جیهانی ئیسلامیكــوردستانمێژوو

٢٩ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ناسری سوبحانیدا تێپەڕبوو

٢٩ ساڵ بەر لە ئێستا، ناسری سوبحانی، کە یەکێک بوو لە زانا ئاینییەکانی سوننە مەزهەبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لەسێدارەدرا.

ناسر محمد ڕەشید، ناسراو بە ناسری سوبحانی، لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی دووریسانی سەربە شاری پاوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە. چەند ساڵێک پێش شۆڕشی گەلانی ئێران دەستیداوەتە گرنگیدان بە زانستە ئیسلامییەکان.

هەرچەندە لە سەرەتادا کاریگەربووە بە بیری تەسەوف، بەڵام دوای ناسینی ئەحمەدی موفتی زادە لە بیری تەسەوف دوورکەوتووەتەوە و کاریگەربووە بە ئیخوان موسلیمین بە گشتی و سەید قوتب و ئەبو ئەعلای مەودودی-یش بە تایبەتی.

لە ساڵی ١٩٧٨ لە ناوچەی پاوە یەکەمین ڕێپێوانی فراوانی سیاسیی جەماوەری دژی ڕژێمی شا ڕێکخستووە و، لە مانگی ١١ی هەمان ساڵ دەزگای سیخوڕیی ساواک ویستوویانە دەستگیری بکەن، بەڵام هەوڵەکەیان شکستیهێناوە. لە سەرەتای شۆڕشدا چەندینجار سەردانی سەرکردەکانی ئێران و ڕابەری شۆڕشی ئێرانی کردووە و، داواکاری و نیگەرانییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی پێگەیاندوون.

لە ساڵی ١٩٧٩دا، واتە پێنج مانگ دوای شۆڕشی ئێران، بەشداری کۆنگرەی ئۆتۆنۆمیی کوردستانی کردووە و وتارێکی لەسەر پرسی کورد پوختەی داواکارییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان پێشکەشکردووە، بەڵام ئەو داواکارییانە ڕەتکرانەوە. بەر لە دەستگیرکردنیشی دوو جار سەردانی پاکستان و جارێکیش سەردانی تورکیای کردووە و، لە وتارێکدا کە لە تورکیا پێشکەشیکردبوو، فیدراڵیی بە باشترین بژاردە وەسفکردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد.

سوبحانی چەندین بەرهەمی زانستیی نوسراوی هەیە و بە سەدان کاسێتیی دەنگیشیی بە هەرسێ زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، لە وتارێکیشدا کە ساڵی ١٩٨٨ بەبۆنەی کیمیابارانی هەڵەبجە نوسیوویەتی، خەمی گەورەیان خەمی سەرکزیی دۆستەکەیان و ئۆخەیکردنی دوژمنانیانە، خەم ئەوەیە کە ئێستە هەیە، خەمی هەڵلەرزینی هەزاران سەرمابردووی ڕزگاربوو لە ئاگری بۆمبارانەوە بۆ زەمهەریری ئۆردوگاکان.

شەوی ٨ی ٦ی ١٩٨٩ دەزگا ئەمنییەکانی ئێران لە شاری سنە ناسری سوبحانییان دەستگیرکرد و کەسە نزیکەکانی دەڵێن، بۆ ماوەی نۆ مانگ و نۆ ڕۆژ کە لە زیندان بووە، لەلایەن دەزگای ئیڵاعاتی سنە و کاربەدەستانی زیندانی گەورەی ئەوین لە تاران ئەشکەنجەی توندی سوبحانی دراوە.

لە ١٨ی ٣ی ١٩٩٠دا بە تۆمەتی بەشداریی لە کۆنگرەی شەمس و داواکاریی بۆ لابردنی مادەی ١٢ی دەستوری ئێرانی، کە تایبەتە بە ئاینیی فەرمیی ئەو وڵاتە، ناسری سوبحانی لەسێدارەدرا. بەڵام ٣٧ ڕۆژ پاش لەسێدارەدانی لەلایەن داواکاری گشتیی سنەوە، هەواڵی لەسێدارەدانی بە کەسوکاری گەیەندراوە و تەرمەکەشی ڕادەستی کەسوکاری نەکراوەتەوە و خۆیان لە گۆڕستانێکی شاری پروە بەخاکیانسپاردووە.

ڕاپۆرتێک لەسەر شەهید ناسری سوبحانی

Posted by ‎ئیسلامی :: eslami‎ on Monday, March 18, 2019

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close