جیهانی ئیسلامیكــوردستان

وتاری پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی لە فێستیڤاڵی بەهای خێرخوازی

بسم الله الرحمن الرحیم
السلام عليكم ورحمة الله وبركاته

زۆر خۆم بە بەختەوەر دەزانم كە لە ئێستادا و لە خزمەت ئێوەی بەڕێزدا یادی 31 ساڵەی دامەزراندنی رابیتەی ئیسلامی كورد دەكەینەوە، زۆر سوپاسی هەموولایەك دەكەم بۆ ئامادەبوونتان لە ئەم فیستیڤاڵەدا، خوای گەورە پاداشتی هەموولایەك بداتەوە.

بەڕێزان..

زمان هۆكارێكی گرنگە بۆ تەعبیر كردن لە رووداوەكان، هەندێك رووداو كە پێش چەند ساڵێك و لە مێژوودا روویانداوە لەوانەیە ئێٍستا ئەو گرنگیەی نەمابێت، ئەوانەی كە تەمەنێكیان بەسەر بردووە رووداوەكان و یادەوەریەكانیان لەبیرە، ئەوان دەبینن كە ساڵی 1988 رۆژی 13ی حوزەیران كوردستان چۆن بوو، شارەكانی هەرێمی كوردستان چۆن بوون، رژێم لە 16/3/ 1988 كارەسات و كیمیابارانی هەڵەبجەی خوڵقاند، كە ئەمەش بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار كەس و برینداربوونی زیاتر لە 10 هەزار كەسی تر لە ژن و منداڵا و كەسانی بێ‌ تاوان، هەروەها چەندان ناوچەی تری لە گەرمیان و شارباژێڕ و ناوچەكانی تر كیمیاباران كرد، لە دوای ئەم كارەساتە دڵتەزێنەش لە 14/4/1988 پرۆسەی بەناو ئەنفال لەلایەن سوپای عێراقەوە دەستی پێكرد و نزیكەی 180 هەزار كەس ئەنفال كران و شار و شارۆچكە و دێهاتەكانیشیان كە نزیكەی 4 هەزار دەبوو وێران كرد.

لەگەڵا ئەم هەموو ستەم و كارە دڕندانەیەی رژێمی بەعس بە سەرۆكایەتی (سەدام حوسێن) بەڵام لەلایەنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەمریكا و رووسیا و هەندێك لە وڵاتانی عەرەبی پشتیوانیان لێ‌ دەكرد، لەو كاتەشدا شۆڕشی كورد لە شاخەكانەوە بەرگرییان دەكرد و روبەڕووی ئەم رژێمە بوونەوە لەم كاتە ناهەموارەدا كۆمەڵێك لە رۆشنبیران و دڵسۆزانی گەلەكەمان لە ئەستەنبوڵ لە 13/6/1988 كۆبوونەوەیەكمان ئەنجامدا كە ئایا ئێمە لەم بارودۆخە ناهەموارەدا چیمان پێ‌ دەكرێت بۆ گەلەكەمان بیكەین و چۆن بە هانایەوە بچین؟

ئەوەبوو پاش گفتوگۆیەكی زۆر بڕیارماندا كە رابیتەی ئیسلامی كورد دروست بكەین بۆ سێ‌ مەبەستی سەرەكی:

1- گەیاندنی ستەملێكراوی و نەهامەتی گەلی كورد بە گەلانی مسوڵمان و ستەمكاری رژێمی بەعسیش بە ئەو گەلانە بناسێنین.

2- تأصیلی كێشەی كورد بكەین لە روانگەی ئیسلامەوە، چونكە من توێژینەوەیەكم نووسی بوو بەناوی كێشەی كورد لە روانگەی ئیسلامەوە كە لە دوایدا بووە كتێبێك و بڵاومان كردەوە، من لەو كتێبەدا باسم لەوە كردبوو كە هەموو گەلێك دەبێت خاوەنی مافی سیاسی و كولتوری و كۆمەڵایەتی خۆی بێت و نابێت جیاوازی لە نێوان هیچیاندا بكرێت، وەك خوای گەورە دەفەرموێت [يا أيها الذين آمنوا لا يسخر قوم من قوم عسى أن يكونوا خيرا منهم] هەروەها دەفەرموێت [يا أيها الناس إنا خلقناكم من ذكر وأنثى وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عند الله أتقاكم إن الله عليم خبير].

3- كاری خێرخوازی بۆ ئەم گەلە چەوساوەیە و گەیاندنی هاوكاری بە ئاوارەكان و ئەوانەی تووشی كارەسات بوون.

قەدەر وابوو كە هەموو ئامادەبوانی كۆنفرانسەكە منیان هەڵبژارد بە سەرۆكی رابیتەی ئیسلامی كورد، كە بە پشتیوانی خوا لەگەڵا براكانی تر توانیمان هەنگاوی باش بنێین لەم بوارەدا، ئەوەبوو لە ساڵی 1989 كۆنفرانسێكی گەورەمان لە شاری كۆڵنی ئەڵمانیا گرت، كە هەموو حیزبە كوردیەكان تیایدا بەشداربوون و وەكیلی شێخی ئەزهەر و چەند روناكبیرێكی تری عەرەبی و بزاڤە ئیسلامیەكان تیایدا بەشداربوون، سوپاس بۆ خوای گەورە كە ئەمە وەك سەركەوتنێك وابوو بۆ ئێمە كە توانیمان كێشەی كورد لە روانگەی ئیسلامەوە روون بكەینەوە، هەروەها لە رێی ئەم كۆنفرانسەوە توانیمان دەنگی ستەملێكراوی گەلی كورد بگەیەنین بە زۆربەی لایەنەكان بەتایبەتی ئیسلامیەكان.

بەمەبەستی گەشەدان بە كارە خێرخوازیەكانی رێكخراوەكەمان هاوكاریەكی زۆرمان كۆكردەوە لە ساڵی 1990 لەكاتی كۆڕەوەكەدا گەیاندمانە سنورەكانی توركیا و ئێران و شوێنانی تر.

لە ساڵی 1992 هاتینەوە بۆ كوردستان كە كوردستانێكی وێران بوو، گوندەكانی خاپور كرابوون و خەڵكەكەی لە ئۆردوگا زۆرە ملێكاندا كۆكرابوونەوەو دانیشتوانەكەشی زۆر هەژار بوون، سوپاس بۆ خوای گەورە كە هاتینەوە كوردستان لە دهۆك و سلێمانی و هەولێر و چەندان ناوچەی تر كاری زۆر گەورەمان كرد و لەڕووی ئاوەدانكردنەوەو فریاگوزاری و لەخۆگرتنی منداڵانی بێ‌ باوك و ئاوەدانكردنەوە و دروستكردنی مزگەوت و نەخۆشخانە و چەندانی تر كاری گەورەمان ئەنجامدا و ئەمەشمان وەك ئەركی سەرشانی خۆمان زانیوە بەرامبەر بە گەلەكەمان و چاوەڕوانی سوپاسیش لە كەس نەبووین جگە لە خوای گەورە.

بەڕێزان..

ئەو بوارانەی كە رابیتەی خێرخوازی كاری تێدا دەكات لە پەروەردەی نازداران و ئاوەدانكردنەوە و دروستكردنی قوتابخانەو مزگەوتو لێدانی بیر و هاوكاری خەڵكانی هەژار و نەدار، هەموو ئەمانە بنەمایەكن بۆ بە مەدەنی كردنی كۆمەڵگا و بنیاتنانی شارستانیەت و پێشكەوتن بۆ گەلەكەمان، قورئانی پیرۆزیش گرنگی بەم بوارە داوەو دەفەرموێت [وافعلوا الخیر لعلكم تفلحون] ماوەی 31 ساڵە ئێمە لە رابیتەی ئیسلامی خێرخوازی لە دەرەوەو لە ناوەوە كاری خێرخوازی ئەنجام دەدەین و خزمەت بە گەلی كوردستان دەكەین، وا دەزانم ئێستاش كاتی ئەوە هاتووە كە خێرخوازانی ناوخۆش رابیتەی ئیسلامی وەك دامەزراوەیەكی خێرخوازی مەدەنی سەیر بكەن و كارە خێریەكانیان لە رێگەی ئەم رێكخراوەوە بگەیەنن بە چین و توێژە هەژارەكان و هاوكاربن لە ئاوەدانكردنەوەی كوردستان.

لە كۆتایی دا زۆر سوپاسی ئامادەبوونی بەڕێزتان دەكەین داواكارین لە خوای گەورە كە كوردستان زیاتر ئاوەدان بكاتەوەو ئارامی و ئاسایش باڵی بەسەردا بكێشێ‌ و روو لە گەشەپێدانی زیاتر بكات و سوپاسی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكەین كە هەتا ئێستا هاوكارمان بوون لە جێبەجێكردنی كارەكانماندا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close