جیهانی ئیسلامی

فۆڕن ئەفێرسی ئەمریکی: ئیخوان موسلیمین ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نییە

لە بابەتێکی گۆڤاری فۆڕن ئەفێرسی ئەمریکیدا هاتووە، لە کۆتایی نیسانی ٢٠١٩دا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دەخوازێت وەزارەتی دەرەوە ئیخوان موسلیمین وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت. ئەوەیش لەدوای سەردانێکی ڕاستەوخۆی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر هات، کە یەکێکە لە فەرمانڕەوا خۆشەویستەکانی ترەمپ و دوژمنی ئیخوان موسلیمین.

بەپێی فۆڕن ئەفێرس، ترەمپ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٧دا داوای لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە کە لەو بابەتە بکۆڵنەوە، بەڵام بڕیاریاندا بەوەی کە ئیخوان ئەو خاڵانەی تێدا بەدیناکرێت کە بۆ خستنە لیستی تیرۆر شیاوبن، چونکە توندوتیژیی ئەنجامنەداوە.

گۆڤارەکە نووسیوویەتی، ڕێکخراوەکە لەوکاتەوە گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، ژمارەیەک گروپی بێ شوومار بە شێووەیەکی ئازادانە لەژێر سایەیدان و هیچ فەرماندەیەکی ناوەندی و پرینسپێکی ئەوتۆیشیان نییە جگە لە پابەندبوونی فراوان بە ئیسلامەوە.

گۆڤارەکە هەریەکە لە حزبی نەهزەی تونسی و بزوتنەوەی حەماسی وەکو بەشێک لە ئیخوان موسلیمین ناساندووە، کە حەماس پێشتر لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە. باسیشی لەوە کردووە، ئەوەی گۆڕاوە کۆشکی سپییە و، ئەندامانی ئیدارەکەی ترەمپ کە پێشتر بەو کارە ناڕازیبوون، لەناویاندا ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی پێشووی ئەمریکا، سەرجەمیان بە کەسانێکی “ملکەچ” جێگەیان گیراوەتەوە و، ڕێگە بە ترەمپ دەدەن کە ستانداردە مێژوویی و یاساییەکانی بەتیرۆریست ناساندنی ڕێکخراو و لایەنەکان پشتگوێخات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، عەبدولفەتاح سیسی و هاوپەیمانە عەرەبەکانی (موحەمەد بن زاید و موحەمەد بن سەلمان) هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە بۆئەوەی ئەمریکا ئیخوان موسلیمین بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بناسێنێت، لە ئێستاشدا بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئیدارەی ترەمپ کار لەسەر بەتیرۆریست ناساندنی ئیخوان موسلیمین دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close