جیهانی ئیسلامی

موبارەک: ڕێککەوتنی سەدە ناوچەکە دەتەقێنێتەوە

حوسنی موبارەک سەرۆکی پێشووی میسر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەکی کوەیتی باسی لە “هەڕەشەی ئێران” بۆسەر وڵاتانی کەنداو، ڕێککەوتنی سەدە و هەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی دەوڵەتی فەڵەستین لەسەر خاکی میسر کردووە.

موبارەک بە ڕۆژنامەی ئەلئەنبائی کوەیتیی ڕاگەیاندووە، ڕێککەوتنی سەدە ئێستا هەر تەنیا باسی ڕۆژنامە و میدیاکانە، بەڵام عەرەب پێویستە خۆی ئامادەکات بۆ دەرەنجامەکانی دوای ڕاگەیاندنی.

موبارەک باسی لە سێ زەمینەسازیی کێشەدار کردووە و هەریەکە لە گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەبیبەوە بۆ قودس، ناساندنی بەرزاییەکانی جۆلان وەکو خاکی ئیسرائیل و بەردەوامیدان بە فراوانکردنی نیشتەجێبوون (ی نایاسایی) لەلایەن ئیسرائیلەوە، بەو سێ زەمینەسازییە کێشەدارانە ناوبردووە، وتووشیەتی، “هەموو ئەمانە من ڕەشبین دەکەن لەبارەی دۆخەکەوە.”

غەززە و سینا:

موبارەک وتوویەتی، “من زۆر باش بنیامین نەتەنیاهو دەناسم، ئەویش من دەناسێت و دەزانێت کە هەمیشە قسەلەڕووم لەگەڵی. نەتەنیاهو چارەسەری دوو دەوڵەتی ناخوازێت، ئەو باوەڕی بە پرەنسیپی خاک بۆ ئاشتی نییە. نەتەنیاهو دەیەوێت غەززە لە کەناری ڕۆژئاوا جیاکاتەوە.”

موبارەک وتووشیەتی، نەتەنیاهو لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٠ داوای لێکردووە (داوای لە موبارەک کردووە) کە دەشتاییەکانی سینا بدات بە فەڵەستینییەکانی غەززە. بە وتەی موبارەک، ئەو ئەو داوایەی ڕەتکردووەتەوە و هۆشداریی داوەتە بنیامین نەتەنیاهو سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل کە ئەگەر ئەو بیرۆکەیە بخاتەڕوو ئەوا جەنگێکی تر لەنێوان ئیسرائیل و میسردا ڕوودەدات.

هەڕەشەی ئێران:

لەبارەی هەڕەشەی ئێرانەوە، موبارەک باسی لەوە کردووە، “من نکۆڵی لەوە ناکەم کە ئێران دەخوازێت نفوزی خۆی لە ناوچەکەدا زیادکات و، ئەو ڕاستییەش هەڕەشەیە بۆسەر ئەمنییەتی نیشتمانیی عەرەب.”

موبارەک وتووشیەتی، “دوای ٢٠١١، هەموو ئەو هێزانەی کە تموحی ئەوەیان هەبوو لە هەرێمەکەماندا بناسرێن، سوودیان لە دۆخە مێژووییەکە وەرگرت بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەکانیان. میسر لەگەڵ عێراق بوو لە شەڕی دژی ئێراندا، میسر لەگەڵ کەنداو بوو دژی هەڕەشەی ئێران.”

وتووشیەتی، “دواتر من و شا عەبدوڵا بن عەبدولعەزیزی سعودییە دیدگایەکی هاوبەشمان هەبوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تموحەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، لەکاتێکدا هەوڵماندەدا هێڵێکی تێگەیشتن لەگەڵ ئێرانییەکان بدۆزینەوە.”

موبارەک ڕایشیگەیاندووە، کە هەوڵیداوە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی موحەمەد خاتەمی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران چاک بکاتەوە و لە جنێڤیش چاویان بەیەکتری کەوتووە، بەڵام ئێرانییە توندڕەوەکان ڕێگربوون.

دۆخی تەقینەوە:

موبارەک وتووشیەتی، تموحەکانی ئێران و هەوڵەکانی ڕوونن و، هەڕەشەی ئێران بۆ کەنداو جێگای قبوڵ نییە. باسی لەوەش کردووە، “تموحەکانی ئیسرائیل هاوشێوەی تموحەکانی ئێران ڕوونن، بەتایبەتی لەم حکومەتەی ئێستادا. پێویستە لەگەڵ هەردوو تموحەکەدا بە یەکسانی مامەڵە بکرێت.”

موبارەک لە چاوپێکەوتنەکەدا وتووشیەتی، “پرسی فەڵەستین لەوانەیە (بەزۆر) کۆتایی پێ بهێنرێت.” باسیشی لەوە کردووە کە هەوڵەکان بۆ سەپاندنی چارەسەری نادادگەرانە لەسەر گەلی فەڵەستین بەرەو هیچ ئاشتی و هەماهەنگییەک هەنگاو نانێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە دۆخەکە لەوانەیە لە هەر ساتێکدا بتەقێتەوە.

موبارەک، کە ٣٠ ساڵ حوکمی میسری کردووە، لە ساڵی ٢٠١١دا خۆپیشاندەرانی ناڕازیی میسر لەسەر حوکم لایانبرد، دواتر کرایە زیندانەوە و لەسەر کوشتنی خۆپیشاندەران سزای زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ٢٠١٣ بەسەر موحەمەد مورسیدا، موبارەک و کوڕەکانی بە بڕیاری دادگا ئازادکران.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close