جیهانی ئیسلامی

ڕۆژنامەیەکی بەریتانی: تیرۆریستانی داعش بە ڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ هەسەدە ئازادکراون

بەگوێرەی ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی بە ڕێککەوتنی نهێنی لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) سەرۆکایەتی دەکات، چەکدارانی “تیرۆریستی داعش”یان ئازادکردووە.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە چەکداری فەڕەنسی و ئەڵمانی سەر بە داعش لەناو ئازادکراوەکاندان و لە ئێستادا ترسی ئەوە هەیە کە ئەو “تیرۆریستانەی داعش” بگەڕێنەوە مەیدانەکانی جەنگ و تەنانەت بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپاش.

ڕۆژنامەی تەلەگراف نوسیویەتی، سێ چەکداری تری سەر بە داعش هێشتا لای هەسەدە دەستبەسەرن و دەکرێت لە داهاتوودا ئەوانیش بە ڕێککەوتن ئازادبکرێن.

بەپێی تەلەگراف، داعش و هەسەدە لە سێ ڕێککەوتندا ئاڵوگۆڕی ئەندامانیانیان کردووە بەوەی داعش ئەندامانی خێزانەکانیان و هەسەدەش ئەندامانی هێزەکانیی ئاڵوگۆڕکردووە.

یەکەمین ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و داعش لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا بووە و نزیکەی ٢٠٠ چەکداری داعشی ئازادکردووە کە زۆرینەیان چیچانی بوون و ئەوروپیشیان تیادابووە، و بەشێکیشیان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوون.

ئاماژە بەوەش کراوە کە دوای ئازادکردنی ئەو چەکدارانە، گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی داعشدان و ڕوون نییە کە ئەو چەکدارانە دەیانەوێت لە سوریا بمێننەوە یان بگەڕێنەوە بۆ ئەوروپا.

هاوکات ئەو وڵاتانەی کە لە ڕۆژئاوا هاوپەیمانێتییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کردووە ڕەتیانکردووەتەوە کە بەرپرسیاربن لەو ڕێککەوتنە نهێنیانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close