جیهانی ئیسلامیدونیا

پارێزەرێکی ئەمریکی لەکاتی بەرگریکردن لە ترەمپ: ئیسلام وڵاتێکی گەورەیە

پارێزەرێکی ئەمریکی لەکاتی بەرگریکردنی لە پرسی قەدەغەکردنی موسڵمانانی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند کە “ئیسلام وڵاتێکی گەورەیە”.

ڕۆژنامەی نیویۆرک دەیلی نیوزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، نۆیل فرانسیسکۆ داواکاری گشتی باڵا لە ئیدارەکەی ترەمپ لە دادگای باڵا ڕۆژی چوار شەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٨ وتوویەتی “ئیسلام یەکێکە لە وڵاتە گەورەکانی جیهان”.

فرانسیسکۆ بە ئاماژەکردن بۆ بڕیاری ڕێگریکردنی ترەمپ لە موسڵمانان لە چونیان بۆ ئەمریکا وتوویەتی “ئەو بە ڕوونی وتوویەتی موسڵمانانی ئەم وڵاتە ئەمریکی زۆر باشن، و وڵاتانی موسڵمان-نشینی زۆر هەن کە ئەم وڵاتەیان خۆشدەوێت”.

هاوکات لەبارەی دووەم گەورە دینی جیهانەوە و لە زاری ترەمپەوە ئەو پارێزەرە وتووشیەتی “ئەو (ترەمپ) ستایشی ئیسلامی کردووە وەکو یەکێک لە وڵاتە گەورەکانی جیهان”.

عەبد ئەیوب سەرۆکی لیژنەی دژایەتی بێڕێزیکردنی عەرەب ئەمریکی بە دەیلی نیوزی وتووە، توشی سەرسوڕمان نەبووم بەو هەڵەیە “چونکە ئەو شێوازەی کە ئەم ئیدارەیە و ئەم سەرۆکە قسە لەبارەی وڵاتانی موسڵمان-نشینەوە دەکەن زۆر پڕ کێشەیە”.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ لە ماوەی ڕابردوودا ڕێگری لە چوونی هاووڵاتییانی ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی بۆ ئەمریکا کرد بە بیانووی ئەوەی کە هۆکاری سەرەکی تیرۆرن، جگە لەوەی لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتەدا بە هەموو شێوەیەک دژایەتی موسڵمانان و کۆچبەرانی دەکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close