جیهانی ئیسلامیكــوردستان

تا ئێستا لە ناوچە کوردییەکانی ئێران ٤٦ کەس کوژراون

بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ماوەی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە لانیکەم ٤٦ هاوڵاتیی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەس بریندارکراون.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی شەممە و یەکشەممە و لەکاتی خۆپێشاندانی خەڵک لە ١٤ شاری کوردستان، لانیکەم ٤٦ هاووڵاتیی کورد بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٥٠٠ کەسیش برینداربوون.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینتەرناشناڵ)یش دەڵێت “بەگوێرەی ئەو راپۆرتانەی ئێمە پێمانگەیشتووە، لانیکەم ١٠٦ خۆپیشاندەر لە ٢١ شاری ئێران کوژراون. ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان، شایەتحاڵەکان و زانیارییە کۆکراوەکان لە چالاکانی مەدەنیی دەرەوەی ئێرانەوە دەرخەری شێوازێکی دڵتەزێنن لە کوشتنی نایاسایی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە.”

هەتا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ٢٠ کەس لە کوژراوەکان بۆ هەنگاو روونبووەتەوە کە بە شێوەی خوارەوەیە:

جوانڕۆ: ١٥ هاووڵاتی

١- کاوە محەمەدی ٢- حەمزە نەقدی ٣- ئیبراهیم مورادی ٤- عەزیز ٥- موبین عەبدوڵڵاهی ٦- جەبار تجارە ٧- یونس هوشەنگی

مەریوان :٨ هاووڵاتی

١- عوسمان نادری ٢- مێهران تاک ٣- شاهۆ وەلیدی ٤- بێهروز مەلەکی ٥- ئیدریس بێوارە ٦- دانیال ئوستواری

کرماشان: ١٥ هاووڵاتی

١- محەمەد میرزایی ٢- نادر بەیرانوەند ٣- مزەفەر زەهیری

بۆکان: ٥ هاووڵاتی

١- هیوا ٢- ئیدریس ٣- شلێر دادوەند

سەقز: ١ هاووڵاتی

١- مینا شێخی

سنە: ١ هاووڵاتی

هاووڵاتییەکی تەمەن خوار ١٨ ساڵ کە تا ئێستا ناوی بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

هەروەها زیاتر لە ٥٠٠ کەس لە خۆپێشاندەران بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بریندارکراون و زۆربەی بریندارەکان بەهۆی ترس لە دەستبەسەرکران، سەردانی ناوەندە دەرمانییەکانیان نەکردووە.

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لەو ماوەیەدا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتی دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٧ کەسیان بۆ هەنگاو ڕوونبووەتەوە.

هەروەها لە شارەکانی کرماشان، مەریوان و جوانڕۆ ٤ کەس لە هێزە چەکدارەکانی ئێران لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە کوژراون.

چەند وێنەیەک لە شەقامەکانی مەریوان:

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close