جیهانی ئیسلامیدونیا

تورکیا دوو کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیمارات دەستگیرکرد

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، تورکیا دوو کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیمارات دەستگیرکردووە، کە سیخوڕییان بەسەر گەلانی عەرەبەوە کردووە.

ئاژانسەکە باسی لەوەش کردووە، یەکێک لەوانەی دەستگیرکراوە لەلایەن تورکیاوە تۆمەتبارکراوە بە تێوەگلانی لە کوشتنی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودی، کە ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژرا.

ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسێکی باڵای تورکییەوە باسی لەوە کردووە، یەکێک لەو دوو کەسە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا چووەتە تورکیا، چەند ڕۆژێک دوای کوشتنی جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ. ئەو بەرپرسە باڵای تورکیا باسی لەوەش کردووە، کەسی دووەم دواتر و بۆ هاوکاریکردنی کەسی یەکەم لە کارەکەیدا چووەتە تورکیا.

بەرپرسە باڵاکەی تورکیا بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی وتووە، “لێکۆڵینەوە لەوە دەکەین کە ئایا هاتنی ئەو دوو کەسە بۆ تورکیا پەیوەندیی بە کوشتنی جەمال خاشقچییەوە هەیە یان نا،” ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا ئەو دوو کەسەیان خستووەتە ژێر چاودێرییەوە.

وتووشیەتی، “ئەگەری هەیە کە ئەو کەسانە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیارییان دابێت لەبارەی عەرەبەکانەوە، لەناویاندا ئەو کەسایەتییە سیاسییە عەرەبانەی کە لە تورکیا دەژین.”

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ئەو دوو کەسە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوو لە هەڵمەتێکی لێکۆڵینەوەی بەرپرسانی هەواڵگریدا دەستگیرکراون و، بە تۆمەتی سیخوڕیکردن دەستگیرکراون.

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەو بەرپرسە باڵایەی تورکیا، کە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بکرێت، لێدوانی ئەو دوو کەسە دەستگیرکراوە دەریدەخات کە ئۆپراسیۆنی هەواڵگرییان کردووە و تیایدا خوێندکار و کەسانی سیاسییان کردووەتە ئامانج.

ئەوەش لەکاتێکدایە جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی دیاری سعودی ڕۆژی ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژرا و دواتر تەرمەکەی پارچەپارچە کرا و، لەبارەی تەرمەکەشیەوە چەندین چیرۆکی جۆراوجۆر دەگێڕدرێتەوە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە سەرەتا دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (سی ئای ئەی) ئاماژەی پێکردن، موحەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودییە نەک هەر دەستی هەبووە لە کوشتنی جەمال خاشقچیدا، بەڵکو بە فەرمانی ڕاستەوخۆی ئەو کوژراوە.

ژمارەیەک کەس لەسەر ئەو کەیسە دەستگیرکراون، بەڵام تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەیسەکە بەردەوامییان هەیە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close