بیروڕاكــوردستان

“حەوت قریشکە و یەک فرمێسک”

وەڵامێکی کافی وشافی بۆ ئەوانەی ناخیان ڕەشە بەرامبەر د.علی قەرەداغی ، یان پارە گیراوی ئەم و ئەون و بەپارە بۆگەنی بڵاو دەکەنەوە یان جورەتی رەخنەگرتنیان نیە لە کەسێکی وەک سەرۆکی هەرێم کە بەڕاشکاوی ووتی تورکیا کێشەی لەگەڵ کورد نییە و لەگەل پەکەکە هەیە،دێت رەخنە لە د.عەلی دەگرێت

بە دڵنیاییەوە د. عەلیش پیاوکوژ بوایە و خاوەنی مافیا و چەکدار بوایە پیاوێک نەبوو لەوانەی دەمیان بوونی لێ ئەفڕێ قسەیەک بەرامبەری بکات.

عەلی قەراخی لەنێو بەرداشی یار و نەیارەکانیا.

حەوت قریشکە و یەک فرمێسک.

قریشکەی یەکەم،
لەگەرمەی شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتیا عەلی قەراخی لەیەکێک لەوڵاتە عەرەبیەکان ئەچێتە لای مەسئولێکی عەرەب و داوای هاوکاری ماددی لێ ئەکات بۆ مناڵ و بێوەژن و کەمدەرامەتانی کورد ، کابرای عەرەبیش زۆر ڕقی لەکورد ئەبێت دەستی عەلی قەراخی ئەگرێت و تفێک ئەکاتە دەستیەوە ئەڵێ ئەوە هاوکاری بۆ کورد ، عەلی قەراخیش دەستی ئەهێنێ بەدەم و چاوی خۆیداو بەکابرای عەرەب ئەڵێت ئەوە بەشی من بوو بەڵام بەجدی گەلی کورد هەژار و ستەم لێکراوی زۆرە لەبەرخودا بەشی ئەو مەزڵومانە هاوکاری بکە ، کابرای عەرەب شۆک ئەبێت باوەش بەعەلی قەراخیا ئەکات و داوای گەردن ئازادی لێ ئەکات و پێی ئەڵێ نەتەوەیەک پیاوێکی بەتەحەمولی وەک تۆی هەبێت پێویستە لەدنیاو قیامەت شانازیت پێوەبکەن و هەتا ماون مەمنونت بن کەئاوا لەوڵاتان سواڵیان بۆ ئەکەیت.

قریشکەی دووەم،
عەلى قەراخى بەفەزڵی خوداو بەجوهد و ماندووبونی خۆی بەزیرەکی خۆی ئەو کەسایەتیە جیهانیەی بەدەست هێناوە ، یەک دیناری بۆ خەرج نەکراوە لەلایەن دەسەڵاتی کوردیەوە ، بەپێچەوانەوە ملیۆنان دۆلاری پەیا کردوەو خەرج کردوە بۆ هەژاران و لێقەوماوان و نەخۆشخانەو خوێندنگەو زانکۆو مزگەوت و پرۆژەی ئاوەدان کردنەوە لەکوردستان ، مانگانە موچەی هەزاران مناڵی بێ باوک و بێوەژن دابین ئەکات ، پۆشاک و خۆراک و هەرچی پێویستی ژیان هەیە ئەکاتە دیاری دەستی و خەندەو خۆشحاڵی بۆ جەژن و بۆنەکانی مناڵی کورد ئەگێڕێتەوە …

قریشکەی سێیەم،

عەلی قەراخی خاوەنی زانکۆی گەشەپێدانە لەسلێمانی و قەرەداخ ، بەتەحەداوە بڕی پارەی وەرگیراو لەفێرخوازی زانکۆکە کەمترینە لەسەر ئاستی هەموو زانکۆکانی کوردستان ، وەپێدانی موچە بە مامۆستایانی زانکۆکە بەرزترینە وەک ڕێزێک لەماندوو بون و پیرۆزی کاری مامۆستایەتی ، ساڵانە لە زانکۆکەى عەلی قەراخی نزیکەى ٢٠٠ خوێندکارى سورى بەبەلاش وەردەگیرێن کە زۆربەیان خەڵکى قامیشلۆ و کۆبانێ و عفرینن و نەک ئیسلامى نین کەمێکیش بێ دینن ، وە خۆیان بزانن یان هەرکەسێک وەرەقەیەک بنێرێت بۆ دکتۆر مەریوان ئەحمەد رەشید وەک سەرۆکى زانکۆ بیسەلمێنى خوێندکارێک هەیەو هەژارو نەبوە یان هەرهیچ پارەی لێ وەرناگرن یان نیوە زیاتر داشکاندنی بۆ ئەکەن ، بۆ ڕاستی و سەلماندنی ئەم قسەیە ئەتوانن بڕۆن و لەو خوێندکارانە بپرسن کەچەند هاوکاری ماددی و مەعنەوییان کراوە.

قریشکەی چوارەم،

زانکۆکەى عەلی قەراخی ( گەشەپێدان ) قازانج نەویستە و حەرامی کردوە لەسەرخۆی یەک دیناری قازانجی زانکۆکە بۆ بەرژەوەندی خۆی وەربگرێت، هەموو قازانج و داهاتی ماددی زانکۆکە بۆ پرۆژەی خێرخوازی و هاوکاری هەژاران خەرج ئەکرێت لەڕێی لیژنەیەک لە پرۆفیسۆر و دکتۆرو ئوستازەکانی زانکۆوە ، زانکۆی گەشەپێدان ئاستێکی بەرزو نمونەیی هەیە لەتەدریس و پێگەیاندنی فێرخوازداو هەموو ساڵێک پلەی یەکەم بەدەست ئەهێنێت لەسەر ئاستی زانکۆ ئەهلیەکاندا ، بۆیە لەزۆر شوێنەوه کێشەی بۆ دروست ئەکەن و هەوڵی کپ کردن و داخستنی ئەدەن ، بۆ نمونە وەزیری خوێندنی باڵا بەبڕیارێک داوای لەزانکۆ ئەهلیەکان کردوە لەسەدا چل و پێنج داشکاندن بکەن لەوەرگرتنی پارەی خوێندکاردا، زانکۆکانی نزیک لە دەسەڵاتی زۆنی سەوز تائێستا گوێیان لە بڕیارەکەی وەزیر نەگرتووە، وەزیریش خوا هەڵناگرێ ئەزانێ عەلی قەراخی داماو دانی نیە بۆ گاز گرتن تەنگى پێ هەڵچنیون و ئەڵێت ئەبێ پارەکەتان کەمتریش بکەنەوە و ساڵانه خوێندکاریش کەمتر وەر بگرن کە ئەمەش شەڕێکى ئاشکرایە دژی عەلی قەراخی و گەشەپێدان، ئەم نمونەیە بۆ ویژدانی زیندوتان.
خوێندکار لەزانکۆ ئەهلیەکان نزیکی سی بۆ چل وەرەقەی لێ وەرئەگیرێت بۆ یەک ساڵی خوێندن و بە دوو قیست، بەڵام لەزانکۆکەی عەلی قەراخی زۆرترین پارە کە لەخوێندکار وەرئەگیرێت دەقیقەن شانزە وەرەقەیە بە هەشت قیست، هێشتا جەنابی وەزیر زەخت ئەفەرموێ لەوەش کەمتر بێت.

قریشکەی پێنجەم،

عەلی قەراخی هەرکات سوکایەتی و تەشهیری پێکرابێت زیاتر کۆمەکی و هاوکاری خەڵکی ڕەش و ڕوتی کردووە، بۆ نمونە ئێستا زۆرترین جنێوی پێ ئەدرێت لەسەر کوردانی ڕۆژئاواو بەوە تۆمەت باری ئەکەن هەڵوێستی نیە یان پشتگیری ستەمی تورکیا ئەکات لەبەرامبەر کوردەکانی سوریا ، بەڵام ئەو گوێی نەداوە بەکەف و کوڵی ڕۆژنامەنوسانی کاسەلێسی حیزب و موڕاهیقان و دەم پیسانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان چی ئەڵێن لەبارەیەوە ، گەورەترین هاوکاری ماددی بە بڕی ( ٤ ) ملیۆن دۆلار، کردووە بەخێر لەماوەى ساڵی رابردوودا کە زۆربەى بۆ کوردستانی رۆژئاواى ناردووە و هەزاران خانەوادەی کوردی سوریای لەمردن و برسێتی و ڕەق بونەوە پاراستوە، بەڵگەی ڕاست و دروست و سوپاسنامەش هەیە لەمبارەیەوە.

قریشکەی شەشەم،

عادەتەن کە مانگ خەرمانەی دا بەخیل و حەسودەکان بەدوای کونێکا ئەگەڕێن جوانی مانگی تیا لەکەدار بکەن ، هەندێ دەمڕوت و چەکلی ماستاوچی حیزب ماوەیەکە کەوتوونەتە وێزەی زانکۆکەی عەلی قەراخی و ئەیانەوێ خەڵکی توڕە بچنە سەر زانکۆ و عەیبدارى بکەن یان داوای سوتاندنی ئەکەن بەبیانوی نزیکی خاوەنەکەی لەتورکیاوە ، هۆکارەکەشی ئەوەیە ئەزانن تاکە حزبێک نزیک بێت لە زانکۆی گەشەپێدان یەکگرتووە ، یەکگرتوش شەق وەشێنی نیە ئیعلامێکی گەرم و دەم بەهاواری نیەو هیچى پێ ناکرێت هاتون دەستیان کردوە بەفشەکردن و هەڕەشەکردن لە زانکۆیەک کەبەجدی بۆتە ماڵی هەموو خانەوادە هەژارو کەم دەستەکان ، بەدڵنیاییەوە ئەو زانکۆیە موڵکی لاهوری شێخ جەنگی بوایە لەدەڤەری سەوز کەس جورئەتی نەبوو لەگوڵ کاڵتری پێ بڵێت.

قریشکەی حەوتەم،

بە شاهیدی نێچیرڤان بارزانی و لەدوای ڕیفراندۆم بەتەکلیفی عەلی قەراخی تورکیا هاتەوە سەرخەت بۆ مامەڵەیەکی نوێ لەگەڵ کوردستان و کردنەوەی دەروازە سنوریەکان و پەرەپێدانی بازرگانی و ئابوری ، ئێ باشە بۆ کەلێمان ئەقەومێت هانای بۆ ئەبەین بۆ پینەکردنی سیاسەتمان و لەسەر مەسەلەیەکیش کە ئەو هیچ دەسەڵاتێکی نیە تیایدا تەشهیر و جنێو بارانی ئەکەین؟
بەدەر لە هەموو کارە باشەکانی عەلی قەراخی ئێستە کەسانێک پەیا بوون ئەڵێن هیچى نەکردووە و هەمیشە پاڵپشتی دوژمنانی کوردی کردوە ، بەڵام ڕاستیە تاڵەکە و تاکە گوناهیشى ئەوەیە لەبەر پێگەکەى ناتوانێ هەنێ قسەی باق و بریقی درۆیینە و موزایەدەی فشەکەرانە بکات چونکە خۆی باش ئەزانێت سیاسەت چ بۆگەنی و قێزەونیەکە و عەرەب و تورک وەک سەگ تێى بەر ئەبن و دەرى ئەکەن و ئەوکاتیش کورد باجەکەى ئەدات.

یەک فرمێسک،

یەک فرمێسکەکەم بۆ ئەوەیە هەندێ مەسئولی کورد تیمی ئیعلامی بەهێزو دەم هەراشیان هەیە بۆ پینەکردنی فاحیشەو کاری ناوگەڵیان بەڵام پیاوباش و زانکۆی باش و حیزبی باش ئەناڵێنن بەدەست بێ تیمی ئیعلامی بەهێز و کاریگەر لەسەر ئەو پێشهاتە نەخوازراوانەی یەخەیان ئەگرێت.

لە ژیانما یەکگرتوو یان ڕابیتەکەی عەلی قەراخی نەبوم و ئیشی دەسکێک تەڕەپیازم پێیان نیە ، بەڵام ئەخلاق و ویژدانم ئەمەی پێ نوسیمەوە ، بۆ مەعلوماتی هەموو لایەکیش پاڤێڵ تاڵەبانی هاتۆتە سەرخەت و بەتوڕەییەوە وتویەتی ئەو زانکۆیە دەستەگوڵی بەجێماوی باوکمەو بەهەموو توانام پشتگیری لێ ئەکەم جا ئەوەعەرز و ئەوەگەز کێ خۆی بەپیاو ئەزانێ با لەگەڵ مامی ڕەقەم دووا قسە بکات ، ئابزانە ناودەمی پڕ ئەکا لەفیشەک و میشەک یان نا؟

بەرزان ئەیوب ، سلێمانی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close