جیهانی ئیسلامیكــوردستان

هەولێر.. لە هێرشێکی چەکداریدا کارمەندێکی کونسوڵخانەی تورکیا کوژرا

لە ئەنجامی هێرشێكی چه‌كداریی بۆسەر یه‌كێك له‌ رێستۆرانته‌كانی شاری هه‌ولێر، كارمه‌ندێكی كونسوڵخانه‌ی توركیا له هه‌ولێر گیانیله‌ده‌ستدا.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردووەتەوە، هێرشێكی چه‌كداری بۆ سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌ دیپلۆماتکارانی كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر ئه‌نجامدراوه‌، كه‌ به‌ مه‌به‌ستی نانخواردن روویان له‌ رێستۆرانتێكی شاری هه‌ولێر كردبوو.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی له‌ خاوه‌نی رێستۆرانته‌كه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتوون، له‌ دوای ئه‌وه‌ی دیپلۆماتکارەکان چوونه‌ته‌ نێو رێستۆرانته‌كه‌وه‌، هێرشبه‌رێك كه‌ جلی مه‌ده‌نیی پۆشیبوو و دوو چه‌كی پێبووه‌، به‌ شێوه‌یەکی راسته‌وخۆ ده‌ستی به‌ ته‌قه‌كردن کردووە له‌ كارمه‌ندانی كۆنسوڵخانه‌كه‌ و، له‌ ئه‌نجامی هێرشه‌كه‌دا دیپلۆماتکارێكی توركیا له‌ شوێنی رووداوه‌كه‌ گیانیله‌ده‌ستدا.

عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌ت به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر ئاماژه‌ی به‌وه ‌كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و دواتر ورده‌كارییه‌كان ده‌خرێنه‌ڕوو.

به‌ مه‌به‌ستی ده‌ستگیركردنی هێرشبه‌ر یان هێرشبه‌ره‌كان، سه‌رجه‌م رێگا سه‌ره‌كییه‌كانی چوونه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕووی هاتوچۆدا داخران.

سه‌باره‌ت به‌ هێرشەکە، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگەیاند كه‌ هه‌وڵه‌كان درێژه‌یان هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رپرسانی عێراق و لێپرسراوانی ناوخۆییه‌وه‌‌ بۆ به‌زوویی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیاوه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، باس له‌وه‌ كراوه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ دوای نیوه‌ڕۆ كارمه‌ندێكی كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر كاتێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی بینای كۆنسوڵخانه‌كه‌ بووه‌، “به‌هۆی هێرشێكی چه‌كداریی قێزه‌ونه‌وه‌ شه‌هیدبووه‌.”

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، ”هه‌وڵه‌كانمان درێژه‌ی هه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی به‌رپرسانی عێراق و لێپرسراوانی ناوخۆییه‌وه‌‌ بۆ به‌زوویی دۆزینه‌وه‌ی ئه‌نجامده‌رانی هێرشه‌كه‌. داوای لێخۆشبوون له‌ خوا بۆ شه‌هیده‌كانمان و ئارامگریش بۆ خانه‌واده‌ و هه‌موو گه‌لی تورك ده‌خوازین.”

هاوکات ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەبارەی هێرشەکەوە ڕایگەیاند، “هێرش بۆ سەر کارمەندانی کۆنسوڵخانەکەمان ئیدانە دەکەم.”

ئەردۆغان وتووشیەتی، “لە خوا داواکارم کارمەندە شەهیدەکەمان بەر رەحمەتی خۆی بکەوێ.” ئاماژەی بەوەش کردووە، “پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کاربەدەستانی ناوچەکە بۆ هەرچی زوو دۆزینەوەی بکەرانی (رووداوەکە) بەردەوامە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close