بیروباوه‌ربیروڕا

كۆیله‌یی له‌ نێوان داهێنان و له‌ناوبردندا

نووسینی: صلاح الدین محمد بهاء الدین

كۆیله‌یی و به‌نده‌و كه‌نیزه‌ك سیسته‌مێكی دێرینی سته‌مكارانه‌ی هه‌زاران ساڵه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆیی بوو، كه‌له‌ ئه‌نجامی چینایه‌تی و شه‌ڕ و جه‌نگه‌ خوێناوییه‌كانی هۆز و ده‌سه‌ڵاتداره‌كانه‌وه‌ په‌یدا بووه‌ و، دیله‌كانیان ئه‌كرده‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ك و دوایی كڕین و فرشتنیان پێوە ده‌كردن و، به‌رده‌وام ده‌بوو له‌ نه‌وه‌كانیشیاندا.

جا عه‌ره‌ب وه‌كو هه‌موو گه‌لانی تری ئه‌و سه‌رده‌مه‌ بێ به‌ش نه‌بوون له‌و ڕه‌وشه‌ و پڕیبوو له‌م دیارده‌یه‌.

له‌ قورئاندا (15) پانزه‌ جار ناوی كۆیله‌ و (ملك الیمین) له‌ سیاقی چاره‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌مه‌ش به ‌مانای لێڕازیبوون نییه‌، چونكه‌ هه‌رگیز ناوهێنان پێڕازیبون ناگه‌یەنێت. هه‌روه‌ك له‌ قورئاندا باسی گوناهه‌كان كراوه‌، به‌ڵام له‌ سیاقی چاره‌سه‌ر و ئه‌حكامی سزادا، هه‌روه‌ها باسی هه‌ژاری كراوه‌ به ‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ر و وه‌سفی حاڵ..و …هتد.

هه‌روه‌ها وه‌كو حاڵه‌تێكی سه‌لبی باسی كۆیله‌یی كردوه‌ بۆ چاره‌سه‌ر ، به‌كورتی ئیسلام كۆیله‌یی دانه‌هیناوه‌ هه‌ر پێش ئیسلام بوه‌ ، به‌ڵام ئیسلام ئازادكردنی داهێناوچه‌ندین ڕێگه‌ی بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ گرته‌به‌ر.

هه‌روه‌ك سه‌رچاوه‌كانی وشك كردو قه‌تیسی كرد له‌ جه‌نگدا .ئه‌ویش جه‌نگێكی په‌سه‌ندو دروست كه‌ ئه‌حكامی خۆی هه‌یه‌ و (دیل ) تیایدا سه‌لامه‌ت و ئارامه‌..بۆ ئه‌مه‌ش یاساكه‌ ئه‌مه‌یه‌: (.. فإما منا بعد وإما فداء حتى تضع الحرب أوزارها…(محمد :٤)

یا ئازادكردن و به‌خشین یا به‌گۆڕینه‌وه‌ و فیدیه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن.

كه‌واته‌ ته‌نها ئه‌م ئایه‌ته‌ هه‌یه‌ له‌ قورئاندا كه‌ دان ده‌نێ به‌ كۆیله‌كردن (دیلگرتن) ئه‌ویش به‌م شێوه‌ ئه‌خلاقی و جوانه‌: دیله‌كان یا به‌ پیاوه‌تی خۆتان ئازادیان بكه‌ن یا بیانگۆڕنه‌وه‌ و به‌ فیدیه‌ و به‌رامبه‌ر. به‌م شێوه‌یه‌ سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كی كۆیله‌یی وشككردووه‌.

جگه‌ له‌م ئایه‌ته‌، ئایه‌ته‌كانی تر گشت باسی ئه‌حكامی چاره‌سه‌ر و مامه‌ڵه‌ی واقیعی حاڵه‌ته‌كه‌یه‌ نه‌ك وه‌كو ڕازیبون. به‌ڵكو وه‌كو ئه‌مری واقعێك باسی به‌رنامه‌ی بنبڕكردن و چاره‌سه‌ری.ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێ كه‌ ئیسلام هه‌میشه‌ به‌ به‌رنامه‌ و پله‌ به‌ پله‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و حاڵه‌ته‌ سه‌قه‌ت و نادروستانه‌ی كردوه‌ كه‌ ڕیشه‌ی له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا داكوتاوه‌.

بۆیه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاو ئاماده‌كردنی ده‌رونی مرۆڤه‌كان بوو كه‌ هه‌موو به‌ ( به‌به‌نده‌و ئاغاوه‌ ) له‌ مرۆڤ بوندا یه‌كسانن ، وه‌هه‌ر جیاكارییه‌ك كه‌له‌ كۆمه‌ڵگه‌دا بونی هه‌یه‌ ده‌سكردی مرۆڤه‌كان خۆیانه‌ و خۆیان لێی به‌رپرسیارن ، جگه‌ له‌مه‌ شتیكی وه‌كو (كۆیلایه‌تی ) كه‌ ڕه‌هه‌ندی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی وسایكۆلۆژی هه‌بوه‌ و بۆ ماوه‌ی سه‌دان ساڵیه‌ ، هه‌رگیز ناكرێ به‌ كتوپڕی چاره‌سه‌ر بكرێ ..بۆیه‌ به‌رنامه‌ی ئیسلام بۆ چاره‌سه‌ر له‌ چه‌ند خاڵێكدا بخه‌ینه‌ ڕوو:

1- جاڕدانی یه‌كسانی شكۆی مرۆڤ بون ..( ييا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا ان اكرمكم عند الله اتقاکم ان اللە علیم خبیر (الحجرات :١٣)

ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ بێگومان ئێمه‌ هه‌مووتانمان له‌نێرو مێیه‌ک دروستکردووه‌ (که‌باوکه‌ئاده‌م و دایکه‌ حه‌وایه‌) و کردوومانن به‌چه‌نده‌ها گه‌ل و تیره‌ و هۆزی جۆربه‌جۆر، تا یه‌کتر بناسن و په‌یوه‌ندیتان خۆش بێت به‌یه‌که‌وه‌ … به‌ڕاستی به‌ڕێزترینتان لای خوا ئه‌و که‌سانه‌تان که‌زۆرتر له‌خواترسه‌و فه‌رمانبه‌رداری خوایه‌، بێگومان خوا زاناو ئاگایه‌ به‌هه‌مووان.

2- چاكه‌ كاری له‌گه‌ڵ به‌نده‌و كه‌نیزه‌ك بوو به‌ به‌شێك له‌ دینداری ..و ئاغاو خاوه‌نه‌كان ئیلتزام (پابه‌ند) كراون كه‌ دابینكردنی خۆراك پۆشاك و جێی ئیسراحه‌ت، وه‌ك خۆیان و ریعایه‌تی توانای هه‌ر كام له‌و به‌ندانه‌ (كۆیلانه‌)..پێغه‌مبه‌ر صلی الله علیه‌ وسلم ده‌فه‌رموێت : ( إخوانكم خولكم جعلهم الله تحت ایدیكم فمن كان أخوه‌ تحت یده‌ فلیطعمه‌ مما یأكل ولیلبسه‌ مما یلبس ولا تكلفوهم ما یغلبهم فإن كلفتموهم فأعینوهم ) واته‌ براكانتان خزمه‌تتان ده‌كه‌ن و كاره‌كانتان بۆ چاك ئه‌كه‌ن خوای گه‌وره‌ خستونیه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێوه‌وه‌ ، جا هه‌ركه‌س برایه‌كی خزمه‌ته‌كاریه‌تی و خزمه‌ت ده‌كات و له‌ژێر ده‌ستی ئه‌ودایه‌ با له‌و خواردنه‌ی خۆی خواردنی پێبدات و له‌به‌رگ و پۆشاكی خۆیشی پۆشته‌ی بكات ، وه‌كارێك مه‌ده‌ن به‌سه‌ر یاندا له‌ توانایاندا نه‌بێت ، خۆئه‌گه‌ر پیویست بو كاریكی گران ئه‌نجام بده‌ن ئه‌وه‌ پیویسته‌ ئیوه‌ش یارمه‌تیان بده‌ن.
(رواه‌ البخاری ومسلم)

3- له‌ده‌یان بواردا ئازادكردنی كۆیله‌ بوه‌ته‌ یه‌كێك له‌ غه‌رامه‌و سزاكانی موسڵمان له‌كاتی ڕودانی گوناهدا ..له‌ سوێند شكاندندا..له‌كاتی( ظهار)دا..له‌كاتی كوشتنی بێ مه‌به‌ستدا (قتل غیر عمد)..له‌كاتی شكاندنی ڕۆژووی مانگی ره‌مه‌زاندا.

4- به‌ر‌نامه‌ی (مكاتبة) خۆكڕینه‌وه‌ی كۆیله‌كان و دیاری كردنی هه‌شت یه‌كی( بیت المال)ی ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌و كاره‌ هه‌نگاوێكی عه‌مه‌لی وهاندانێكی ئاشكرایه‌ بۆ ڕزگار بونی كۆیله‌كان له‌ كۆیلایه‌تی و به‌ندایه‌تی .. (إإنما الصدقات للفقراء والمساكين والعاملين عليها والمؤلفة قلوبهم وفي الرقاب والغارمين وفي سبيل الله وابن السبيل فریضة من اللە واللە علیم الحکیم (التوبة :٦٠)

بێگومان زه‌کات ته‌نها بۆ هه‌ژارو نه‌داران و ئه‌و که‌سانه‌ی که‌کارمه‌ندن به‌سه‌ریه‌وه‌ و به‌و موسڵمانه‌ نوێیانه‌ی که‌ هێشتا ئیمان جێگیر نه‌بووه‌ له‌دڵیاندا و… بۆ ئازادکردنی کۆیله‌کان…و بۆ (یارمه‌تیدانی) قه‌رزداره‌کان و بۆ گه‌یاندنی ئاینی خوا (هه‌ر بوارێک که‌ خزمه‌ت به‌بانگه‌وازی ئیسلام بکات و ئاینی خوا به‌ره‌و پێش و سه‌رکه‌وتن ببات) هه‌روه‌ها بۆ ئه‌و ڕێبوارانه‌ش که‌ پاره‌یان لێ ده‌بڕێت و نه‌دار ده‌که‌ون، (دابه‌شکردنی زه‌کات به‌و شێوه‌یه‌) فه‌رزه‌ له‌ لایه‌ن خواوه‌ له‌گه‌ردنی ئیمانداراندا، خواش زاناو دانایه‌ (له‌ سامان به‌خشین و فه‌رزکردنی زه‌کاتدا).

5- ناوبردنی كه‌نیزه‌كه‌كان له‌گه‌ڵ ژنه‌كاندا له‌ چه‌ندین ئایه‌تی قورئاندا بۆ چه‌سپاندنی یاساو بڕیاری یه‌كسانی ئینسانیه‌ ..( أزواجهم أو ما ملكت أیمانهم ..) .هه‌روه‌ك ئه‌بێ ئه‌وه‌ بزانین له‌و ڕۆژگاره‌ دواكه‌وتوه‌دا پێكه‌وه‌ ناو هێنانی خانمی ئازاد له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌ك گۆڕانكاری و بڕیارێكی زۆر گرنگ و زه‌حمه‌ت بوو له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌.

6- ئه‌وه‌ش كه‌ ئاغاو خاوه‌نه‌كه‌ به‌شه‌رعی بتوانێت سه‌رجێیی بكات له‌گه‌ڵ كه‌نیزه‌كه‌كه‌یدا به‌مانای ڕێز لێنانه‌ نه‌ك سوكایه‌تی ..چونكه‌ به‌و كاره‌ ئه‌و كه‌نیزه‌كه‌ ئه‌بێته‌ هه‌وێی ژنه‌ خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری مناڵ بونیشیدا كه‌ئه‌بێته‌ (أم الولد ) ئازاد ئه‌بێ و مناڵه‌‌كانیشی له‌ كۆیله‌یی ڕزگار ئه‌بن.

كه‌واته‌ ئه‌و ( أو ماملكت أیمانكم ) كه‌ زۆرجار له‌ سیاقی فره‌ژنیدا هاتوه‌ بۆ ڕزگاركردنی كه‌نیزه‌كه‌كانه‌ له‌ ژیانی كۆیله‌یی و بێ به‌ش بون له‌ هاوسه‌رو به‌رزكردنی ئاستی كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌.

هه‌ر به‌م به‌رنامه‌ حكیمانه‌ و واقعیه بوو، كه‌ ئه‌م دیارده‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌ هه‌زاران ساڵیه‌ بنبڕ بوو له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی موسڵماناندا.

كه‌واته‌ ئیسلام كۆیله‌یی دانه‌هێنا به‌ڵكو به‌رنامه‌ی ئازادكردنی داهێنا. دیل كوشتن گۆڕا بۆ دیل به‌خێوكردن ..سه‌رچاوه‌ی كۆیله‌یی په‌كخراو ته‌نیا بوه‌ دیل گرتن (كه‌ ئه‌ویش له‌ حاله‌تی جه‌نگدا وه‌كو چه‌كی هاوتایی تكافؤ پێویست بوو)..به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی ئازاكردن زۆر كران كه‌ ئه‌وسا ته‌نیا له‌ده‌ستی خاوه‌نه‌كه‌یدا بوو.

ئه‌وانه‌ی ناحه‌زن و دوژمنایه‌تی ئیسلام ده‌كه‌ن ده‌بێ ئه‌م ڕاستیانه‌ هه‌موو بزانن و به‌ گۆتره‌و هه‌ڕه‌مه‌كی شه‌ڕفرۆشیه‌كانیان نه‌كه‌ن . جگه‌ له‌ ڕاستیه‌كی زانستی تر كه‌ دادگایی و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ هه‌ر شت ده‌بی له‌ سیاقه‌ مێژووییه‌كه‌ی خۆیدا بكرێ ..نه‌ك به‌ پێوه‌رو فه‌رهه‌نگی ئێسته‌ ، ڕوداوو شته‌كانی ده ‌پانزه‌ سه‌ده‌ی ڕابردوو هه‌ڵسه‌نگێنین.

ئیسلام مرۆڤی له‌ كۆیله‌یی مه‌عنه‌وی ڕزگار كرد به‌ هه‌موو ڕه‌نگ و شێوازه‌كانی كۆیله‌یی ..سه‌رشۆڕكردن و به‌ندایه‌تی لێ قه‌ده‌غه‌كرد بۆ هیچ دروستكراوێكی دارو به‌ردو مرۆڤ و سروشت و، بۆ ئه‌و كۆیله‌ییه‌ مادیه‌ش به‌ پلانێكی عه‌مه‌لی و واقعی و به‌هاوسه‌نگی و به‌خۆبه‌خشی ڕیشه‌كه‌نی كرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close