جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

ترەمپ: ئەردۆغان سەرۆکێکی گەورە و بەهێزە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “هەواڵی زۆر باش لە تورکیاوە هەیە. سوپاس بۆ تۆ ئەردۆغان، ژیانی ملیۆنان کەس ڕزگاری بوو.”

ترەمپ ڕایشیگەیاند، “ئەردۆغان سەرۆکێکی گەورە و بەهێزە،” ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەگوێرەی نامەیەک، کە لەلایەن میدیاکانی جیهانەوە بڵاوکراوەتەوە و ڕێککەوتی ٩ی ئەم مانگەی لەسەرە، ترەمپ بە ئەردۆغانی وتووە، “گەمژە مەبە و خۆت وەک کەسێکی سەخت دەرمەخە.”

دۆناڵد ترەمپ لە تویتێکی تردا ڕایشیگەیاندووە، “ئەم ڕێککەوتنە سێ ڕۆژ بەر لە ئێستا هەرگیز نەدەتوانرا بکرێت. هەندێک خۆشەویستیی سەخت پێویستبوو بۆئەوەی ڕێککەوتنەکە بکرێت. بۆ هەموو لایەک زۆر باشە. شانازی بە هەموولایەک دەکەم.”

هاوکات لە تویتێکی تردا وتی، “ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ شارستانیەت. من شانازی بە ئەمریکاوە دەکەم لەوەی لەگەڵم بوون لەم ڕێگا پێویستە، کە تا ڕاددەیەک ناتەقلیدی بوو. خەڵک ماوەی چەندین ساڵە هەوڵی ئەنجامدانی ئەم ڕێککەوتنە دەدەن. ملیۆنان ژیان ڕزگاریان بوو، پیرۆزە لە هەموولایەک.”

لە لێدوانیشیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان ترەمپ ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئەمریکا و تورکیا. سزاکانی سەر تورکیا زەروری نین ئەگەر ئەنقەرە بە ڕێککەوتنەکەوە پابەندبێت.” وتیشی، “ئەردۆغان سەرۆکێکی گەورە و بەهێزە. دەمەوێت سوپاسی ئەردۆغان بکەم بۆ ئەو دەرەنجامە مەزنە.”

هەر لە لێدوانەکانیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان وتیشی، “بەردەوامیی جەنگ لە باکوری سوریا دەبێتە هۆی مردنی ملیۆنان خەڵکی مەدەنی. ئەو ڕێککەوتنەی کردوومانە دەرەنجامەکەی بۆ تورک و کوردیش باشە. پێموایە ئاگربەست بەردەوام دەبێت و سەرۆک ئەردۆغانیش ئەوەی دەوێت.” وتیشی، “قسەم لەگەڵ ئەردۆغان کردووە و ئەویش دڵخۆشە بە ئاگربەست. مانگی داهاتوویش ئەردۆغان بە سەردانێک دێتە واشنتن.”

هەروەها وتیشی، “تورکیا دۆستمانە و هێزێکی سەربازیی مەزنی هەیە. ئەردۆغان هاوڕێمە و سەرکردەیەکی مەزنە.”

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیاش ڕایگەیاند، “ژیانی خەڵکی زیاتر ڕزگاردەبێت کاتێک ئێمە تیرۆر تێکدەشکێنین کە گەورەترین دوژمنی مرۆڤایەتییە.” وتیشی، “هاوڕام لەسەر ئەوەی هەوڵە هاوبەشەکانی ئەمریکا و تورکیا ئاشتی و ئارامی لە ناوچەکەمان دێنێتە ئاراوە.”

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندەکەی تورکیا، مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، “هەموو سزاکانی سەر تورکیا دەکێشینەوە کە دوو شەممەی ڕابردوو سەپاندوومانن بەسەریدا. پابەند دەبین بە کارکردنمان لەگەڵ تورکیا بۆ دڵنیایی لە کشانەوەی هیزە کوردییەکان لە ماوەی ١٢٠ کاتژمێردا.”

پێنس وتیشی، “هەوڵەکانمان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە سووریا دەخەینەگەڕ. ئاگربەست لە بەرژەوەندیی تورکیا دەبێت و ئامانجەکانی ترەمپ دێنێتە دی.” وتیشی، “تاکە سەربازێکی ئەمریکی لە باکوری سوریا نابێت.”

لەبارەی سزاکانی سەر تورکیاشەوە وتی، “لەو سزای قورسانەی کە دەمانویست بەسەر تورکیادا بیانسەپێنین پەشیمان بووینەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد، “ئەمریکا پاڵپشتیی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا لە باکوری سوریا ناکات.”

باسی لەوەش کرد، “لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتین لەسەر ئاگربەست لە سووریا. پەیوەندیمان بە هەسەدەوە کردووە بۆئەوەی دڵنیایی بدات لە کشانەوەی بۆ پانتایی ٢٠ میل لە سنوورەوە. لەگەڵ تورکیاش ڕێککەوتین بۆ بەردەوامبوونی کارەکانمان لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.”

پێنس باسی لەوەش کرد، “جەنگ ڕادەگیرێت تا چارەسەرێکی گونجاو بۆ دۆخی سووریا دەدۆزرێتەوە. ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ تورکیا دەخوازێت کۆتایی بە هەموو ئۆپراسیۆنێکی سەربازی لە سووریا دێنێت. ئەمریکا سزای زیاتر بەسەر تورکیادا ناسەپێنێت.”

وتیشی، “ڕێککەوتنەکە بە ڕادەیەکی زۆر لە پاراستنی کەمە ئاینییەکان هاوکاردەبێت لە باکوری سوریا و ناوچەکانی تر. ئەوەی لە ئەنقەرە لەسەری ڕێککەوتین، خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی کورد دەکات.”

هەروەها مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی، “تا ئێستاش زۆرێک لە بەربەستەکان لەبەردەمماندان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکدا.”

مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندەکەی ئەمریکا وتی، “لەگەڵ ئەمریکا ڕێککەوتین لەسەر کۆکردنەوەی هەموو چەکە قورسەکان لە یەپەگە و لەناوبردنی بنکەکانیان. تەئکیدمان لەسەر پێویستی یەکپارچەیی خاکی سووریا کردەوە. ئەمریکا ڕەزامەندی لەسەر هەموو مەرجەکانمان دەربڕیوە. ئاگربەست ڕادەگەیەنین بەڵام ئۆپراسیۆنی سەربازی بەتەواوەتی سڕناکەین.”

چاوشئۆغڵو وتیشی، “ئۆپراسیۆنی کانیی ئاشتی ڕاناگرین، بەڵام هەڵیدەپەسێرین تا چاودێریی کشانەوەی هێزە تیرۆریستییەکان دەکەین. ڕێککەوتین لەگەڵ ئەمریکادا بەوەی ناوچەکە بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی تورکیاوە. هەروەها لەگەڵ ڕووسیا گفتوگۆ دەکەین دوای هاتنەناوەوەی هێزەکانی ڕژێمی سووریا بۆ منبج و کۆبانی.”

وەزیری دەرەوەی تورکیا وتیشی، “سوورین لەسەر دروستکردنی ناوچەی ئارام بە درێژایی سنووری سوریا. هەڵپەساردنی ئۆپراسیۆنی کانیی ئاشتی پەیوەستە بە کشانەوەی هێزە تیرۆریستییەکانەوە.” وتیشی، “ئەوەی ویستمان بەدەستمانهێنا.”

وەزیرەکەی تورکیا باسی لەوەش کرد، “تورکیا و ڕووسیا ٢٢ی تشرینی یەکەم تاوتوێی پرسەکە دەکەن. سەرکەوتوو بووین لە سەپاندنی مەرجەکانمان بەرلە ڕاگەیاندنی ئاگربەست. ئاوارەکان ناچار بە گەڕانەوە بۆ ناوچەی ئارامی باکوری سوریا ناکەین.” وتیشی، “سەردانی ئەردۆغان بۆ واشنتن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕیوەدەچێت.”

ساڵح موسلیمیش ڕایگەیاند، پابەند دەبن بە ئاگربەستەوە. ئاڵدار خەلیلیش ڕایگەیاند، “پێشتر ئەو مەرجەی ئەردۆغانمان ڕەتکردووەتەوە کە دەیەوێت بە قوڵایی ٣٢ کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی سووریاوە.” ئاڵدار خەلیل وتیشی، “بەرخودانەکانمان ئەردۆغانی ناچارکرد بە ئاگربەست.”

لەلایەکی ترەوە مەزڵوم کۆبانی ڕایگەیاند، “پابەندین بە ئاگربەست لە باکوری سوریا.” وتیشی، “ڕێککەوتنی نێوان واشنتن و ئەنقەرە ناوچەی نێوان سەرێکانی و گرێ سپی دەگرێتەوە و، ڕێککەوتنی ئاگربەست نابێت بۆ گۆڕینی دیمۆگرافی و داگیرکاریی تورکیا بێت.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close