جیهانی ئیسلامی

ڕێگە نەدرا نوێژی مردوو بۆ موحەمەد مورسی بکرێت

تەلەفزیۆنی فەرمیی میسر دوێنێ دوو شەممە ١٧ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بڵاویکردەوە، موحەمەد مورسی سەرۆکی پێشووی میسر لەکاتی دادگاییکردنیدا کۆچی دوایی کردووە.

بەگوێرەی هەواڵەکە، موحەمەد مورسی لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنی لە دۆسیەی پەیوەندیکردن لەگەڵ قەتەر کۆچی دوایی کردووە.

تەلەفزیۆنی میسر بڵاویکردەوە، کۆچکردوو لەکاتی پرۆسەی دادگاییکردنەکەدا داوای مۆڵەتی لە دادوەر کردووە، تا ڕێگەی بدات قسە بکات، لەکاتی دواخستنی دانیشتنەکەدا دووچاری بوورانەوە و جەڵتەی دڵ بووە و دواتر گیانی لەدەستداوە.

دوای ئەوەی جەڵدە لێیداوە و کۆچی دوایی کردووە موحەمەد مورسی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی دوو کوڕی و پارێزەرێکی بە خاکسپێردرا و ڕێگە نەدرا نوێژی مردوو لەسەر تەرمەکەی بکرێت، بەڵام لە بەشێکی بەرچاوی وڵاتانی جیهان و پێش هەموویان لە مزگەوتی ئەقسا، نوێژی مردوو بە غائیب بۆ مورسی ئەنجامدرا.

لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆچی دوایی موحەمەد مورسی، وەزارەتی ناوخۆی میسر باری نائاسایی توندی لە سەرانسەری وڵاتەکەدا ڕاگەیاندووە.

لە یەکەم کاردانەوەشدا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەربارەی کۆچی دوایی مورسی ناوبراوی بە “شەهید” ناوبرد.

موحەمەد موحەمەد مورسی عیسا عەیات، لە ساڵی ١٩٥١ لە گوندی عودوەی سەربە پارێزگای شەرقییە لەدایکبووە، لەناو خێزانێکی جووتیار گەورە بووە و کوڕە گەورەی خانەوادەکەی بووە، پێنجەمین سەرۆک کۆماری میسرە و یەکەم سەرۆکی دوای شۆڕشی ٢٥ی کانوونی دووەمی ئەو وڵاتەیە.

یەکەم سەرۆکی مەدەنیی میسرە کە بە هەڵبژاردن پۆستی سەرۆکایەتیی وەرگرتووە، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٢ توانیی ٥١.٧٣%ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت.

ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ٢٤ی حوزەیرانی ٢٠١٢ پۆستی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیی وەرگرت و لە دوای کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٣ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لەو کاتەشەوە زیندانیکراوە.

ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی خۆی و چەند هاوکارێکی کراوە، بریتیبوون لە پەیوەندیکردن لەگەڵ دەوڵەتی قەتەر و لایەنی بیانی و بڵاوکردنەوەی نهێنیی ئاسایشی دەوڵەت، گوایە زیانی گەیاندووە بە ئاسایشی نەتەوەیی میسر.

لە ساڵی ١٩٧٧ بووە ئەندامی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی برایانی موسڵمان (ئیخوان موسلیمین)، بەر لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی میسر، سەرۆکی پارتی ئازادی و دادپەروەری بووە، پێشتر ئەندامی مەکتەبی ئیرشادی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین بووە.

لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٠٥ ئەندامی ئەنجومەنی گەلی میسر (پەرلەمان) بووە، پێشتر ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ بووە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا بووە لە ئەندازیاریی بەرهەمدا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close