جیهانی ئیسلامی

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی تورکیا لە ٢٠٠٢ تا ئێستا

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٠٢

لە هەڵبژاردنی گشتیی ساڵی ٢٠٠٢ کە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٠٢ بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، کە خولی ٢٢هەمینی پەرلەمان بوو، تەنیا پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) و پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) توانییان بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنن و بچنە پەرلەمان.

لە هەڵبژاردنەکەدا پارتی داد و گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی ٣٦٣ کورسیی پەرلەمانی و ٣٤.٣٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنا و ٦٦٪ی کورسییەکانی پەرلەمانی مسۆگەرکرد، بەوەش ئاک پارتی بوو بە یەکەمین پارتی سیاسیی کە لە دوای ساڵانی ١٩٥٠کانەوە توانیبێتی ئەو ڕێژە زۆرە لە نوێنەرانی هەبێت لە پەرلەمان.

جەهەپە-ش ١٧٨ پەرلەمانتاری لە پەرلەمان هەبوو، کە ١٩.٤٪ی دەنگەکانی بەدەستهێنابوو. هەروەها ئەو ٩ پەرلەمانتاری سەربەخۆش چوونە ناو پەرلەمان و سەربەخۆکان ٨.٣٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنابوو.

ڕێژەی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٠٢دا ٧٩.١٣٪ بوو کە لە ٨١ پارێزگا و ٨٥ شارۆچکە و ناوچە بەڕێوەچوو.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠٠٧

لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ٢٠٠٧ کە لە ٢٢ی تەمووزی ٢٠٠٧ بەڕێوەچوو، ٢٣یەمین خولی پەرلەمانی بوو، ٤٢ ملیۆن و ٥٣٧ هەزار و ٣٠٥ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، دەنگدەرانیش لە ١٥٨ هەزار و ٧٠٠ بنکەی دەنگدان دەنگیان دەدا. ١٤ حزبی سیاسیی و ٦٩٩ کاندیدی سەربەخۆ تیایدا بەشدارییان کرد، بەڵام تەنیا سێ پارتی (ئاک پارتی، جەهەپە و مەهەپە) توانییان بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنن.

لەم هەڵبژاردنەدا ئاک پارتی ٤٦.٥٨٪ی دەنگەکان و ٣٤١ کورسیی پەرلەمانی، جەهەپە ٢٠.٨٨٪ی دەنگەکان و ١١٢ کورسی پەرلەمانی، مەهەپە ١٤.٢٧٪ی دەنگەکان و ٧١ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا. هەرچی کاندیدە سەربەخۆکانیشە ٥.٤٢٪ی دەنگەکان و ٢٦ کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێنا.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١١

هەڵبژاردنی خولی ٢٤هەمی پەرلەمانی تورکیا لە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠١١ بەڕێوەچوو، تیایدا ١٦ پارتی سیاسیی بەشدارییان کرد، بەڵام تەنیا سێ پارتی (ئاک پارتی، جەهەپە و مەهەپە) توانییان بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنن.

سەرەنجام، ئاک پارتی توانی ٤٩.٨٣٪ی دەنگەکان بەدەستبهێنێت و ٣٢٧ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا (واتە ٥٠+١)ی کورسییەکانی پەرلەمانی بەدەستهێنا، جەهەپەش ٢٥.٩٨٪ی دەنگەکان و ١٣٥ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا و مەهەپەش ١٣.٠١٪ی دەنگەکان و ٥٣ کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، و ٣٥ کاندیدی سەربەخۆش توانییان سەرکەوتن بۆ پەرلەمان بەدەستبهێنن.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی ٢٠١٥

لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ هەڵبژاردنی خولی ٢٥هەمی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، تیایدا هەریەکە لە (ئاک پارتی، جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە) توانییان بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنن، و ئاک پارتی بە بەدەستهێنانی ٤٠.٨٧٪ی دەنگەکان و ٢٥٨ کورسی پەرلەمان پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، جەهەپە بە بەدەستهێنانی ٢٤.٩٥٪ی دەنگەکان و ١٣٢ کورسی پەرلەمان پلەی دووەم و مەهەپە بە بەدەستهێنانی ١٦.٢٩٪ی دەنگەکان و ٨٠ کورسی و هەدەپە بە بەدەستهێنانی ١٣.١٢٪ی دەنگەکان و ٨٠ کورسی پەرلەمان پلەی سێیەم و چوارەمیان بەدەستهێنا.

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە هیچکام لە پارتە سیاسییە براوەکان نەیانتوانی زۆرینەی پەرلەمانی بەدەستبێنن و حکومەت پێکبهێنن، کە پێکهێنانی حکومەت پێویستی بە ٢٧٦ کورسیی پەرلەمانە.

دوای چەندین هەوڵی ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی و شکستهێنانی هەوڵەکانی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵبژاردنی پێشوەختەی ڕاگەیاند و بۆردی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش (وای ئێس کەی) ڕۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ی دیاریکرد بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە.

هەڵبژاردنی پێشوەختەی ٢٠١٥

لە ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی تورکیا بەڕێوەچوو، لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٥دا جارێکیتر هەر چوار پارتی (ئاک پارتی، جەهەپە، مەهەپە و هەدەپە) توانییان بەربەستی ١٠٪ تێپەڕێنن.

ئاک پارتی توانی ٤٩.٥٠٪ی دەنگەکان و ٣١٧ کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت و بەمشێوەیەش توانی بە تەنیا حکومەت پێکبهێنێت، جەهەپەش ٢٥.٣٢٪ی دەنگەکان و ١٣٤ کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا و مەهەپە و هەدەپەش بەدوای یەکدا ١١.٩٠٪ و ١٠.٧٦٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا، بەڵام مەهەپە ٤٠ کورسی و هەدەپە ٥٩ کورسیی پەرلەمانییان بەدەستهێنا.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close