جیهانی ئیسلامیكــوردستان

ڕێکخراوی هەنگاو: تا ئێستا ٣٣ خۆپیشاندەر لە ڕۆژهەڵاتی کودستان کوژراون

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، لە سەرجەم شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تا ئێستا ٣٣ خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەری دیکە برینداربوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، پاش تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ بەسەر خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، کە لە چەندین شارەوە خۆپیشاندان دەستیپێکردووە، ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دوایین ئامارەکانی کوژراوان و بریندارانی ڕاگەیاند و، بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەو ماڵپەڕە، کۆی گشتیی ژمارەی کوژراوەکان لەناو خۆپیشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا گەیشتووەتە ٣٣ کوژراو و نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەریش بریندارن.

هەنگاو بەم شێوەیە ئامارەکانی خستووەتەڕوو، لە شاری جوانڕۆ ١٥ خۆپیشاندەر کوژراون و ٥٢ خۆپیشاندەری دیکەش بریندارن، لە شاری مەریوانیش ٨ کوژراو و ٥٠ بریندار هەیە، لە شاری کرماشان ٥ کەس کوژراون و ٢٠ کەسی دیکەش بریندارن، لە بۆکان ٤ کوژراو و ٢٠ بریندار و لە شاری سنە کە ژمارەی گیانلەدەستدانی خۆپیشاندەران تیایدا لەچاو شارەکانی دیکە کەمترە، یەک خۆپیشاندەر کوژراوە و ٢٥ کەسی دیکەش بریندارن.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لە شەوی هەینیی ڕابردوەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە دژی بەرزبوونەوەی سێ هێندەی نرخی بەنزین لە ئێران دەستیپێکردووە، لە رۆژی شەممەوە خۆپیشاندانەکان توندوتیژیان تێکەوت و بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە و ژمارەیەک ئوتومبێلی پۆلیس و بانک و وێستگەى سوتەمەنیش سوتێنراون، لەوبارەیەشەوە عەلی خامنەئی رابەری باڵای ئایینی ئێران رایگەیاند، پشتگیری لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەکات.

هاوکات تا ئێستاش بە نزیکەیی هیچ کەس و لایەنێک لەسەر ئاستی جیهان و پارچەکانی کوردستان ئیدانەی کوشتنی خۆپیشاندەرانیان نەکردووە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close