دونیا

فەڕەنسا هەڕەشەی زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووسان بە ٥ ساڵ و غەرامەکردنیان بە دەیان هەزار دۆلار دەکات

میدڵ ئیست ئای بڵاویکردووەتەوە، فەڕەنسا هەڕەشەی زیندانیکردن لە ڕۆژنامەنووسان دەکات لەسەر ئەوەی ئاشکرایانکردووە چەکی فەڕەنسی لە یەمەن بەکاردەهێنرێت، باسی لەوەش کردووە هەر ڕۆژنامەنووسێک پێدەچێت ڕووبەڕووی ٥ ساڵ زیندانی و ٨٣ هەزار دۆلار غەرامە ببێتەوە.

بەگوێرەی زنجیرەیەک ڕاپۆرت کە لە مانگی نیسانی ڕابردوودا بڵاوکرانەوە، ڕۆژنامەنووسە لێکۆڵەرەکان (بنکۆڵکارەکان)ی ڕادیۆی فەڕەنسا و ڕێکخراوی دیسکلۆسی ناحکومیی فەڕەنسی، ژمارەی ئەو چەکە فەڕەنسییانەیان ئاشکراکردووە کە بە سعودییە و ئیمارات فرۆشراون.

ئەو دۆکیۆمێنتانەی لە ڕاپۆرتەکاندا بەکارهاتوون هی بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی فەڕەنسا (دی ئێس جی ئای)ین، کە دەریدەخەن بەرپرسانی باڵای فەڕەنسا لەبارەی ڕۆڵی ئەو چەکانەی لە جەنگی یەمەندا بەکارهاتوون درۆیان کردووە.

دوای ئەو ڕاپۆرتانەش، هەریەکە لە جێفری لیڤۆلسی و ماسیاس دێستاڵ دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی دیسکلۆس و، بێنۆیت کۆلۆمبات ڕۆژنامەنووس لە ادیۆی فەڕەنسا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای هەواڵگریی سەربازی فەڕەنساوە بانگهێشتکراون و لێپێچینەوەیان لێ کراوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو سێ کەسە ڕەتیانکردووەتەوە کە سەرچاوەکانیان ئاشکرابکەن و، لەکاتی لێپێچینەوەیاندا بەرگرییان لە ئازادی ڕۆژنامەگەری کردووە.

بەگوێرەی یاسای ڕۆژنامەوانیی ١٨٨١، ئازادی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی سەرچاوەکان لە فەڕەنسادا دراوە بە ڕۆژنامەنووسان. سەرەڕای ئەوەش بەپێی یاسایەکی ساڵی ٢٠٠٩ دەتوانرێت ڕۆژنامەنووسان سزابدرێن و، ئەگەر تۆمەتباربکرێن ڕووبەڕووی تا پێنج ساڵ زیندانی و ٨٣ هەزار دۆلار غەرامە دەبنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان، فەڕەنسا لەڕووی ئازادیی ڕۆژنامەوانییەوە لە پلەی ٣٢هەمیندا دێت.

لە جەنگی ناوخۆی یەمەندا نزیکەی ١٨ هەزار هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و بەهۆی برسێتیشەوە زیاتر لە ٨٥ هەزار منداڵ گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش جگە لەو هەموو کاولکارییەی کە بەهۆی جەنگەوە لەو وڵاتەدا ڕوویداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close