جیهانی ئیسلامی

بەحرەین ئەندامە باڵاکانی قاعیدەی بەکرێگرتووە بۆ کوشتنی نەیاران

بەگوێرەی دۆکیۆمێنتارییەکی کەناڵی جەزیرە، بەحرەین ئەندامانی باڵای قاعیدەی بەکرێگرتووە بەمەبەستی کوشتنی سەرکردە و چالاکە ئۆپۆزسیۆنەکان لە پیلانێکی نهێنیدا.

لەو دۆکیۆمێنتارییەدا کە ٥٢ خولەک بوو، بە ناوی “یاریکردن لەگەڵ ئاگر” چەندین ڕیکۆردی دەنگی و گفتوگۆی نێوان دەزگای هەواڵگریی بەحرەین و ئەندامانی قاعیدە خراوەتەڕوو بەمەبەستی پێکهێنانی خانەیەکی نهێنی بە ئاگاداریی حەمەد بن عیسا ئەلخەلیفە پادشای بەحرەین.

لە دۆکیۆمێنتارییەکدا باس لەوە کراوە، شا حەمەد بە شێوەیەکی شەخسی دەستێوەردانی کردووە و بەشداریی داڕشتنی پیلانەکەی کردووە و یەکێک لە فەرماندەکانی قاعیدەی بەناوی محەمەد ساڵح بەکرێگرتووە و لە زیندانەکانی سعودییەوە ئازادیکردووە بۆ ئەو مەبەستە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێران یەکێکە لە ئامانجەکان و ئەفسەرانی هەواڵگریی بەحرەین لەگەڵ قاعیدە لە بەلوچستان لە باشووری خۆرهەڵاتی ئێران کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ئۆپراسیۆنیان لەناو ئێراندا کردووە.

محەمەد ساڵح سەرۆکی قاعیدە لە بەحرەین پەیوەندیی لەگەڵ سەرکردەکانی ڕێکخراوەکەی لە سعودییە گرتووە و داوایکردووە کە چەکی بۆ دابینکەن بۆئەوەی پلانەکەی جێبەجێ بکات.

بەحرەین یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پشتگیریی هاوپەیمانێتییەکەی کەنداو دەکات لە بایکۆتکردنی قەتەردا و ئەو زانیارییانەی نێو دۆکیۆمێنتارییەکەی جەزیرەی ڕەتکردووەتەوە و وتووشیەتی، قەتەر پاڵپشتیی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close