جیهانی ئیسلامیدونیاكــوردستان

ترەمپ: پەکەکە زۆر لە داعش خراپترە

لەمیانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئیتاڵییەکەی لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، “پەکەکە زۆر لە داعش خراپترە.” جگە لەمەش، ترەمپ هەر ئەمڕۆ ڕایگەیاند، “کوردەکان فریشتە نین.”

لەو کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، “بە جەنەراڵێکی کوردم وتووە کە دەرگای زیندانەکان نەکەنەوە ئەگینا چەکدارانی داعش هەڵدێن.” پێشتریش ترەمپ ڕایگەیاند، لەوانەیە هێزە کوردییەکانی باکوری سوریا هەندێک لە چەکدارانی داعش ئازادبکەن بۆئەوەی ئەمریکا تێوەگلێنن لە شەڕەکەدا. ئەمڕۆش جارێکیتر ترەمپ جەختی لەوە کردەوە و ڕایگەیاند، “هێزە کوردییەکان چەکدارانی داعشیان ئازادکرد بۆئەوەی ئیحراجمان بکەن.”

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، “بڕیاری ئەردۆغان لەبارەی هێرشی سەر سووریا سوپرایز نەبوو.” وتیشی، “گڵۆپی سەوزمان بۆ تورکیا هەڵنەکردووە بۆ داگیرکردنی سووریا.”

ترەمپ وتیشی، “کێشەکە لەنێوان سووریا و تورکیایە و پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە. لەسەر سنووری سوریا تورکیا ٢٨ سەربازی ئەمریکی هەن و دوورن لە کوشتار.” ئاماژەی بەوەش کرد، “لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزین.” وتیشی، “پلانەکەمان چوونە دەرەوەیە لە جەنگ و ئەگەر وا نەکەین ئەوە دەوری پاسەوان دەبینین لە جیهاندا.”

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، “کوردەکان مەلائیکە نین و پاڵپشتیی زۆرمان کردوون کاتێک شەڕی دژی داعشیان لەگەڵ دەکردین. کوردەکان کە هاوشانی ئێمە شەڕیان دەکرد زۆر باش بوون، بەڵام کە لەگەڵ ئێمە نەبوون باش نەبوون.” وتیشی، “کوردەکان ئێستا زۆر پارێزراوترن.”

باسی لەوەش کرد، “ئەگەر ڕووسیا بیەوێت لەگەڵ سووریا بێت، ئەوە کێشەی خۆیەتی.” ئەوەیشی خستەڕوو، “هەمووان ڕقیان لە داعشە، سووریا و ڕووسیا زیاتر لە ئێمە.”

سەرۆکی ئەمریکا ڕایشیگەیاند، “پێنج تڕلیۆن و نیو دۆلارمان لە شەڕ لەگەڵ عێراق و لەناو عێراق خەرجکردووە،” باسی لەوەش کرد، “لە ١٦ی ئۆکتۆبەر نەمهێشت پارە بۆ شەڕکردن لە دژی کورد خەرجبکرێت.”

سەرۆکی ئەمریکا باسی لەوەش کرد، مایک پێنسی جێگرم لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی باکوری سوریا. وتیشی، ئەگەر کۆبوونەوەکەی نێوان جێگرەکەم و ئەردۆغان سەرکەوتوو نەبێت، سزا بەسەر تورکیا دەسەپێنم.

لە ئێستاشدا گفتوگۆ و جۆرێک لە ڕێککەوتن لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ڕژێمی سووریادا بە نێوەندگیریی ڕووسیا هەیە. بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی “دامەزراوەی سوریا بۆ کەرامەتی هاووڵاتییان” ناسراو بە (ئێس ئەی سی دی)، “زیاتر لە ٦٠%ی ئەو هاووڵاتییە سوریانەی کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەسەد، بە شێوەیەکی چالاکانە دەیانەوێت دووبارە هەڵبێنەوە، ئەوەش بەهۆی ئەو پێشێلکارییە سیستماتیکییە بەربڵاوەی کە لەدوای گەڕانەوەیان بۆ شوێنەکانیان ڕووبەڕوویان بووەتەوە.” بەو شێوەیەش پێناچێت ئەو ڕێککەوتنە لە بەرژەوەندیی کوردانی ڕۆژئاوای کوردستان بێت و تەنیا لە بەرژەوەندیی هەسەدە و هێزەکانی سەربە هەسەدە و پەکەکە دەبێت.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close