دونیا

مارسا بیسمان: نەژادپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا ڕووی لە هەڵکشان کردووە

مارسا بیسمان پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە پەرلەمانی نەمسا دوای قەدەغەکردنی سەرپۆش و حیجاب لە کیژانی موسڵمانی قوتابخانە سەرەتاییەکان، کاردانەوەیەکی جوانی هەبوو کە جێگای دەستخۆشییە.

خاتوو مارسا وەکو کاردانەوەیەک لە پەرلەمانی وڵاتەکەی سەرپۆشێکی پۆشی و ڕایشیگەیاند، قەدەغەکردنی سەرپۆش/حیجاب یەکەمین هەنگاوە بۆ قەدەغەکردنی سەرپۆش/حیجاب لە ژیانی ڕۆژانەدا (بۆ هەموو ڕۆژێک.)

مارسا خان وتیشی، لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، نەژادپەرستی و ئیسلامۆفۆبیا ڕووی لە هەڵکشان کردووە ئەوەش بەهۆی حزبی ئازادیی ڕاستڕەوی توندڕەوەوە.

مارسا وتیشی، ئەوانەی کە یاسای قەدەغەی سەرپۆش/حیجابیان ناساند یاخود دەرکرد، دەیانەوێت بەها باڵاکانی وەکو لێبوردەیی و ئازادیی دینی پاکتاو بکەن.

بیسمان لەناو پەرلەماندا و لەکاتی پۆشینی سەرپۆشەکەدا دەڵێت، “سەیرم بکەن، ئێستا من لەچکەکە لەسەردەکەم.” دوای پۆشینی سەرپۆشەکەش دەڵێت، “من هیچ گۆڕام؟ ئایا من هەر مارسا بیسمان نیم وەک پێشتر؟ بە بۆچوونی ئێوە هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕەگەز و نەژادی من گۆڕا؟ هەموو مرۆڤێک ئازادیی تاکە کەسی و نەتەوەیی و دینیی خۆی هەیە. بۆ نمونە من مرۆڤێکی ئازادی فێمینیستم، هەموو مرۆڤێک بە ئازادی لەدایکبووە و نابێت ناچاری بکەیت بە کۆمەڵێک یاسا.”

لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت، “لە مانگی ڕابردوودا هەندێک بابەتم خوێندەوە لەسەر قەدەغەکردنی باڵاپۆشی ژنانی موسڵمان و دەیانەوێت غەرامەیان بکەن لەسەر باڵاپۆشییان، کە بەشێک لەوانە خوێندکارن یان کارمەندن یان ژنی ماڵەوەن، لەکاتێکدا ئەوان کەسی باشی ناو کۆمەڵگان، مەرج نییە هەر کەسێک باڵاپۆش بێت توندڕەوە و بیەوێت بمانترسێنێت. دەبێت ئێمە هەموومان کاربکەین بۆ جێگیرکردنی ئازادیی تاکە کەسی، ژنان و کچانی موسڵمان دەبێت ئازادبن لە پۆشینی هەر جلوبەرگێک کە دەیانەوێت بیپۆشن. ئێمە هەمیشە دەوەستین و پشتگیریی ژنانی موسڵمان دەکەین لە ئازادی پۆشینی جلوبەرگەکانیان، پێویستیشە ئەوان بتوانن چاوەڕێ بکەن هەتا ئازادییە تاکە کەسییەکانیان بۆ فەراهەم بکەین و، ڕێکارە مەدەنییەکان دەگرینەبەر.”

ئەمەش لە حاڵێکدایە کە بۆ خۆبەدوورگرتن لە تۆمەتبارکردنی پاڵپشتانی ئەم یاسایە بە دژایەتیکردنی موسڵمانان، لە یاساکەدا نووسیوویانە “جلوبەرگێک کە کاریگەربێت بە ئایدۆلۆژیا یان دینێک و سەر داپۆشێت” قەدەغەیە، بەڵام حکومەت ڕێگەی بە سیخ و جولەکە داوە کە پۆشاکەکانی سەریان لانەبەن، کە ئەمەش بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ یانیش تەنانەت ڕاستەوخۆ پێماندەڵێت کە یاساکە زۆر بە تایبەتی دژی موسڵمانان دەرکراوە، تەنانەت ئەگەر ڕێگریی لە جولەکە و سیخیش بکرایە ئەوا یاساکە هەر بێ مانا دەبوو.

ژمارەیەکی زۆریش لە ڕێکخراوە ناحکومی، ڕۆژنامەنووسان و چالاکان و کۆمەڵگای موسڵمانانیش دژی یاساکە وەستاونەتەوە، بەڵام میدیایەکی کوردی هەواڵەکەی بەو شێوەیە گواستووەتەوە کە یاساکە شوێنکەوتووانی سەرجەم دینەکان دەگرێتەوە بەبێ جیاوازی، بەبێ ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە یاساکە جولەکە و سیخی نەگرتووەتەوە.

لە نەمسا زیاتر لە ٧٠٠ هەزار موسڵمان دەژین. بەگوێرەی داتاکان، لە ساڵی ٢٠٠١دا ڕێژەی مەسیحییەکان لە نەمسا ٧٣.٦٪ بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ ڕێژەیان بە شێوەیەکی سەرسووڕهێنەر دابەزیوە بۆ ٥٦.٩٪، هاوکات ڕێژەی موسڵمانان لە ٢٠٠١دا ٤.٢٪ بووە و لە ٢٠١٨ گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هێندە و ٨.٨٪.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close