جیهانی ئیسلامیدونیا

تەلەفزیۆنێکی ئیسرائیلی: ترەمپ لە کەناری ڕۆژئاوا دەوڵەتی فەڵەستین دادەمەزرێنێت

ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە کەناڵە ئیسرائیلییەکان باسی لەوە کردووە، پلانی ترەمپ بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستینییە لەسەر زۆرینەی خاکی کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراوە و، شوێنە پیرۆزەکانیش ناگرێتەوە.

کەناڵە ئیسرائیلییەکان باسیان لەوە کردووە، پلانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی دۆناڵد ترەمپ، کە بە “ڕێککەوتنی سەدە”یش ناسراوە، دەوڵەتێکی فەڵەستین لەسەر ٩٠%ی خاکی کەناری ڕۆژئاوا پێشنیاز دەکات و پایتەختەکەشی قودسی ڕۆژهەڵات دەبێت، بەڵام بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ شوێنە پیرۆزەکان لەناو دەوڵەتی فەڵەستیندا نابن.

بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆشکی سپی، کە هێشتا درێژەی پلانەکەی ئاشکرانەکردووە و ڕایگەیاندووە کە ئاشکراکردنی لەوانەیە چەند مانگێکی تر بێت، ئەو ڕاپۆرتەی کەناڵی (ڕیشت ١٣ تیڤی)ی ڕەتکردووەتەوە و بە “پێشبینییەکی نادروست” ناویبردووە.

کەناڵە ئیسرائیلییەکە لە ڕاپۆرتێکیدا باسی لەوە کردووە کە سەرچاوەی ئەمریکییان هەیە و ئەوەی خستووەتەڕوو، پلانەکە جولەکەکانی کەناری ڕۆژئاوای ناچارکردووە کە لەو ناوچانە بکشێنەوە کە وەکو بەشێک لە دەوڵەتی فەڵەستین لە پلانەکەی ترەمپدا هاتووە.

هاوکات بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکە، “زۆرینەی دراوسێ عەرەبەکان” لە قودسی ڕۆژهەڵات لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستیندا دەبێت وەکو پایتەختی دەوڵەتەکە.

ئاژانسی ڕۆیتەرز باسی لەوە کردووە، ئیسرائیل داوای هەموو قودسی وەکو پایتەخت کردووە و، فەڵەستینییەکانیش (دەسەڵاتی فەڵەستینی کە مەحمود عەباس سەرۆکایەتیی دەکات) داوای قودسی ڕۆژهەڵاتیان وەکو پایتەختی داهاتوویان کردووە، بەڵام بە مزگەوتی ئەقساوە.

لە ڕاپۆرتەکەی کەناڵە ئیسرائیلییەکەدا باس لە چارەنووسی ئاوارە فەڵەستینییەکان نەکراوە، کە چەندین دەیەیە بەهۆی پێکدادانەکانەوە ئاوارەبوون، هەروەها باسی کەرتی غەززەیش نەکراوە، کە لە ئێستادا لەژێر کۆنترۆڵی بزوتنەوەی حەماسدایە و بزوتنەوەکەش دژی ڕێککەوتنەکەیە کە بە “ڕێککەوتنی ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” و “ڕێککەوتنی سەدە”یش ناسراوە.

هاوکات هیچکام لە بەرپرسانی ئیسرائیلی و دەسەڵاتی فەڵەستینی لێدوانیان بۆ کەناڵە ئیسرائیلییەکە نەداوە.

پلانی ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود ڕێککەوتنی سەدە، لەلایەن هەریەکە لە جاسۆن گرینبلات و جارید کوشنەری زاوای دۆناڵد ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کەر هەردووکیان جولەکەن و گرینبلات لە تویتێکدا لە تویتەر لەبارەی ڕاپۆرتی کەناڵە ئیسرائیلییەکەوە نوسیوویەتی، “ناڕوونە و دەقیق نییە،” بەڵام بە دیاریکراوی ڕاپۆرتەکەی بە “نادروست” ناونەبردووە. هەر لەو تویتەیدا گرینبلات باسیشی لەوە کردووە، “لەسەر هەسارەی زەویدا ژمارەیەکی زۆر کەم لە خەڵکی لەبارەی پلانەکەوە زانیارییان هەیە… لە ئێستادا…”

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە، “داستانی درۆینەی میدیاکان نابەرپرسانە و زیانبەخشە بۆ پرۆسەکە.”

لەلایەکی ترەوە دانی دانۆن باڵیۆزی ئیسرائیل بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، پێشبینی ئەوە دەکات کە پلانەکەی ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکانی ٩ی نیسانی ئیسرائیل ئاشکرانەکرێن. باسیشی لەوە کردووە، چاکتر وایە کە پێش هەڵبژاردنەکان پلانەکە ئاشکرانەکرێت بۆئەوەی نەبێتە پرسێکی هەڵبژاردن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close