جیهانی ئیسلامیدونیا

جێگری سەرۆکی ئەمریکا داوای ئازادکردنی نەیارێکی ئیسلام لە سعودییە دەکات

مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی ١٨ی تەموزی ٢٠١٩ داوای لە سعودییە کرد کە ڕایف بەدەوی ئازادبکات، کە کەسێکی نەیاری دینی ئیسلامە.

پێنس لە کۆنفرانسێکدا لەسەر ئازادی دین لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی باسی لە دەستگیرکردنی نەیارانی دین کردووە لە ئەریتریا، مۆریتانیا، پاکستان و سعودییە، بەڵام باسی لەو دەیان زانا ئیسلامییە نەکردووە کە لەلایەن سعودییەوە خراونەتە کونجی زیندانەکان و دۆخی تەندروستییان زۆر خراپە.

پێنس وتوویەتی، “گەلی ئەمریکا لەگەڵ ئەو کەسانە دەبێت و پاڵپشتییان دەکات کە بەرگریی لە ئازادی دین دەکەن. ئەمریکا داوا لە حکومەتەکانی ئەریتریا، مۆریتانیا، پاکستان و سعودییە دەکات کە ڕێز لە ئازادی ویژدان بگرن و ئەو کەسانە ئازادکەن (کە لەسەر ڕەخنەگرتن لە ئیسلام) دەستگیرکراون.”

بەدەوی لە ساڵی ٢٠١٢وە لەسەر بێڕێزیکردن بە دینی ئیسلام لەڕێگەی هۆکارە ئەلکترۆنییەکان، دەستگیرکراوە.

دوای دەستگیرکردنی لە ساڵی ٢٠١٣دا لەسەر چەند پرسێکی تر تۆمەتبارکرا و سزای حەوت ساڵ و لێدانی ٦٠٠ قامچیی بەسەردا سەپێنرا. لە ساڵی ٢٠١٤ سزاکەی بۆ ١٠ ساڵ زیندانی و لێدانی ١٠٠٠ قامچی و غەرامەکردن بەرزکرایەوە، بەڵام بەهۆی ناڕێکیی باری تەندروستییەوە قامچییەکانی لێ نەدراوە.

بەدەوی پێشتر لەڕێگەی کەناڵە ئەلکترۆنییەکانەوە وتوویەتی، “بە پشتبەستن بە لۆجیک، بۆچی دەبێت هەموو سعودییەکان باوەڕیان بە ئیسلام هەبێت.” هەروەها ناوبراو خۆیی وەکو موسڵمانیش ناساندووە و دەشڵێت، “ئیسلام ناتوانێت هەموو شتێک ڕوونکاتەوە و خەڵکی دەبێت ئازادبن لە هەر دینێک کە دەیانەوێت هەڵیبژێرن و شوێنیکەون.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close