بیروڕا

جاشایەتی جاران

دکتۆر فاتیح سەنگاوی*

له‌سه‌رده‌می رژێمدا پرۆسه‌ی كردنه‌ به‌عسی به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كانی ته‌ماس و گه‌رمیان و نزیك له‌كه‌ركووك و به‌تایبه‌تیتر له‌نێوخوێندكاراندا كارێكی پلان بۆ داڕێژراوبوو، كه‌م خوێندنگا هه‌بوو به‌ته‌واوی خوێندكاران نه‌بوبێتن به‌به‌عسی به‌خۆشی یان ناخۆشی! بنیات له‌سه‌ر دووخاڵ بوونه‌ به‌عسی بۆ من هێڵی سوورو قه‌ده‌غه‌كراوبوو، یه‌كه‌م له‌رووی ئاینی‌(كاتێكیتر له‌سه‌ری ده‌دوێم)، دووه‌م به‌حوكمی سته‌ملێكراوی و باجی كوردبوونه‌وه‌ كه‌ به‌عسی بوون لای من‌ ناپاكی بوو، بیرمه‌ دایكم 3رۆژ بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌گ گریا كه ‌له‌و به‌رماڵمانه‌وه‌ و له‌شه‌وێكی ناوه‌ڕاستی هه‌شتاكاندا له‌ دێی قه‌ڵا شه‌هیدكرا و خه‌ڵكی كه‌ركووك بوو …

جلی سه‌وز و زه‌یتونی هێمای ترسبوو بۆ ئێمه‌، له‌ ژێرچاوه‌وه‌ سه‌یرمان ده‌كردن، ئه‌من هێمای نائارامی و ترسبوو، ته‌نانه‌ت له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی كوردییشدا ئاساییشی كوردی نه‌یتوانی ئه‌و وێنه‌یه‌مان له‌پێشچاو بسڕێته‌وه‌!
به‌حوكمی فه‌وتانی ساڵێك و پێشینه‌ی خوێندنی ئایینی هه‌م زیره‌ك بووم و هه‌م كه‌مێك گه‌وره‌تر دیاربووم، مامۆستا محمد ناوێكی موسڵی له‌ سێ ساڵی ناوه‌ندیدا ته‌واوی تواناكانی خسته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی بمكاته‌ به‌عسی چونكه‌ هه‌ر من مابووم، ته‌نانه‌ت كار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی هه‌ستی كردبوو رۆڵی ئایین هه‌یه‌ له‌م بابه‌ته‌دا و ده‌یووت ئێمه‌ دژی دین نیین! دواتر نائومێدم كرد! دوای ئه‌وه‌ی رۆڵی به‌به‌عسی كردنی خوێندكاران كه‌وته‌ ده‌ست مامۆستایه‌كی كورد رۆژێك هاتوو له‌ناو پۆلدا وتی: فاتح ده‌بێته‌ ببیته‌ به‌عسی، وتم نابم، وتی ده‌بیت! وتم نابم، وتی ده‌بیت! له‌و كاته‌ كاك نعمان عبدالرحمن كه‌ خوێندكارێكی قسه‌ خۆشبوو، وتی: وحدة حرية إشتراكية! ئه‌ویش به‌توڕه‌بوونه‌وه‌ وتی: كێ ئه‌و ….ی خوارد! ئیتر بۆم هات تاوه‌كو لێم بدات! منیش هه‌ر به‌ پشتا ده‌رۆیشتم بۆ ده‌ره‌وه‌ تاوه‌كو نزیك ده‌رگا به‌ قسه‌ی ناخۆش بردمی و منیش خۆم ته‌سلیم نه‌كرد و كۆتا جار وتی ئه‌وه‌ تۆ فه‌سڵی!
نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌وامم نه‌كرد! خوا كردی راپه‌ڕینی به‌سه‌ردا هات و دواتر و كۆڕه‌و!! ئیتر له‌ پێنجوێنه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی پۆلی سێی وه‌زاریی، هه‌مان مامۆستا كه‌ مودیر بوو له‌كاتی تاقیكردنه‌وه‌كه‌ هاته‌ لامه‌وه‌و وتی: هه‌وڵده‌ یه‌كه‌م بیت چونكه‌ یه‌كه‌مه‌كان ئه‌مساڵ سه‌یاره‌یان پێ ده‌ده‌ن! منیش بێ ده‌نگیم هه‌ڵبژارد و نه‌مویست له‌رووی بده‌م!!

سه‌یر له‌وه‌ بوو هه‌ندێ له‌و هاوڕێیانه‌ی كه‌ ئه‌و كات به‌ناچاری ببونه‌ به‌عسی و تا رۆژی راپه‌ڕینیش ئیشتراكاتیان كۆده‌كرده‌وه‌، دواتر ئیلتیزام و قورئان وتنه‌وه‌كه‌ی ئێمه‌یان به‌ شتێكی مه‌ترسیدار ئه‌ژمار ده‌كرد و ته‌نانه‌ت رۆژێكیان(دوای ئه‌وه‌ی‌ گه‌لاوێژی خوشكمیان له‌سه‌ر قورئان وتنه‌وه‌ بانگێشت كردبوو بۆ كۆمیته) به‌یه‌كێكیان گه‌یشتم و‌ گله‌ییم لێكرد له‌وه‌ڵامدا پێی وتم: كاك فاتیح ئه‌م كاره‌ی ئێوه‌ بۆ ئه‌منی قه‌ومی خراپه‌!! پێم وت: ئێسته‌ تۆ بویته‌ داكۆكیكار له‌ ئاسایشی نیشتیمانی و ئێمه‌ش مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئه‌و ئاسایشه‌! دیاره‌ رێز و خۆشه‌ویستیم بۆی هه‌یه‌ تكایه‌ نه‌یگرێته‌ دڵ ته‌نها بۆ خوێندنه‌وه‌ی واقیع ئاماژه‌م پێیدا… به‌عسی بونیش بۆ ئه‌و كات ببوه‌ كارێكی ناچاری هه‌موو كه‌س نه‌یده‌توانی ره‌تی بكاته‌وه‌!

زۆر ڕاسته‌ پێوه‌رى نيشتمان په‌روه‌رى و دلسۆزى له‌م سه‌رده‌مه‌دا به‌ميزاج ويستى كه‌سه‌كانه‌ ، ڕۆژيك به‌عسى بون (جاشايه‌تى ) نيشانه‌ى نيشتمان په‌روه‌رى هه‌ندێك بوو ڕۆژێكيش ( دزى گه‌نده‌ڵى تاڵان كردنى كوردستان) و ڕۆژێكيش په‌نا بردن بۆ سوپاى داگيركه‌ران له‌ ( رفاق و حرس جمهورى وله‌ سوپاو به‌سيج و جه‌ندرمه‌ ) رؤژێكيش ( ته‌سليم بونى 100% ) به‌ ڕۆژئاوا به‌ هه‌موو سلبيات و داڕمانه‌ ئه‌خلاقى بێ ڕه‌وشتيه‌كانيه‌ وه‌ ………………
به‌ڵام ئه‌وه‌ى جێى دڵخۆشيه‌ خواو خه‌ڵكى به‌ويژدان و ڕۆح زيندوو و مێژووش هه‌موو ئه‌مانه‌ تۆمار ده‌كات و دونيا هه‌رچه‌ند شه‌وه‌ زه‌نگ بێت ناتوانێت ڕاستيه‌كان بشارێته‌وه‌ …..

*دکتۆر فاتیح سەنگاوی دکتۆرای هەیە لە زمانی عەرەبی و فیکری ئیسلامی و کاندیدی ژمارە ٤ ی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە لە پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close