جیهانی ئیسلامی

پەکەکە هاووڵاتییەکی سوریای لە تورکیا شەهیدکرد

لە ئەنجامى تەقاندنەوەى بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلێک لەلایەن چەکدارانی پەکەکە لە شارى شرنەخ، سێ هاووڵاتى سووریا بوون بە قوربانى، یەکێکیان دەستبەجێ گیانیلەدەستدا و دوانەکەی تریش بە سەختى برینداربوون.

براى یەکێک لە قوربانییەکان رایگەیاند، “پەکەکە پلانى کوشتنى ئەو هاووڵاتییانەى داڕشتبوو و لە پلانە قێزەونەکەیاندا، کەسێک گیانیلەدەستدا و دووى دیکەش بریندارکران.”

ئەندامى سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان – سووریا PDK-S، دلۆڤان محەمەد رووبارى براى ئەو گەنجەیە کە لەلایەن پەکەکەوە کوژراوە لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسى ئەنادۆڵو وتوویەتی، “چەند رۆژ بەر لە ئێستا چەکدارانى پەکەکە چاودێریى ئەو سێ هاووڵاتییە دەکەن و بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلەکەیاندا دەتەقێننەوە و لە ئەنجامدا برایەکم بەناوى وەلید محەمەد رووبارى دەستبەجێ گیانیلەدەستدا و دوانی تریش بە سەختى برینداربوون.”

دلۆڤان محەمەد رووبارى وتیشى، “راستە من ئەندامى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستان – سووریا PDK-Sم و بەردەوام کارى سیاسى دەکەم، بەڵام براکەى من کە لەلایەن پەکەکەوە تیرۆرکرا هیچ کاتێک نەهاتووەتە نێو کارى سیاسى، بەڵکو کاسبکارێک بوو شۆفێریى شۆفەڵى دەکرد، جا لە تورکیا یان لە سووریا بوایە.”

ناوبراو نیگەرانە لە سیاسەتە چەوتەکانى پەکەکە و دەڵێت، “تا کەى کوشتنى کەسى بێتاوان و کوشتنى بە ناحەق، هیوادارم دەست لەو کارە قێزەونەیان بەربدەن.”

وەلید محەمەد رووبارى لە گوندى رووبار سەربە شارۆچکەى دێرک باکوورى سووریایە، تەمەنى ٤٦ ساڵ بوو، هەرچەند هاوژین و سێ کچ و دوو کوڕەکەى چاوەڕێى گەڕانەوەى بوون پێکەوە بە شادى بژین، بەڵام هەواڵى تیرۆرکردنى لەلایەن پەکەکە پێش گەڕانەوەى تەرمەکەی بە خانەوادەکەی گەیشت و دوێنێ بەخاکسپێردرا و پرسەکەى لە کەمپى دۆمیزى پارێزگاى دهۆک بەڕێوەدەچێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close