دونیا

سوپای ئیسرائیل چوار خۆپیشاندەری فەلەستینی کوشت و سەدانی بریندارکرد

لە خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی ٢٧ی نیسانی ٢٠١٨ی غەززەدا هێزەکانی سوپای ئیسرائیل چوار خۆپیشاندەریان کوشت.

خۆپیشاندانەکە لە چوارچێوەی (گردبوونەوەی گەورەی گەڕانەوە)دا بوو کە ماوەی زیاتر لە مانگێکە بەڕێوەدەچێت و جگە لە کوژرانی ٤ خۆپیشاندەری غەززە، بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەززە زیاتر لە ٣٠٠ خۆپیشاندەری تر برینداربوون.

یەکێک لە کوژراوەکان منداڵێکی ١٥ ساڵە بەناوی عەزام عوەیزە کە فیشەک بە سەریەوە نرابوو لەکاتی خۆپیشاندانەکاندا.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا خۆپیشاندەرانی بە “ئاژاوەگێڕ”و خۆپیشاندانەکەشی بە “ئاژاوە” ناوبردووە و دەڵێت نزیکەی ١٠ هەزار فەلەستینی لەو “ئاژاوەیەدا” بەشدارییان کردووە.

بەوەش ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە خۆپیشاندانەکانی غەززەدا لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژران لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانەوە گەیشتووەتە ٤٥ خۆپیشاندەری فەلەستینی و سەدان بریندار، لە بەرامبەریشدا هیچ ئیسرائیلییەک نەک نەکوژراوە بەڵکو ئازاری پێ نەگەیشتووە و بریندارنەکراوە.

هەرچەندە ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ) داوایکرد گەمارۆی چەک بخرێتەسەر ئیسرائیلی بەڵام پێناچێت گوێ بۆ داواکارییەکەی بگیرێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close