جیهانی ئیسلامی

کورتەی چەند هەڵوێستێک لەسەر کۆچی دوایی موحەمەد مورسی

دوای ئەوەی دوێنێ ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ دەوروبەری کاتژمێر شەش و نیوی ئێوارە هەواڵی کۆچی دوایی موحەمەد مورسی سەرۆکی شەرعیی هەڵبژێردراوی میسر ڕاگەیەندرا، بەشێک لە وڵاتە ئیسلامییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی.

لە یەکەمین هەڵوێستدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا مورسیی بە “شەهید” ناوبرد و ڕایگەیاند، “خوای گەورە ڕەحم بە برای شەهیدمان مورسی بکات.”

دواتر ئیخوان موسلیمین لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “مورسی بە عەمدی شەهیدکراوە.” بزوتنەوەی حەماسیش ڕایگەیاند، “فەڵەستین پرسە بۆ مورسی دەگێڕێت و هەوڵەکانی بۆ خزمەتکردنی پرسی فەڵەستین بەرز دەنرخێنێت.”

ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ لەبارەی کۆچی دوایی مورسییەوە ڕایگەیاند، “ترسناک بوو، بەڵام پێشبینی کراو بوو.” نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاند، “پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی موحەمەد مورسی و لایەنگرانی دەکەین.”

لە لایەکی ترەوە قەتەر ڕایگەیاند، “زۆر بەداخەوەین بۆ کۆچی دوایی مورسی.” یوسف قەرزاوی دوای کۆچی دوایی مورسی ڕایگەیاند، “مورسی لەکاتێکدا لە زینداندا بوو ئازاری دەچەشت و زۆر حاڵی خراپ بوو،” هاوکات دڵتەنگیی خۆیشی دەربڕیوە. عەلی قەرەداغیش لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “مورسی بە هێواشی کوژرا.”

حزبی نەهزەی تونسی ڕایگەیاند، “پرسە دەگێڕین و هیوادارن مەرگی بەئازاری مورسی ببێتە هۆی کۆتاییهاتن بە ئازاری هەزاران زیندانیی سیاسیی لە میسر.” ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنستی ئینتەرناشناڵیش ڕایگەیاند، “داوای لێکۆڵینەوەیەکی شەفاف و گشتگیر دەکەین لە میسر.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close