جیهانی ئیسلامی

سەدر: جەنگی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێراق دێنێت

هاوکات لەگەڵ ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لە پۆستێکی دوو دێڕیدا لە ئەکاونتی تویتەرەکەی ڕایگەیاند، “ئەگەر ئێران دەیەوێت بجەنگێت ئەوا بە فەرمی ئێران کۆتایی دێت،” موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر ڕایگەیاند، جەنگی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێراق دێنێت.

دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا جارێكی دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ ئێران كرد و ڕایگه‌یاند، “ئه‌گه‌ر ئێران ده‌یه‌وێت بجه‌نگێت، ئه‌وا به‌ فه‌رمی (ئەو جەنگە) ده‌بێته‌ كۆتایی ئێران.” سه‌رۆكی ئه‌مریكا دەشڵێت، “جارێكی دیكه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئه‌مریكا مه‌كه‌!”

لە لایەکی ترەوە، سەرکردەی رەوتی سەدر لە عێراق رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەکەی هەڵوێستێکی جددی نەبێت بەرامبەر ئەگەری جەنگی ئەمریکا و ئێران، ئەوا ئەو جەنگەی لە نێوان هەردوو وڵات هەڵدەگیرسێت، کۆتایی بە عێراق دەهێنێت.

موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاند، “من لەگەڵ هاندانی جەنگی ئێران و ئەمریکادا نیم. لایەنگری ئەوەش نیم کە عێراق لەم شەڕەوە تێوەبگلێنرێت. ئەگەر وەک عێراق هەڵوێستێکی یەکگرتووی جددی نیشان نەدەین، ئەوا ئەو جەنگەی ئەمریکا و ئێران کۆتایی بە عێڕاق دەهێنێت.

سەرکردەی رەوتی سەدر لە عێراق لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا دەڵێت، “نە عێراق و نە خەڵکەکەشی بەرگەی جەنگێکی تر ناگرن، ئێمە پێویستمان بە ئاشتی و ئاوەداندکردنەوە هەیە، هەرکەسێک هەوڵبدات عێراق تێوەبگلێنێت لەم جەنگەوە و بیکاتە مەیدانی جەنگ، ئەوا دەبێت بە دوژمنی خەڵکی عێراق.”

حكومه‌ته‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ له‌ ٨ی ئایاری ٢٠١٨ كشانه‌وه‌ی له‌و رێككه‌وتنه‌ ئه‌تۆمییه‌ راگه‌یاند كه‌ ساڵی ٢٠١٥ له‌گه‌ڵ ئێران واژۆكرا. پاشان ئه‌مریكا سزاكانی به‌سه‌ر ئێراندا سه‌پانده‌وه‌ كه‌ هه‌نارده‌ی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌كه‌ی كرده‌ ئامانج و، له‌ مانگی نیساندا سوپای پاسدارانی خسته‌ لیستی “رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بیانییه‌كان”ه‌وه‌.

به‌رامبه‌ر سزاكانی ئه‌مریكا، حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆك کۆماری ئێران له‌ هه‌شتی ئایاری ٢٠١٩دا دووباره‌ به‌شێكی چالاكییه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی وڵاته‌كه‌یی ده‌ستپێكرده‌وه‌ و، ماوه‌ی ٦٠ رۆژی دیاریكرد بۆ لایه‌نه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری رێوشوێنه‌كان بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئێران.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌مه‌وبه‌ر ئه‌مریكا به‌ ئامانجی گرتنه‌به‌ری رێوشوێن دژبه‌ هه‌ر مه‌ترسییه‌كی ئێران، كه‌شتیی فڕۆكه‌ هه‌ڵگری ئه‌براهام لینكۆڵن و چوار فڕۆكه‌ی بۆردومانی ئه‌تۆمی بی ٥٢ی ره‌وانه‌ی ناوچەی كه‌نداو كرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close