دونیا

نەرویج.. گروپێکی ئیسلامۆفۆبیا بێڕێزییان بە قورئان و موسڵمانان کرد

میدیاکان بڵاویانکردووەتەوە، گروپێکی ئیسلامۆفۆبیا بێڕێزییان بە قورئان و موسڵمانان کردووە و سەرکردەی گروپەکەش، لە مەراسیمێکدا لە نزیک ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج قورئانی فڕێداوە و بێڕێزیی بە قورئان کردووە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان ڕووداوەکە لە شاری درێمین ڕوویداوە و، تیایدا لەلایەن ئانا براتن سەرۆکی گروپی “بەئیسلامیکردنی نەرویج ڕاگرن”ەوە بێڕێزیی بەرامبەر قورئانی پیرۆز کراوە.

سەرکردەی ئەو گروپە دژبە ئیسلام و دژ بە موسڵمانانە وتوویەتی، “ئیسلام هیچ جێگایەکی لە نەرویجدا نابێتەوە و تەواوی قورئانەکانی نەرویجیش دەبێت لەناوببرێن.”

سەرکردەی گروپی “بەئیسلامیکردنی نەرویج ڕاگرن” لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەردەکەوێت کە قورئانێکی بەدەستەوەیە و، لەکاتێکدا پۆلیسێک هەوڵدەدات قورئانەکەی لێ وەرگرێت، فڕێیدەدات. ئەوەش ناڕەزایی موسڵمانانی لێدەکەوێتەوە و هەندێک لە موسڵمانانی نزیک لە شوێنەکە توڕەدەبن بەرامبەر ئەو کارەی کە براتن بەرامبەر قورئانەکەیان دەیکات.

ناوی گروپە دژە ئیسلامەکە دەرخەری ئەوەیە کە دینی ئیسلام لە وڵاتی نەرویجدا لە گەشەکردنی بەردەوامدایە، هەربۆیە بەو شێوەیە دژایەتیی دەکرێت. لەکاتێکدا ئەوروپییەکان، لەناویاندا نەرویج، لافی ئەوە لێدەدەن کە ڕێز لە هەموو بیروباوەڕەکان دەگرن، بەڵام دینی ئیسلام زۆرترین بێڕێزیی بەرامبەر دەکرێت و زۆرترین سووکایەتی بە موسڵمانان دەکرێت، کەچی هیچ هەڵوێستێکی کردەیی ئەوتۆ بەرامبەر بکەرانی ئەو کارانە بەدیناکرێت، ئەمەش نیشانەیەکی گەورەی پرسیار دروستدەکات.

هاوکات، گروپێکیش بەناوی “چالاکانی نەرویج و موسڵمانان” گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان دژ بەو بێڕێزی و ڕق و کینەیەی، ئەو گروپە بەرامبەر موسڵمانان کردوویانە، ئەنجامداوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Close