جیهانی ئیسلامیدونیا

مامی شازادەی جێنشین جێگا بە برازاکەی لەق دەکات و کورسی جێنشینی شای لێدەسێنێتەوە

ئەمڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانی ناو خێزانی شاهانەی سعودییەوە بڵاویکردەوە، بەهۆی کەیسی خاشقچییەوە دەیان شازادە و ئامۆزای شازادە دەیانەوێت شازادە بگۆڕێت.

ڕۆیتەرز دەڵێت، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پشتیوانی خۆیانیان دەربڕیوە بۆ ئەحمەد بن عەبدولعەزیز (برای سەلمان بن عەبدولعەزیز) کە ببێت بە شازادەی جێنشین و جێگای موحەمەد بن سەلمان بگرێتەوە.

سەرچاوەکانی بنەماڵەی شاهانەی سعودییە بۆ ڕۆیتەرز باسیان لەوەش کردووە، کە تاوتوێی جێگرتنەوەی شا سەلمان بە ئەندامێکی تری خانەوادەی شاهانە، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، دەکرێت؛ دوای مردنی شا سەلمان.

بە بڕوای بەندە دوور نییە لە ماوەیەکی نزیکی داهاتوو شا سەلمان بە شێوەیەکی سروشتی بمرێت یان بە هەر شێوەیەکی تربێت بکوژرێت.

سەرچاوەکانی خانەوادەی شاهانەی سعودییە دەڵێن، ئەحمەد بن عەبدولعەزیز پاڵپشتیی ئەندامانی خانەوادەی شاهانە و دەزگا ئەمنییەکان و هەندێک هێزی ڕۆژئاوای هەیە (بۆ جێگرتنەوەی موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە).

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە کە پەیوەندی بە شازادە ئەحمەد یان هەر نوێنەرێکی ترییەوە بکات و بەرپرسانی ڕیازیش لێدوانیان لەوبارەیەوە نەداوە و بەردەست نەبوون.

پێشتر خالید بن فەرحان شازادەی سعودی لە ئەڵمانیاوە داوای لە هەریەکە لە هەردوو شازادەی مامی ئەحمەد بن عەبدولعەزیز و موقرین بن عەبدولعەزیز کردووە کە کودەتا ئەنجامبدەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئای، شازادە خالد بن فەرحان کە لە ساڵی ٢٠١٣ وە مافی پەنابەرێتی سیاسی لە ئەڵمانیا وەرگرتووە، ڕایگەیاندووە، “سەرکێشی و نەزانی و بڕیارە ناڕاستەکانی شا سەلمان زیانێکی قەرەبوونەکراوی بە بنەماڵەی شاهانە و حکومەتەکەی گەیاندووە بۆیە داوای لە مامەکانی، شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز و شازادە موقرن بن عەبدولعەزیز کردووە هەوڵ بۆ ئەنجامدانی کودەتا لە سعودیە بدەن”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر مامەکانی وەڵامی داواکارییەکەی بدەنەوە و یەکبگرن، ٩٩% خەڵکی سعودیە پشتیوانییان لێدەکەن.

شازادە خالد بن فەرحان ڕاشیگەیاندووە، “توڕەییەکی زۆر لەناو بنەماڵەی شاهانەی سعودیە هەیە و ئەگەر شازادە ئەحمەد و شازادە موقرن هەوڵ بۆ باشترکردنی دۆخەکە بدەن، هەموومان پشتیوانییان لێدەکەین”.

ئاشکراشیکردووە، چەندین ئیمەیڵی لە خەڵک و پۆلیس و ئەندامانی سوپای سعودیە پێگەیشتووە و کە پشتیوانی خۆیان بۆ ئەو کارە دەربڕیوە.

پێشتریش بەندە لە ١٥ی ئۆکتۆبەر بڵاومکردەوە، ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای شا سەلمان (مامی شازادە محمد بن سەلمان)، ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەریتانیای لەپشتن و ئەو سێ وڵاتەش هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمریکا بۆی دەدەن، ئێستاش بەگوێرەی سەرچاوەکانی خێزانی شاهانە کە بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا پشتگیریی لێ دەکەن.

پێشتر و لە لەندەن شازادە ئەحمەد بن عەبدولعەزیز برای شا سەلمان لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە ڕایدەگەیەنێت، “شا سەلمان و محمد بن سەلمان” بەرپرسیارن لە جەنگی یەمەن.

وتووشیەتی، “چەند کەسێکی دیاریکراو هەن کە بەرپرسیارن، لۆمەی هەموو خێزانی ئالسعود مەکەن. لە یەمەن و شوێنەکانی تریش هیواخوازین کە جەنگ ئەمڕۆ کۆتاییبێت نەک سبەینێ”.

ئەم وتانەی براکەی شا سەلمانیش لە سەردانێکیدا بووە بۆ لەندەن و لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لە گەرمەی بێنە و بەردەی کەیسی خاشقچیدا و لەکاتێکدا سعودییە گیرۆدەی کەیسی جەمال خاشقچی بوو، ئەحمەد بن عەبدولعەزیز، برای شا سەلمان، بە هاوکاریی زلهێزەکانی ڕۆژئاوا ٣١ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند کە دەگەڕێتەوە بۆ سعودییە.

پرسیارەکان ئەوەن، ئایا دوای ئەوەی موحەمەد بن سەلمان کودەتای بەسەر مامیدا کرد و کورسی شازادەی جێنشینی لێ وەرگرتەوە، مامی دەتوانێت کورسییەکە بەدەستبێنێتەوە؟! ئایا مامیش هەر وەکو برازا بانگخوازان لە کونجی زیندانەکان دەنێت و لە کۆکوژکردنی منداڵانی یەمەن بەردەوام دەبێت؟! ئایا جیاوازی مام و برازا چی دەبێت؟! ئایا مامیش هەر وەکو برازا میکرۆبێک دەبێت بۆ موسڵمانان و سەروەت و سامانی موسڵمانان دەدات بەو کەسانەی کە قەتڵوعامیان دەکەن و خاک و سەروەتیان دەبەن؟! ئایا مامیش هەر دینفرۆش و خوێن و خاکفرۆش و پاڵپشتی دوژمن و دوژمنی دۆستەکانی و دۆستانی دین دەبێت؟! ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری تر لە داهاتوودا وەڵامیان وەردەگرینەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close