جیهانی ئیسلامیمێژوو

پەیامەکانی نێو قورئانە خوێناوی و دڕاو و سوتێنراوەکان

قورئان سەرجەمی پەیامی گرنگ و بەبایەخە، هیچ پەیامێک لە قورئاندا نییە کە گرنگی و بایەخی نەبێت، پەیامەکانی بۆ هەموو کات و سەردەمێک گونجاون، هەندێکیان هەر دەڵێی تازە دابەزیوون بۆ مرۆڤایەتی. لێرەدا چوار پەیامی نێو پەڕە دڕاو و خوێناویی و سووتاوەکانی قورئان، کە بەهۆی جەنگ و کاولکارییەوە دڕاون و خوێناوی بوون و سووتاون، باسدەکەم.

١- پەیامی قورئانی نێو دەستی منداڵێکی سووری – سوریا

Image may contain: 5 people

کۆتایی مانگی شووباتی ٢٠١٨ وێنەیەکی غوتەی شەرقی تەواو دڵهەژێن لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێسەوە بڵاوکرایەوە، ئەوەی زۆرینەی بینەر سەرنجیان نەداوە لەوانەیە قورئانەکەی دەستی ئەو منداڵە بێت، بەڵام ماوەیەکی زۆر خەریکی گەڕان و بەدواداچوونی لاپەڕەکانی ئەو قورئانەی دەستی ئەو منداڵانە بووم، دواجار دۆزیمەوە کە لاپەڕەی ڕاستی سورەتی (الانشقاق/لەتکردن) و لاپەڕەی چەپی سورەتی (البروج/کۆشکی ئەستێرەکان) بوو.

لەوەش سەرسوڕهێنتر چەند دێڕێکی ناو یەکێک لە لاپەڕەکان بوو لە سورەتی البروج ئایەتەکانی ٤ تا ٧، کە ڕێک دەتوت بۆ ئەو دۆخە نوسراوە، تەفسیری ئایەتەکانی ٤ تا ٧ی سورەتەکە بەم شێوەیەیە، “بە کوشت چن، نەفرینیان لێبێت، ئەوانەی کە چاڵیان هەڵکەند (بۆ ئیمانداران). ئاگری داگیرساو و بەتینیان تێدا کردەوە، ئەوکاتەی کە بە دەوریدا دانیشتبوون، و لە نزیکەوە چاودێری ئەو کارەساتەیان دەکرد کە بەسەر باوەڕداراندا دەهێنرێت و خۆیان لە نزیکەوە سەرپەرشتییان دەکرد!”

٢- پەیامی قورئانێکی خوێناوی – سودان

No photo description available.

ئەو قورئانەی کە بە خوێن نەخشێنراوە وێنەی قورئانی قوتابخانەیەکی ئیسلامیی سۆماڵە، دیسان بە کەمێک زیاتر وردبوونەوە لە دێڕەکانی نێو ئەو لاپەڕانەی قورئان پەیامێکی گرنگ دەبینرێت، کە ڕێک دەڵێی لەو کاتەدا ئەو دێڕانە دابەزیوون!

ڕووداوەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٨ بوو، دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ئەم قورئانە خوێناوییەش دیقەتی سورەتەکەم دا (لە دەستە چەپ) کە سورەتی (المجادلة)یە، لەناو ئایەتەکانی ئەو یەکەم لاپەڕەیەی سورەتەکەش (لە ئایەتی شەش) کە بە خوێنی منداڵە موسڵمانەکان ڕەنگ بووە خودا باس لەوە دەکات کە: “لە ڕۆژێکدا کە خودا هەموویان زیندوو دەکاتەوە پێکەوە، ئەوسا هەواڵی هەموو کار و کردەوەکانیان پێ ڕادەگەیەنێت، خودا ئاماری کردووە و ئەوان فەرامۆشیان کردووە، خوایش شایەت و ئاگایە بەسەر هەموو شتێکدا”.

٣- پەڕە قورئانێکی دڕاو – غەززە

Image may contain: text

ئەو تاکە لاپەڕە دڕاوەی قورئان کە بەهۆی هێرشەکانی مانگی نیسانی ئەمساڵی ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە دڕاوە، وردبوونەوەی باشی دەوێت، چونکە پەیامێکی زۆر سەرسوڕهێنەری تیایە و دیسان ئەو پەیامەش دەڵێی لەو ساتەدا و بۆ ئەو شوێنە دابەزیوە.

دیقەتی سورەتەکە و چەند ئایەتێکی سورەتەکەم دا، سورەتی النحل-ە، ئایەتی ٤٥ی، کە لەو لاپەڕە دڕاوەدا دەرکەوتووە، تیایدا خوای جیهانیان دەفەرموێت، “جا ئایا ئەوانەی کە چەندەها پیلان و نەخشەی خراپیان کێشاوە، دڵنیان لەوەی کە خوا نایانبات بە ناخی زەویدا، یاخود لە لایەکەوە سزا و تۆڵەیان بۆ بێت کە هەر هەستی پێ نەکەن؟..”

ئایەتەکانی تری پێش و پاشی ڕێک دەڵێی بۆ ئەو دۆخەی غەززە و جیهانی ئیسلامی نووسراون، دەکرێت ئەو کەسەی ئەم بابەتە دەخوێنێتەوە بچێتە سەر سوورەتی النحل و تەفسیرەکەی بخوێنێتەوە.

٤- قورئانە سوتاوەکان – ئەفغانستان

Image may contain: outdoor


ئەم قورئانانە شەوی ٩ی ئایاری ٢٠١٩ لە بۆردومانێکی هێزەکانی ئەفغانستان و ئەمریکادا بۆسەر قوتابخانەیەکی دواناوەندی سووتاون. وردبوومەوە لەو قورئانەی دەستە چەپ (کە سەهمەکەی بۆ ڕاکێشراوە)، سورەتی (التوبة)یە و ئایەتی ١٠٤ و ١٠٥ی دەرکەوتووە.
لە ئایەتی ١٠٥دا خوای گەورە دەفەرموێت:
“بەو خەڵکە بڵێ: ئێوە هەرچی دەتوانن لە کار و کردەوە ئەنجامی بدەن، چونکە خوا کار و کردەوەکانتان دەبینێت و (ئاگادارە بە نهێنی و ئاشکرای)، هەروەها پێغەمبەرەکەشی (ئاگادار دەکات کاتێک لە ژیاندایە، دوای وەفاتیشی بۆ خوای گەورە ئاسانە کە نیشانی بدات)، هەروەها ئیماندارانیش (ئاسەوار و دەرەنجامی دەبینن)، پاشان دەگەڕێنرێنەوە بۆ لای ئەو خوایەی کە زانایە بە نهێنی و ئاشکرا، ئەوسا ئاگادارتان دەکات لە هەموو ئەو کار و کردەوانەی کە ئەنجامی دەدەن.”

لەمەوە دەگەین بەوەی کە قورئان بۆ هەموو کات و سات و سەردەمێکە، لەوانەیە کەسانێک پێیانوابێت کە ئایەت و سورەتێک بە کەڵکی هەرێمەکەی ئێمە ناخوات، بەڵام لەڕاستیدا ئەو کەسانە و ئەو جۆرە بیرکردنەوانە هەڵەن، چونکە قورئان کەلامی بەدیهێنەری جیهانیانە و بەدیهێنەری جیهانیانیش (علیم) و (خبیر)ە بە بچووکترین تا گەورەترینی بوونەوەر و دروستکراوەکانی نێو کەون.

(وەرگیراوە)

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close