جیهانی ئیسلامیدونیا

هیندستان.. بە تۆمەتی سەربڕینی مانگایەک موسڵمانێک کوژرا

ماڵپەڕی (هیندوستان تایمز) بڵاویکردووەتەوە، لە مادیا پرادیش بە تۆمەتی سەربڕینی مانگا موسڵمانێک کوژراوە.

پۆلیس ناوی ئەو موسڵمانەی بە ڕیاز بردووە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە تەمەنی ٤٥ ساڵ بووە و بەرگدرو بووە و دوای بریندارکردنی بە سەختی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە ڕیاز هاوڕێیەکیشیی لەگەڵدا بووە بە ناوی شاکیل و تەمەنی ٣٨ ساڵ بووە و ئەویش بریندارکراوە و لە ئێستادا لە نەخۆشخانەیەکی جەبەلپورە.

بەگوێرەی هیندوستان تایمز، ئەو دوو کەسە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٨ی ئایاری ٢٠١٨ لەلایەن هێرشکەرەکانەوە بە دار لێیاندراوە.

ڕیاز دوای چەند کاتژمێرێک لە هیرشەکە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستداوە کە خێزانداربووە و خاوەنی سێ منداڵیش بووە.

شاکیل-یش لە سکاڵاکەیدا لە بنکەی پۆلیس وتوویەتی، کەسێکی دینیی لە هیندوسەکان هێرشێ کردووەتە سەر ئەو و ڕیاز لە دەوروبەری کاتژمێر ٣ی بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی. پۆلیسیش باسی لەوە کردووە، شاکیل نکۆڵی لەوە کردووە کە هیچ مانگایەکی سەربڕیبێت و چوار کەسیشی بە تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژی دەستگیرکردووە.

تۆمەتبارەکان ناویان بەم شێوەیە هاتووە، پاوان سینگ گۆند، ڤیجای سینگ گۆند، فۆل سینگ گۆند، نارایان سینگ گۆند، کە پاوان سینگ گۆند لە بنکەی پۆلیس ڕیاز و شاکیلی بە سەربڕینی مانگا تۆمەتبارکردووە و باسیشی لەوە کردووە کە ئەو دوو کەسە لەکاتی ڕاکردنیاندا کەوتوون و تۆمەتی کوشتن و دەستدرێژیشی ڕەتکردووەتەوە.

بەپێی یاسایەکی ساڵی ٢٠١٢ی ویلایەتی مادیا پرادیش کە ویلایەتێکی هیندستانە، سەربڕینی مانگا قەدەغەیە و سزاکەی سێ ساڵ بۆ حەوت ساڵ زیندانیکردنە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close