جیهانی ئیسلامیدونیا

ترەمپ: دوو ڕۆژی تر لەبارەی کەیسی خاشقچییەوە ڕاپۆرتی تەواو بڵاودەکەینەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا ئیدارەکەی ڕاپۆرتی تەواو لەبارەی کەیسی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسی سعودییەوە بڵاودەکاتەوە و لە ڕاپۆرتەکەدا زانیاریی ئەوەش دەخرێتەڕوو کە “کێ ئەو کارەی کردووە.”

ترەمپ بە ڕۆژنامەنووسانیشی ڕاگەیاند، “ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل و تەواومان لە دوو ڕۆژی داهاتوودا لەبارەی کەیسی خاشقچییەوە دەبێت و لەوانەیە ڕۆژی دوو شەممە یان سێ شەممە بڵاویبکەینەوە.”

هاوکات دوێنێ ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، “هێشتا پرسیاری زۆری بێ وەڵام ماون لەبارەی کەیسی خاشقچییەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن.”

هیزەر ناوەرت وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا ئەوەیشی ڕاگەیاندووە، “هێشتا ئەمریکا بڕیاریی کۆتایی لەبارەی کەیسی خاشقچییەوە نەداوە.”

ئەوەش لەکاتێکدایە کە هەریەکە لە دەسەڵاتدارانی تورکیا و سعودییە ڕایانگەیاندووە، خاشقچی لەلایەن تیمێکی سعودییەوە کوژراوە، بەڵام تورکیا و سعودییە لەوەدا زانیارییەکانیان یەکناگرێتەوە کە تورکیا دەڵێت پێشتر پلان بۆ کوشتنی خاشقچی دانراوە و سعودییە دەڵێت پلان بۆ داڕێژراو نەبووە.

هاوکات دوێنێ ڕۆژنامەی واشنتن و چەندین میدیا و ڕۆژنامەی تر لە زاری بەرپرسگەلێکی سی ئای ئەیەوە (کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرابکرێت) زانیاری ئەوەیان بڵاوکردەوە، جەمال خاشقچی بە فەرمانی موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە کوژراوە.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس باسی لەوە کردووە، بەرپرسانی ئەمریکاش دوای ئەو ڕاپۆرتانە ئاماژەیان بەوە کرد کە هەرچەندە وادیارە موحەمەد بن سەلمان شازادەی سعودییە دەستی لە کوشتنەکەدا هەبووە، بەڵام پرسیاری ئەوە ماوە کە ئایا ڕۆڵی ئەو چی بووە لە ڕووداوەکەدا.

سعودییەش لە دوای کوشتنی خاشقچییەوە چەندین جۆری جیاواز گێڕانەوەی لەبارەی کوشتنەکەوە هەبووە، یەکەمجار نکۆڵیی لە کوشتنی جەمال خاشقچی دەکرد، بەڵام دواتر دانی بە کوشتنەکەیدا نا و ڕایگەیاند کە بەهۆی دەمەقاڵە و شەڕەوە جەمال خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە.

هەفتەی ڕابردووش دواین دانپێدانانی سعودییە لەڕێگەی داواکاری گشتییەوە بوو کە ڕایگەیاند، خاشقچی لەناو کونسوڵخانەی سعودییەدا کوژراوە و دوای کوژرانیشی تەرمەکەی پارچەپارچە کراوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە شازادە موحەمەد بن سەلمان دەستی لە کوشتنی جەمال خاشقچیدا نەبووە و لەسەر کەیسەکەش ٢١ کەس دەستگیرکراون و ١١یان تۆمەتبارن بە کوشتنی و داوایانکردووە کە پێنج لەو تۆمەتبارانە لەسێدارە بدرێن.

شەعلان ئەلشەعلان جێگری داواکاری گشتیی سعودییە هەر لەوبارەوە ڕایگەیاند، تیمەکە بەمەبەستی هێنانەوەی جەمال خاشقچی چوونەتە تورکیا و داوایان لێکرابوو کە “بە خۆشی خۆی بێت یان بە زۆر جەمال خاشقچی بێننەوە بۆ سعودییە،” بەڵام دوای ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ خاشقچی شکستی هێناوە فەرمانی کوشتنی دەرکراوە.

ماڵپەڕی میدڵ ئیست ئاییش چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا ئەوەی بڵاوکردەوە، “موحەمەد بن سەلمان هەوڵیداوە قەناعەت بە نەتەنیاهو بکات کە جەنگ لە غەززە بەرپاکات.”

میدڵ ئیست ئای لە سەرچاوەکانی سعودییەوە ئاماژەی بەوە کردووە، بن سەلمان داوای لە نەتەنیاهو کردووە کە لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس لە غەززە بەشەڕبێت بەمەبەستی داپۆشین و پەردەپۆشکردنی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دزەیپێدەکرێت بۆ ئاشکراکردنی بکوژانی جەمال خاشقچی. بەڵام نەک شازادە بەڵکو ئیسرائیلیش دووچاری شکستێکی گەورە هات لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە دوای ئەوەی پیلانێکی گەورەیان لەلایەن بزوتنەوەی حەماسەوە هەڵوەشێنرایەوە و شکستی پێهێنرا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close