەسیحی بونایە وەگەر نا ئەوە دوای بردنیان دەکران بە کۆیلە).

ئەگەر ئەو کەسانەی کە بە کۆیلە کرابوون بەرهەڵستییان بکردبایە یاخود ڕایان بکردایە و خۆیان بشاردایەتەوە لەوانەی کە کڕیبوونیان ئەوە ئەو کەسانەی کە کڕیبونیان بۆیان هەبووە کە بیانکوژن.

بردنی ئەفریقییەکان و بە کۆیلەکردنیان زیاتر بە مەبەستی پەرەدان بووە بە هێزی کار و بەکارهێنانیان بووە وەکو خزمەتکار و کۆیلە و کرێکار و هەموو کارێکیان پێ دەکردن، بەتایبەتی ئەوکاتە کاری کشتوکاڵی توتنیان پێ کردوون کە داهاتێکی باشی هەبووە بۆ خاوەن کێڵگە و کشتوکاڵ.

بەپێی فیلمی (Freedom) کە وەک لە سەرەتای فیلمەکەوە ئاماژەی پێکراوە کە ئەوەی لە فیلمەکەدا باسکراوە و دەگێڕدرێتەوە ڕووداوی حەقیقین، لە ساڵانی سەدەی ١٧ دا کەسانێک کە لە خەڵکی ئاسایی پێکهاتبوون لە ئەمریکا هەوڵی ڕزگارکردن و ئازادکردنی خەڵکانی ئەفریقییان لە کۆیلایەتی داوە. وەک لە فیلمەکەدا دەردەکەوێت خەڵکی ئەفریقی تەنانەت لە ئامێر و ئاژەڵ بێ قیمەتتر مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەڵکو ژیانی ئاژەڵ لەوکاتەدا لە ئەمریکا لەچاو ژیانی ئەفریقیە بە کۆیلەکراوەکاندا ژیانێکی شاهانە بووە.

کەس نازانێت ژمارەی ئەو ئەفریقیانەی کە وەکو کۆیلە برانە وڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکی ژمارەیان چەند بوو، بەڵام ئەوەندەی دیارە زیاتر لە ١١ ملیۆن ئەفریقی وەکو کۆیلە براونەتە وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە زۆرینەی زۆریان بۆ ئەمریکا براون.

ئیمپراتۆریەتی بەریتانی حساباتی وا کردبوو بۆ ئەو ئەفریقیانەی کە وەک کۆیلە حسابیان بۆ دەکرا، کە ئەگەر کۆیلەیەکی ئەفریقی ئیشی پێ بکرێت تا دەمرێت و دواتر بە کۆیلەیەکی تر جێگای بگیرێتەوە ئەوە هەرزانتر لەسەریان دەکەوێت وەک لەوەی وەکو مرۆڤێک مامەڵەی لەگەڵ بکەن، لە ماوەی سێ ساڵی گەیشتنی ئەفریقیەکانیش وەکو کۆیلە بۆ سنوری دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بەریتانیا لە کۆی سێ کۆیلە یەکێکیان دەمردن.

مستەر دی، لەسەر ئەوەی کە کۆیلەیەک هەوڵی هەڵهاتنی داوە قاچی بڕیوەتەوە، کەسێکیش لێی پرسیوە، باشە ئەگەر پیاوە کۆیلەکە لەوکاتەدا بمردایە ئەوە وەکو کەسێکی مەسیحی چی وەڵامی خودای دەدایەوە بۆ ئەو کارە ترسناکەی کردوویەتی؟ مستەر دیش وتوویەتی، وەڵامدانەوەی خودا پرسی جیهانێکی ترە، ئەوەی ئەو بیریلێدەکاتەوە و دەیکات سیاسەتە.

سیستمی کۆنترۆڵکردنی کۆیلەکان سەرجەمی لەسەر بنەمای ئەشکەنجە و سزای فیزیکی بووە، بۆ نمونە سزاکانی هەڵهاتنی کۆیلەکان، بڕینی دەست و قاچ و پەنجە و چەندین شوێنی هەستیاری تر بووە.

کاتێک کەسێک کەسێکی تر دەکات بە کۆیلە ئەوە لە ڕاستیدا ئەو کەسە خۆیشی دەبێت بە کۆیلە، چونکە ئەو کەسێکی کردووە بە دوژمنی خۆی و دەبێت لە هەموو حاڵەتێکدا کۆیلەی ترس بێت و لە ترسدا بژی، لە ترسی ئەوەی لێی هەڵگەڕێتەوە و بیکوژێت. لە ڕاستدا ئەو کەسانەی خەڵکی دەکەن بە کۆیلە دوژمن بۆ خۆیان دروستدەکەن و بەوەش لەناو دوژمنەکانیاندا دەژین.

کۆیلە ئەفریقیەکان بە یاسا ڕێگرییان لێکراوە لەوەی ببنە خاوەنی پارە و سامانی خۆیان، ڕێگرییان لێکراوە کە سێ کەسیان یان زیاتر پێکەوە کۆببنەوە (لەترسی شۆڕش بەرپاکردن)، بە یاسا ڕێگرییان لێکراوە کە بخۆنەوە.

لە ساڵی ١٧٤١دا شەڕ هەبوو لەنێوان ئینگلتەرا و ئیسپانیا، لەوکاتەدا ئینگلتەرا ترسی لەو بەڵێنانەی ئیسپانیا هەبوو کە بە کۆیلەکانی دابوو بۆ ئازادکردنیان و ترسی هەبوو کە ئەمە کاریگەری نەرێنی هەبێت لەسەر ئەنجامی شەڕەکە.

تا کۆتاییەکانی ١٧٣٠یەکان لە کۆی شەش کەس لە ئەمریکا کەسێک کۆیلە بووە. کەمتر لە چارەکێکی کۆمەڵگای سپی پێست خاوەنی کۆیلە بوون، بەڵام بەهۆی بازرگانی کۆیلە ئەفریقیەکانەوە ئابووری بووژایەوە. زۆربەی پیشەسازییەکان بەهۆی کۆیلە ئەفریقییەکانەوە برەوی پێدرا و بەرەوپێش چوون.

لە ساڵانی سەدەی ١٨دا دوو لەسەر سێی کۆیلەکان لەسەر خاکی ئەمریکا لەدایکبوون. ئەفریقییەکان ووردە ووردە بوون بە خەڵکانێکی نوێ لە شوێنێکی نوێدا.

تا ساڵی ١٩٢٠ ئافرەت لە ئەمریکا مافی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردن نەبووە، و کۆیلە ئەفریقییەکانیش تا دەوروبەری ساڵی ١٨٧٠ مافی دەنگدانیان نەبووە، بەڵام دوای پێدانی ناسنامەی هاوڵاتیبوون دوای چەندین سەدە ووردە ووردە ئەو مافەیان پێدرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close