دونیا

دانیمارک.. بەهۆی سوکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز گرژی کەوتەوە

وتراوە سنوری ئازادیی تۆ تا ئەو شوێنەیە کە سنووری ئازادیی کەسانی تر پێشێل نەکەیت، بەڵام لەلایەن ڕاستڕەوە توندڕەوەکانەوە دەیان جار ئەو سنوورە بەرانبەر کۆچبەرانی دانیمارک پێشێلکراوە.

ڕاسموس پالودان، ئەو گەنجەی لە ساڵی ٢٠١٧دا حزبێکی سیاسیی بە ناوی (سترام کورس) دامەزراند، هۆکاری سەرەکیی دامەزراندنی حزبەکەیش بۆ دژایەتیکردنی کۆچبەران و شوێنکەوتووانی ئیسلام بوو.

پالودان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا چەندین خۆپیشاندانی دژ بە موسڵمانان و کۆچبەران کردووە، بە جۆرێک لە دوو ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٧٠ خۆپیشاندانی کردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە سێ ملیۆن و ٦٠٠ هەزار دۆلار زیان کەوتووەتەوە، خۆپیشاندانەکانیش بە گشتی لەو شار و ناوچانە بوون کە ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆچبەران تیایدا دەژین. پۆلیسی ئەو وڵاتەش ڕایگەیاندووە، بۆ پاراستنی پالودان لە ١٧ مەراسیمیدا ٩٠٠ هەزار دۆلار لەسەر ئەو وڵاتە کەوتووە.

چەند ڕۆژێک دوای روداوی تەقەکردن لە نوێژخوێنان لە نیوزلەندا کە بەهۆیەوە ٥٠ کەس شەهیدبوون، لەکاتێکدا جیهان هاوسۆزیی بۆ موسڵمانان دەردەبڕی، پالودان لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیدا هەستا بە سوتاندنی قورئانی پیرۆز.

ڕۆژی ١٤ی نیسان، پالودان لە شارۆچکەی نۆریبرۆی سەربە کۆپنهاگن، خۆپیشاندانێکی دژبە ئیسلام و شوێنکەوتووانی سازکرد، دوای ئەوەی بە بەرچاوی موسڵمانانەوە کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی چەند جارێک بە ئاسماندا هەڵدا، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان موسڵمانان و لایەنگرانی پالوداندا دروستبوو. گرژی و ئاڵۆزییەکەش ئێوارەی یەک شەممە تا بەیانیی دوو شەممە درێژەی کێشا و، پۆلیس ٢٣ کەسی دەستگیرکرد.

پالودان لەو جۆرە سیاسییە توندڕەوانەیە کە دەخوازێت دینی ئیسلام لە دانیمارکدا قەدەغە بکرێت، لەکاتی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانیشدا پۆلیس پالودانیان دەربازکرد.

بەمەبەستی ڕێگریکردن لە دروستبوونی نائارامییش لە ئێستادا پالودان ڕێگەی پێ نادرێت لەو شوێنانە چالاکیی دژ بە موسڵـمانان بکات کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆچبەرانی تێدا دەژین.

پالودان، لە ئەکاونتی تویتەرەکەی خۆی مانگی ڕابردوو بە شانازییەوە نوسیوویەتی، “ئێمە لە دەستپێکی ساڵی ٢٠١٩وە، تا ئێستا شەش قورئانمان لە دانیمارک سوتاندووە.”

کارەکانی پالودان هەر تەنیا موسڵمانان و کۆچبەرانی بێزارنەکردووە، بەڵکو تەنانەت دەسەڵاتدارانیشی بێزارکردووە، لارس لۆکی ڕاسموسین سەرۆک وەزیرانی دانیمارک لەبارەی کارەکانییەوە باسی لەوە کردووە، کارەکانی پالودان بێمانا و ڕق ئامێزن.

سەرۆک وەزیرانی دانیمارک داواشیکرد کە بە گفتوگۆ ڕوبەڕوی پالودان ببنەوە نەک بە توندوتیژی، بۆئەوەی دیموکراسی و ئازادیی ڕادەربڕین پارێزراوبێت.

هاوکات سۆرن پاپی پۆلسین وەزیری دادی دانیمارک کارەکانی پالودانی بە “گروپێکی سێرک،” چواندووە، چونکە بە ناوچەکانی وڵاتی دانیمارکدا دەگەڕێت و بەردەوام چالاکی ئەنجامدەدات. وەزیری دادی دانیمارک پێشنیازیشی کردووە کە پالودان پشتگوێبخرێت.

بە گشتی ئەو کارانەی پالودان ئەنجامی دەدات دەچنە چوارچێوەی ئیسلامۆفۆبیاوە کە لە سەرەتای سەدەی ٢٠ سەریهەڵداوە و لە سەرەتای سەدەی ٢١یش زیاتر گەشەیکردووە، لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بە شێوەیەکی بەرچاو ئیسلامۆفۆبیا ڕووی لە هەڵکشان کردووە، بە شێوەیەک لە هەندێک وڵات بۆ زیاتر لە ١٠٠% زیادیکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close