جیهانی ئیسلامیدونیا

ئەمریکا.. بۆئەوەی قورئان نەخوێنێت لە زینداندا ئێف بی ئای گۆرەویی خستە دەمی موسڵمانێکەوە

عەلی ئەلماری ئەو پیاوە موسڵمانەیە کە دوای ١٣ ساڵ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی لەلایەن ئێف بی ئایەوە، دواجار بێتاوان دەرچوو و ئازادکرا.

عەلی دوای سێ ساڵ لە ئازادکردنی هاتووەتە گۆ و دەڵێت “هەڕەشەی لاقەکردن و فڕاندن و ئەشکەنجەدانی خانەوادەکەمیان لێکردم، هەروەها هەڕەشەی خنکاندنیان لێکردم، ئەمانەش بۆئەوەی کە دانپێدانانی درۆ و ساختە لەسەر شتانێک بکەم بۆیان”.

عەلی ئەلماری لە لێدوانەکانیدا ناوی ئەفسەرێکی پێشووی ئێف بی ئایی بردووە بە ناوی عەلی سوفان کە خۆیی وەکو کەسێکی داکۆکیکار و دژ بە ئەشکەنجە دەرخستووە بەڵام ویستوویەتی سود لە هەر زانیارییەک ببینێت کە عەلی ئەلماری بەزۆر ناچار بە ووتنی بکرایە.

عەلی ئەلماری لە گرتەیەکی ڤیدیۆییشدا دەڵێت “دەهاتن و گۆرەوییان دەخستە ناو دەممەوە بۆئەوەی لە قورئانخوێندن بموەستێنن، دوای ئەوەش دەمی منیان بە تیپ دەبەست و بە شێوەی ئاسۆیی و ستونی تیپیان لە سەرم دەدا”.

ئەلماری کە لە خانەوادەیەکی قەتەرییە و چووەتە ئەمریکا بەمەبەستی بەدەستهێنانی ماستەر دەڵێت “چوومە ئەمریکا بۆ تەواوکردنی ماستەر لە سیستمەکانی زانیاری کۆمپیوتەردا”.

ئەلماری شاهیدی ڕووداوەکەی ١١ی سێپتەمبەریش بووە و دەڵێت “ژینگەکە زۆر سەخت بوو، خەڵکێکی زۆر بوونە قوربانی”، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات دوای ئەوە هەستیکردووە کە خراوەتە ژێر چاودێرییەوە و دوای ئەوە هاتوون و پێیان وتووە “فەرمانی دەستگیرکردنتمان پێیە” و ئەلماریش تەنیا وتوویەتی “سوپاسی خوا دەکەم”.

ئەلماری بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زینداندا بووە بەبێ دادگایکردن و تۆمەتبارکردنی بە هیچ تۆمەتێک.

ئەلماری ئاماژەی بە چەندین جۆری ئەشکەنجە کردووە لەلایەن ئەفسەرانی ئێف بی ئایەوە و لەناویاندا عەلی سوفان بەڵام عەلی سوفان لە تویتەرەکەی خۆیەوە ئەوەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت “تەواوی ژیانی کارکردنم بە ملکەچبوونی یاسا و دەستور بەسەربردووە. ئەو تۆمەتە ساختانەش کە تیرۆریستێکی تۆمەتبار دەیانڵێت هیچ بنچینەیەکی ڕاستی نییە”.

بەڵام پارێزەرانی ئەمریکا داوای دەستگیرکردنی عەلی سوفانیان کردووە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کەیسی ئەشکەنجەدانی زیندانیاندا، و جگە لەوەش پارێزەرانی ئەفریقیای باشوور داوای دەستگیرکردنی ئەو ئەفسەرانەیان کردووە کە بەشداربوون لە ئەشکەنجەدانی زیندانیاندا لە ئەمریکا و لەناویاندا عەلی سوفان.

هاوکات ڕێکخراوی (کەیج) ٣٥ هەزار لاپەڕە دۆکیۆمێنت و بەڵگەی لەبارەی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ئەمریکییەوە بڵاوکردووەتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close