بیروڕا

“سەلمان روشدی ڕۆمانەکەی نوسی و خومەینی بۆی فرۆشت”

کاتێک سەلمان روشدی ڕۆمانی (ئایات شەیتانییە) ی نوسی و ئیمام خومەینی بە فەتوایەک خوێنی حەڵاڵکرد ئەم فەتوایە وایکرد سەلمان ڕوشدی ببێتە یەکێک لە ناودارترین ڕۆماننوسەکانی دنیاو کتێبەکەشی ببێتە پڕ فرۆشترین.

بیرم دێ لەو کاتەدا باوکم دەیوت، “سلمان روشدی کتێبەکەی نوسی و ئیمام خومەینی بۆی فرۆشت.” ئەم گوزارشتە جوانترین گوزارشتە بۆ زۆرێک لە حاڵەتە ھاوشێوەکان.

ئاخر کتێبەکەی مریوان ھەڵەبجەییش کەکاتی خۆی نوسیی ، لەڕوی ئەدەبی و فیکریی و زانستییەوە بەھایەکی ئەو تۆی نەبوو ، بەڵام لەپاش ئەو ھێرشانەی لەبەشێک لەمینبەرەکانەوە کرایە سەری ، بوو بە پڕفرۆشترین و نرخەکەشی زۆر بەرز بوویەوە و خەڵک کتێبخانە کتێبخانە بە دوایدا دەگەڕان.

حاڵەتی دیکەش لە جیھانی عەرەبی و ئیسلامیدا زۆرن زۆرێک لەو نوسەرانەی ھیچ ناوو ناوبانگێکیان نەبوو نوسینەکانیشیان بەھایەکی زانستی ئەو تۆی نەبوو بە ھێرشکردنە سەر دین بەناوبانگ دەبوون و کتێبەکەشیان دەبویە پڕفرۆشترین چونکە کاردانەوەی بەشێک لە مامۆستایانی ئاینیی ئەم کارەی بۆ ئاسان دەکردن.

بیرم دێ کاندیدێک لە یەکێک لە ھەڵبژاردنەکاندا کە کێشەی باوبانگی ھەبوو پۆستێکی لەفەیس بوک کردو نوسی باوەڕم بە بوونی خوا نییە ئەو ژیر بوو ویستی بەمە کاردانەوە دروستکات بەڵام لەبەختی ڕەشی ئەو ئەم جارەیان نەتیجەکە بەو شێوەیە دەرنەچوو.

حاڵی حازر ھەندێک خەڵکی تری نوسەر و ئەکادیمیش سەرقاڵی ئەم کاسبیەن و دەیانەوێ بەنوسینی ئیستیفزازیی لەبارەی دین و ئیسلامییەکانەوە فیزاو مافی پەنابەریی مسۆگەر کەن «ئەمە ڕاستییەو ھەیە.

بەھەر حاڵ ئێستاش ملا ھەڵۆ ، زیاتر لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی خزمەتی بە ژنە گۆرانی بێژ ماریا کردووە دڵنیام لەپاش قسەکانی ئەو تەماشاکەرانی کلیپەکە بە سەدان ھەزار زیادیان کردوە.

خۆی لە ڕاستیا ئەو جۆرە خیتابە ئاست نزمەی وەک ئەوانەی ملا ھەڵۆو ئەو جۆرە ھونەرە ئاست نزمەی وەک ئەوانەی مارییا تەواوکەری یەکترن. یەک لەیەک شەرعییەتی بوون و موغەززی ژیان و ئۆکسجینی ھەناسەدان وەردەگرن.

لێرەدا مەبەستم ئەوە نییە قانونی کارو کاردانەوە بوە ستێنم بەڵام ئەمە ڕاستییەکەیە ئەم جۆرە عەقڵییەتە لە بنەڕەتدا خزمەت بە بونی یەکتر دەکەن ھەردولا سەر بە یەک ئاستی فەرھەنگیین.

نووسینی: عەبدوڵا ڕێشاوی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

دیسان بیپشكنه‌

Close
Close