جیهانی ئیسلامی

شاجوانی پێشووی عێراق پاڵپشتیی ئیسرائیل و دژایەتیی بزوتنەوەی حەماس دەکات

سارە عیدان شاجوانی پێشووی عێراق (بۆ ساڵی ٢٠١٧) بزوتنەوەی حەماس بە تیرۆریست ناودەبات و دەڵێت گەلی غەززە وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنێت.

سارە ئەو فۆڵەوەرانەی لە تویتەر بلۆک دەکات کە ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرن و هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل و لە تویتێکیدا پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکات و دژی بزوتنەوەی حەماس نووسیوویەتی، “گەلی فەڵەستین ئازادیی ناوێت، بەڵکو گروپی میلیشیای تیرۆریستیی حەماسی دەوێت کە غەززەییەکان وەکو قەڵغانی مرۆیی بەکاردەهێنن لە ناوچەکانی نیشتەجێبووندا، هەربۆیە کاتێک ئیسرائیل وەڵامیان دەداتەوە (هێرش دەکات) ئەوان وێنەی ترسناکی قوربانییەکان بەکاردەهێنن و گەنگەشە بۆ پرسەکەیان دەکەن، کە تەنیا ئازادی نییە بەڵکو سڕینەوەی ئیسرائیلە.”

سارە لە درێژەی نووسینەکانیدا نووسیویەتی، “غەززە تەنانەت داگیریش نەکراوە!” هەروەها فەڵەستینییەکانی تۆمەتبارکردووە لەسەر هێرشەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، کە نزیکەی ٣٠ کەسی تیادا شەهیدکرا و، چەند شەهیدێکیشیان منداڵی ساوا و سکی دایک بوون.

ئەو شاجوانەی پێشووی عێراق دەشڵێت، عەرەبەکان لەلایەن میدیاکانەوە سەبارەت بە تەواوی چیرۆکەکە (سەبارەت بە ئیسرائیل) مێشکیان شۆراوەتەوە، ئەم قسەیەش لەکاتێکدایە کە میدیایەکی کاریگەری ئەوتۆ (لە جیهان و ناوچەکەدا) نییە کە دژایەتی ئیسرائیل بکات.

ئەمەش یەکەمجاری نییە کە کاری لەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی ئیسرائیل دەکات و لە ساڵی ٢٠١٧شدا بە گرتنی وێنەیەک لەگەڵ شاجوانی ئیسرائیلدا ناڕەزایی زۆری دروستکرد.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close